شه‌ممه‌ , ته‌مموز 27 2024

هەرجارەى توێژینەوەیەک (3) منداڵانى شەقام و چارەسەر

بەیان نوری

د سەماح محمود فەرەح مامۆستاى فیقە لە زانکۆى زەیتونە لە تونس، توێژینەوەیەکى لە ساڵى ٢٠٢٢دا ئەنجامداوە بۆ منداڵانى شەقام و سواڵکەرو ئیشکەر، ئەم توێژینەوەیە جگە لە ئاماژەدان بە هۆکارەکانى دەرکەوتنى ئەو دیاردەیە لە بوارەکانی کۆمەڵایەتى و ئابورى و سیاسی، چۆتە ناوباسى مافى منداڵ لە ڕووى شەرعیی و نێودەوڵەتى و لە کۆتاییدا گەیشتۆتە کۆمەڵێک دەرەنجام کە بریتین لە:-
١-دیاردەى منداڵانى شەقام دیاردەیەکى ترسناک و ئاڵۆزە، دیاردەیەکى نەرێنى و دواکەوتوانەیە.
منداڵانى شەقام دوو جۆرن، ئەوانەى هیچ لانەیەکیان نیە و شەویش لە شەقام دەمێننەوەو ئەوانەى دێنە سەرشەقام بۆ سواڵ یان فرۆشتنى شتى سادە یان پاکردنەوەى جامى سەیارە، هەندێکیشیان کارى زۆر قورسییان پێدەکرێت کە لە تواناى منداڵاندا نیە، بەڵام لانەیان هەیە و شەو دەگەڕێنەوە لانەکانى خۆیان.
٢-لە هۆکارە کۆمەڵایەتیەکاندا ئاماژەى بە هەژارى و هەڵوەشاوەیی خێزان و خۆدزینەوە لە قوتابخانە و بێبەشبوون لە خوێندن و، نەبوونى بەخێوکەر یان لە دەستدانى و توندوتیژى دژى منداڵ و بوونى منداڵى ناشەرعى و هەندێک هۆکارى ترداوە.
٣-لە هۆکارى ئابوورییەکاندا ئاماژەى بە سیاسەتى دارایی و ئابورى شکستخواردوو و قەیرانە داراییەکان داوە.
٤-لە هۆکارە سیاسییەکاندا ئاماژەى بە کەمتەرخەمى حکومەت و نەبوونى یاساى پەیوەست بەو بابەتەو بێکارى و هەندێک هۆکارى تر داوە.
٥-لە مافە شەرعییەکانى منداڵدا باسى مافى بەخێوکردن و سەرپەرشتى و پاراستن لە پێملکردن و، هەموو شتێکى مەترسیدارو ڕێزلێگرتن و ژیانى شایستە وچاودێرى تەندروستى و خویندن و پاراستنى موڵک و ماڵ.
٦-ئەرکى دەوڵەت بۆ دانانى یاساى هاوسەرگیریی و قەدەغەکردنى زینا، ویلایەت و نەفەقە کێشانیان لە کاتى نەبوونى بەخێوکەر یان هەژارییاندا، هاندانى پێدانى زەکات بە هەژارەکان.
لە کاریگەرییەکانى ئەو دیاردەیەدا نوسیویەتى:-
١-بەکارهێنانى ئەو منداڵانە بۆ شتى نەشیاو,تووشبوونیان بە ڕووداوەکانى هاتوچۆ و توشبونییان بە توندوتیژى ماددى و مەعنەوى و تاوان و لادان.
٢-لە کاریگەرییە کۆمەڵایەتییەکان، دەربەدەربوون و ناچارى کارى قورس و زیان بە کۆمەڵگە.
٣-لە ڕووى تەندروستییەوە کاریگەرى زیاترى هەیە بۆ تووشبوون بە نەخۆشى و گوێزانەوەى بۆ خەڵکانى تریش.
٤-کاریگەرى دەروونى، زیاتر تووشى نەخۆشیی دەروونیەکان دەبن و ئازارى بێسۆزى و توندوتیژى دەچێژن جگە لەشکاندنى ڕێزو کەرامەتییان.
٥-کاریگەرى بۆ کۆمەڵگە، ناشیرینکردنى وێناى ئەو کۆمەڵگەیەى منداڵى سەرشەقامى زۆر بێت، تێکچوونى ئاسایش و نائارامى ئەو کۆمەڵگایانە.
پڕۆژە بڕیار و ڕاسپاردە:-
١-لەسەر ئاستى خێزان:-
نرخاندنى ڕۆڵى خێزان و هاندانى کەسوکار بۆ باش سەرپەرشتى منداڵ و چاودێریکردنیان بەدواداچوون بۆ خوێندنیان و، هاوکارییان لە هەڵبژاردنى هاوڕێیانیاندا، کارکردن بۆ دابینکردنى پێداویستیەکانیان، جوان مامەڵە کردن و بە گفتوگۆ چارەسەرکردنى کێشەکانیان و گرنگى بە ڕێکخستنى کات و خولیاکانیان و، هاندانییان بۆ هەندێک چالاکى و پەروەردەکردنییان بە پەروەردەیەکى ئیسلامییانەى دروست.
٢-لەسەر ئاستى دەوڵەت و حکومەت:-
هەڵگرتنى بەرپرسیارێتى گەورە بۆ ئەو دیاردەیە لە ئەستۆى حکومەتتدایە، هەماهەنگى هەبێت لە نێوان دامودەزگاو وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بۆ:-
-دانانى ڕێوشوێن و یاسا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى ئەو دیاردەیە
-گەشەدان بە سیستمى خوێندن و باشکردن و ئاسانکردنى پێداویستییەکان، ڕێگە نەدان بە منداڵ کە نەخوێنێت.
-دروستکردنى قوتابخانەى تایبەت بە منداڵانى شەقام.
-گرنگى دان بە لانەى منداڵان و کۆکردنەوەیان تیایدا.
-کەفالەتکردنى بێباوکان و ئەوانەى سەرپەرشتیارییان نیە.
-گەشەدان بە بەرنامەى نەهێشتنى هەژارى و هاوکارى خێزانە هەژارەکان.
-کاراکردنى ڕۆڵى کۆمەڵگەى مەدەنى و هاوکارى ڕێکخراوە خێرخوازییەکان.
-چاودێرى ووردى خانەى سەرپەرشتیارى بێباوکان.
ـ بوونى گرووپى گەڕۆکى تەندروستى کە هەفتانە گرنگى بدات بە تەندروستى منداڵى شەقام.
-کەمکردنەوەى بێکارى
-بوونى دامودەزگاى چاکسازى بۆ ڕاهێنانى منداڵان و گرنگى دان بە بوارى دەروونى و کۆمەڵایەتییان.
-هاندانى توێژینەوە ى ئەکادیمى و مەیدانى تایبەت بەو دیاردەیە.
-بوونى ئامارى ورد بۆ ژمارەى منداڵانى شەقام و سواڵکەرەکان و ئەو منداڵانەى کارى قورس دەکەن و، نەشاردنەوەى زانییارییەکانیان.
٣-لەسەر ئاستى کۆمەڵگە:-
-کاراکردنى ڕۆڵى قوتابخانەو مزگەوت و قوتابخانە قورئانییەکان و ڕۆڵى گەنجان بۆ ڕووبوونەوەى ئەو دیاردەیە.
-هاوبەشى کردنى سەرجەم تاکەکانى کۆمەڵگە لە ڕووبەڕووبوونەوەى ئەو دیاردەیە، بە تایبەت زانایان و مامۆستایانى ئاینى.
-هۆشیاریدان بە بانگخوازان و وتاربێژان بۆ هۆشیارکردنەوەى خەڵک,باس لە ئەرکییان بۆ بەخێوکردنى منداڵەکانیان و پشتگوێنەخستنییان,باسى پاداشتى باش بەخێوکردن و پەروەردەى منداڵ و سزاى پێچەوانەکەى.
-هاندان بۆ چوونە ناو ئەو دامودەزگا خێرخوازییانەى گرنگى دەدەن بە منداڵ بە گشتى و منداڵى شەقام بە تایبەتى.
هاندانى خەڵک بۆ کەفالەتى منداڵى بێباوک و بێ پشتوپەنا، بیرخستنەوەیان بە پاداشتى گەورە لاى خوا.
هاندان بۆ وەقف بۆ دامودەزگاکانى تایبەت بەو بوارە
-هاندانى خەڵک بۆ جوان مامەڵەکردن لەگەڵ منداڵى شەقام، دوورکەوتنەوە لە ئازاردان و عەیبدارکردنییان.
-هاندان بۆ جێبەجێکردنى ئەو مافانەى کە شەریعەتى ئیسلام دایناوە بۆ منداڵ.
-بەشدارى ڕۆشنبیران لە نەهێشتنى ئەو دیاردەیە بە هۆشیارکردنەوەى خێزانەکان و منداڵەکانیان، بڵاوکردنەوەى ڕۆشنبیرى مافى منداڵ.
-دروستکردنى ڕاى گشتى بۆ نەهێشتنى ئەو دیاردەیە.
٤-لەسەر ئاستى ڕێکخراوەکان:-
-هاندانى تاکەکانى کۆمەڵگە بۆ چوونە ناو ڕێکخراوەکان و هاوکارى دامودەزگاکانى کە چاودێرى منداڵانى بێ باوک و منداڵى شەقام و سواڵکەردەکەن.
-گرنگى دان بەو ڕێکخراوانەى کە کاریان ڕۆشنبیرکردنى کۆمەڵگەیە بە مافەکانى منداڵان.
-چاودێرى خێزانە هەژارەکان و ڕەخساندنى کار بۆ سەرۆکى خێزان.
ڕێکخستنى خولى ڕاهێنان بۆ هۆشیارکردنى خێزانەکان بە هۆکارەکانى پەروەردەى دروست.
-دانانى بەرنامەى تایبەت بە منداڵان بۆ ڕزگارکردنییان لە خووە خراپەکان و ڕاهێنانیان بۆ زاڵبوون بەسەر خۆیاندا و دوورکەوتنەوە لە توندوتیژى و هێرشکردنە سەر منداڵانى تر.
-هاوکارى خێزانە هەژارەکان
-کەفالەتى بێباوکان.
بەخشین بۆ ڕێکخراوە خێرخوازییەکان.
-ڕێزگرتن لە منداڵانى شەقام.
-ئامۆژگارى و ڕێنومایی منداڵان.

Check Also

زیرەکی دەستکرد و داهاتوو (زمان)

محمد ئاواتبەشی چوارەمتوانراوە زیرەکی دەستکرد نزیک بکرێتەوە لە زیرەکی مرۆڤ.بەڵێ لە خودی دەمارە خانەوە نزیک …