شه‌ممه‌ , ته‌مموز 27 2024

هەرجارەى توێژینەوەیەک(٤)‌ ‌ ‌ ئافرەتى پۆلیس و میکانیزمى خۆگونجاندن و بە ڕەنگاربوونەوە

بەیان نوری

د طالب عبدالرضا لە زانکۆى قادسیە، کۆلێژى ئاداب، زانستە کۆمەڵایەتییەکان، توێژینەوەیەکى سەبارەت بە (ئافرەتى پۆلیس و میکانیزمى خۆگونجاندن و بەڕەنگاربوونەوە) لە ساڵى ٢٠١٥دا ئەنجامداوە.
لە سەرەتاى توێژینەوەکەدا ئاماژەیداوە بە مافى کارکردنى ئافرەت لە ئیسلامدا و پاشان چۆتە ناو مێژووى کارى پۆلیسی ئافرەتان، ٦ وڵاتى هەڵبژاردوە تیایدا ئەوانیش بەریتانیا، ئەمریکا، یابان، بەحرەین، میسر، ئوردن، پاشان هاتۆتە سەر عێراق کە مەیدانى توێژینەوەکەى پارێزگاى دیوانیەیە.
لە مێژووى بەریتانیادا باس لە مسس میک دۆگڵاس دەکات کە یەکەمین ئافرەت بووە لە ١٩٠٧دا لە بەریتانیادا چۆتە ناو کارى پۆلیسییەوە و وەک یاریدەدەرى ئەفسەر کارى لەگەڵ ئافرەت و نەوجەوانان بووە. دواى جەنگى جیهانى یەکەم یەکەمین یەکەى پۆلیسى ئافرەتانى بەریتانیا دروستبووە.
لە مێژووى ئەو کارە لە ئەمریکادا ئاماژەیداوە بە کارى ئافرەتە پۆلیسەکان تا سەرەتاى ساڵى حەفتاکان، کە خۆى بینیوەتەوە لە کارى ئافرەتان و نەوجەوانان و ئەو لاوانەى توشى ماددە بێهۆشکەرەکان و لادانى سێکسى دەبن، توێژەر دەڵێت تا ئەو کاتە ئافرەتى پۆلیس وەک دایک، پاسەوان، پارێزەرى منداڵ و نەوجەوانان لە لادان و پارێزەرى خوڕەوشتە کۆمەڵایەتیەکان سەیر دەکرا و زۆر ڕێزیان لێدەگیرا لە ئەمریکادا، پاشان دواى ئەو بەروارە داواى یەکسانییان کرد لەگەڵ پیاواندا و چوونە بوارەکانى ترى کارەوە.
لە مێژووى یاباندا کە لە ١٩٤٦ ەوە ئافرەت چۆتە ناو کارى پۆلیسییەوە، تا ١٩٦٩، ٨٥٠ پۆلیسى ئافرەت هەبووە، کاریان بۆ شتە ونبوەکان کردوە و ١٩٥٠ دا کاریان لە ناو هۆکارەکانى گواستنەوەى تایبەت بە ئافرەتان و منداڵان بووە، بۆ چاودێرى دزیکردن، پاشان چوونە ناو فڕۆکەخانە بۆ پشکنینى ئافرەتان.
لە مێژووى بەحرەیندا کە لە ١٩٥٦ ەوە کارى ئافرەت وەک پۆلیس بە ژنە بەریتانییەکان دەستى پێکردوەو پاشان لە ١٩٧٠ ەوە ئافرەتى بەحرەینى چۆتە ئەو بوارەوەو لە بوارى ئافرەتان و نەوجەوانان کاریان کردوە.
لە ئەردەن ئاماژەدراوە بە یەکەمین قوتابخانەى پۆلیسى ئافرەتان کە لە ١٩٧٢ دا دامەزراوەو لەو کاتەوە کە ڕأهێنانیان پێکراوەو دواییتر پەیمانگاى تایبەتیان بۆ کراوەتەوە، ئافرەتى ئوردنى هاتۆتە ناو ئەو بوارەوە.
لە میسر لە ١٩٢٠ ەوە دەسبەکاربوون لە ناو زیندانەکانى تایبەت بە ئافرەت و بۆ پشکنین، لە ساڵى ١٩٥٥ دا داواى یەکسانییان کرد لەگەڵ پیاواندا، بەڵام داواکەیان ڕەتکرایەوە.
لە عێراقیش کە شوێنى توێژینەوەکەیە، لە ١٩٨٧ هەوڵێکدراوە بەڵام شکستى هێناوە، دواتر لە ٢٠٠٤ دا هێزەکانى ئەمریکا ڕاهێنانیان بە ٢٧٠ ئافرەت کردو ئەو ئافرەتانە چوونە ناو کارى پۆلیسییەوە.
لە بوارە مەیدانییەکەدا چەندین پرسیارى ئاڕاستەى ئافرەتە پۆلیسەکان کردوە کە بە کورتى ئەوە دەرەنجامەکەیەتى:-
دەرەنجام:-
ئەو ئەزموونە لە عێراقدا تازەیە و بۆیە خاڵى ئەرێنى و نەرێنى هەیە، گرفتەکانیشى هەندێکى خۆییەو هەندێکى خێزانى و کۆمەڵگەییە.
بۆ حەزى ئافرەتان بۆ کارەکە نمونەى بە دیوانیە هێناوەتەوە کە دواى ١٢ ساڵ ژمارەیان گەیشتوە بە ٢٢٣ ئافرەت، هێشتا ٣ ئافرەتیان بووە بە ئەفسەر، زۆرینەشیان تەمەنییان لە نێوان ٣٣ بۆ٣٧ ساڵدایە، ٥١.١% یان هاوسەردارن.
لە ١١,١%یان دەرچووى زانکۆن و هەمووشیان دەرچووى زانستە کۆمەڵایەتییەکان و دەروونناسین.٤٠%یان دەرچووى ئامادەیین و ٢٦.٧%یان دەرچووى ناوەندیین.
٨٠%یان دەڵێن کارى ترمان دەسنەکەوتوە بۆیە بوین بە پۆلیس، کە ئەو کارەشیان دەستپێکردوە ٧٢.٨%یان توشى ڕەخنەى کۆمەڵگە بونەتەوە، ٥٣.٣% ڕەخنەى خێزانى، ٦٢.٢% هاوڕێکانییان ڕەخنەیان لێگرتوون بۆ هەڵبژاردنى ئەو کارە.
گرفتەکانى بەردەمیان لە کاتى کارکردندا، ٧٥.٦%یان کێشەى دیدگاى کۆمەڵگەیان هەیە بۆ کارەکەیان، ٤٨.٩%کێشەى مامەڵەى بەرپرسەکانیان هەیە لەگەڵیان، ٦٢.٢%یان کێشەى ئەو کەسانەیان ههیە کە مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن.
لە پرسیارى ئەگەر هەڵبژاردەت بدەنێ بۆ وازهێنان لە کارەکەت لە پێناو هاوسەرگیریی ٨٥.٦%یان دەڵێن لە کارەکەماندا دەمێنینەوە، ڕێژەى ٨٠%یان دڵیان خۆشە بەو ئەزموونە تازەیەى کەکردویانە، ٨٨.٩%یان لەو باوەڕەدان تواناى خۆیان سەلماندوە لە کاردا، ٧٧.٨%یان وا هەست دەکەن توانیویانە بەرەنگارى ئاڵانگارییەکان ببنەوە، ٥٣.٣%یان گەشبینن بۆ گۆڕینى دیدگاى کۆمەڵگە، ئەوانى تریان ڕەشبینن.
کورتەى ڕاسپاردەکان:-
-کردنەوەى کۆلێژى پۆلیسى تایبەت بە ئافرەتان، ماوەى ڕاهێنان تیایدا لە ساڵ کەمتر نەبێت و کە دەرچوون پلەى ئەفسەرییان پێ ببەخشرێت.
-ئافرەتان پابەند بکرێن بە پۆشینى جلى پۆلیسى و ڕاهێنانى بەیانیان.
-هۆشیارکردنەوەى کۆمەڵگە بۆ کارى پۆلیسى ئافرەتان و گرنگى لە کۆمەڵگەدا لە ڕێگەى ڕاگەیاندنەوە بۆ کەمکردنەوەى ئەو کێشانەى دیتە ڕێگایان.

Check Also

زیرەکی دەستکرد و داهاتوو (زمان)

محمد ئاواتبەشی چوارەمتوانراوە زیرەکی دەستکرد نزیک بکرێتەوە لە زیرەکی مرۆڤ.بەڵێ لە خودی دەمارە خانەوە نزیک …