شه‌ممه‌ , ته‌مموز 27 2024

لاولاو حسێن: یەکگرتووی خوشکان قوتابخانەیەکە بۆ پێگەیاندنی هەمووان

یەکێکیتر لە خوشکە ماندوونەناسەکانی کاروانی یەکگرتوی خوشکانی ئیسلامی کوردستان خاتوو ( لاولاو حسێن حەمە سەعید)ە، کە لەئێستادا کارگێڕی بەشی ڕۆشنبیری و بڵاوکراوەکانی ئەنجومەنی پەروەردەیی و ڕێکخستنە، لەساڵیادی دامەزراندنی خوشکاندا وەک سایتی (ئایندەسازی) بەسەرمانکردەوە.
ئایندەسازی: لە ساڵی چەندەوە ئەندامی لەم ڕێکخراوەدا ؟
-سەرەتا لە بیرەوەری ساڵڕۆژی ڕاگەیاندنی یەکگرتووی خوشکانی ئیسلامی کوردستاندا جوانترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی دەستەی دامەزرێنەر و سەرجەم ستافی سکرتاریەت و لە ناوچەکان و، هەموو ئەو خوشکە دڵسۆز لێبڕاوانە کە بە درێژایی تەمەنی ئەم ڕێکخراوە لە هەوڵ و کۆششدا بوون بەبێ گوێدانە ماندوو بوون. لەگەڵ بوونی چەندین لەمپەرە زۆر کۆسپ و کێشەی ئابووری و کۆمەڵایەتی و هیتر توانیویانە سەختترین ڕێگە ببڕن و کۆڵیان نەداوە، سوور بوون لەسەر بەرەو پێشچوونی ڕێکخراوەکە .

ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری ڕێکخراوی یەکگرتووی خوشکان بووم لە کاتی ڕاگەیاندندا، لە لقەکانی سلێمانی و هەولێر و گەرمیان و هەڵەبجەی شەهید ئەندام لق بووم و، پاشانیش لە سەرجەم خولەکاندا ئەندامی کۆنگرە بووم. بە درێژایی ئەو سی ساڵە دوو خول زیاتر ئەندامی سکرتاریەت بووم. لە ماوەی ئەو دوو خولەشدا ئەندامی ئەنجومەنی باڵا بووم. ماوەیەکیش سەرنووسەری( گۆڤاری ئایندەسازی) بووم، لە تەواوی ئەو دوو خولەدا هەوڵمداوە بەپێی توانا کە کار و چالاکیی گشتی لە بواری ئافرەتاندا ئەنجام بدەم بە تایبەتی لە بواری ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن و تەندروستیدا.
‎ئایندەسازی: یەکگرتووی خوشکان چی بە تۆ بەخشی؟

_یەکگرتووی خوشکان قوتابخانەیەکە بۆ پێگەیاندن، زۆر شتی بە هەموومان بەخشیووە بە تایبەتی بەخوشکان، لە ڕووی فیکری و ڕۆشنبیری و کاری ڕێکخراوەییەوە، ئاشنابوون بە سەرجەم مافە یاسایی و شەرعییەکان، ئێمە لە ناو ڕێکخراوەکەدا گەورە بووین و خۆمان ناسی و باڵامان کرد و گەشەمان کرد خۆمان بە قەرزداری دەزانین.
ئایندەسازی: دەبوو چ کارێکت بکردایە لەم ڕێکخراوە، بەڵام دەرفەت نەبوو ئەنجامیان بدەیت؟
-سوپاس بۆ خوا ئەو ماوەیەی ئەندامی لق بووم، پاشان ئەو دوو خولەی لە سکرتاریەت بە پێی ئەو بارودۆخەی کارمان کردووە و، ئەو ئامانج و دروشم و ستراتیژانەی کە کۆنگرە دیاری کردووە توانیومانە کاری زۆر باش بۆ بەدیهێنانی ئامانج ئەنجام بدەین، بەڵام بە هۆکاری جیاواز لە ڕاستیدا نەتوانراوە لە ئاستی تموحی خۆم و چاوەڕوان و متمانەی جەماوەر دا بێت، ئەگەر دەرفەتی زیاتر ببووایە ڕەنگێک کاری زۆر باشترم ئەنجام بدایە، بەنموونە کارکردن لەسەر کۆی ئافرەتان لە کۆمەڵگە بەگشتی لەسەر خێزان بە تایبەتی و دروستکردنی فشاری زیاتر لەسەر دەسەڵات بۆ خزمەتکردنی توێژی ئافرەتان و، پێشکەشکردنی پرۆژەی زۆر باش بە پەرلەمان لەسەر داواکارییەکان و پێداویستیەکانی ئافرەتان بە گشتی ڕووبەڕووی بوونەتەوە ئەو لێشاوە خراپە هەیە کە ڕووی کردۆتە کۆمەڵگەی کوردی و، بۆتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی خێزان و بە لاڕێدابردنی گەنجان بە گشتی و کچان بە تایبەتی.
ئایندەسازی: لە ئێستادا چ بەرهەمێکی ئەم ڕێکخراوە لە کۆمەڵگەی کوردی دەبینیت؟
-ڕێکخراوی یەکگرتووی خوشکان هەموو کارەکانی بەهێز و جوانە، چونکە لە سۆنگەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی دونیا و قیامەت هەوڵی داوە بۆ پەروەردەکردنی کچ و خوشک و خێزان لە پێناوی پاراستن و بونیادنانی کامەرانی خێزان هەمیشە کاری کردووە. هەموو ستافەکانی خوشکان بە تایبەت ئەم ستافە نوێیەی ئێستا دەستە خوشکێکی دێرین و خاوەن ئەزموون کاری تێدا دەکات دڵخۆشم و ئەبینم لە هەوڵی تۆکمەکردن و پاراستنی خێزاندان سەبارەت بەو تەحەددییانەی کە ڕووی لە خێزانی موسڵمان کردووە، خاڵێکی تر لە هەوڵی ڕۆشنبیرکردنی زیاتری ئافرەتان و کچان دان، ئەو کۆڕ و کۆنفراسانەی کە دەکرێت کارێکی زۆر باشە ئومێدەوارم بەردەوام بن و کۆڵنەدەر و سەرکەوتوو بن، کارێکی تری جوانیان ئەویش ئەوەیە بەردەوام لە هەوڵی ئاشناکردنی خوشکانن لەسەر بابەتە شەرعی و دەستوورییەکانیان، لە هەوڵی ڕۆشنبیرکردنیانن، سەرجەم ئەم کارە جوانانە لە بەرهەمەکانی ئەم ڕێکخراوەیە بۆ خزمەت بە کۆمەڵگە.
ئایندەسازی: جوانترین یادگاری خۆشت کە لە یادت نەچێتەوە ؟
-خۆشترین یادگاریەکان کە هەرگیز لە بیر ناچێتەوە ڕۆژی ڕاگەیاندنی ڕێکخراوەکە بوو، لەو ڕۆژە لە کاتی شەڕی ناوخۆ پڕ لە دڵتەنگی و نائارامیدا پۆلێک خوشک بە ورەیەکی پۆڵایینەوە، هەستاین بە گێڕانەوەی ئومێد و ڕاگەیاندنی ڕێکخراوی یەکگرتووی خوشکانی ئیسلامی کوردستان، کە هەر لە یەکەم ڕۆژی ئەم ڕێکخراوە ویستویەتی ژانی لە دایکبوونێکی گەورە و بەهێز بێت هەر بۆیە ئەو ڕۆژە خۆشە هەرگیز لە یادەواریما ناسڕێتەوە.
ئایندەسازی: سەرسامی بە کامە خوشک لە ناو ئەم ڕێکخراوە؟
-بە نیسبەت خۆمەوە بە ڕاستی سەرجەم ئەو خوشکانە کاریان لەم ڕێکخراوە داکرد بۆ جێگەی تەقدیر و شانازین، چ ئەو خوشکانەی کە کۆچیان کرد چ ئەو خوشکانەی لە ژیاندا ماون، چونکە بە ڕاستی یەکە بەیەکەیان زیاد لە توانای خۆیان و بە گیرفان بەتاڵی و بە نەبوونی پێداویستی بەردەست بۆ کارکردن، لە هەموو ڕوویەکەوە توانیویانە کاری زۆر جوان و باش و نەوعی ئەنجام بدەن، دەستی ماندووبوونی یەک بە یەکیان دەگوشم و چاویان ماچ دەکەم، ناتوانم هەوڵ و تێکۆشانی کەسیان نادیدە بگرم و سەرسامم بە هەموویان و خۆشم دەوێن.

Check Also

زیرەکی دەستکرد و داهاتوو (زمان)

محمد ئاواتبەشی چوارەمتوانراوە زیرەکی دەستکرد نزیک بکرێتەوە لە زیرەکی مرۆڤ.بەڵێ لە خودی دەمارە خانەوە نزیک …