شه‌ممه‌ , ئه‌یلول 14 2024

خاتوو ئەسمەر حسێن: “یەکگرتوی خوشکان پارێزەری ئایین و کەلتوری ڕەسەنی کوردەوارییە”.

ئا:ئایندەسازی
لەساڵیادی دامەزراندی یەکگرتووی خوشکانی ئیسلامی کوردستاندا وەک سایتی ئایندەسازی چەند خوشکێکمان دواند کە ساڵانێکی زۆر لەم ڕێکخراوەدا کارو چالاکیان هەبووەو لێبڕاوانە تێکۆشاون بۆ پرسەگرنگەکانی ژنان و خێزان و کۆمەڵگە بەگشتی.
خاتوو ئەسمەرحسێن وەک خانمێکی چالاک لەم ڕێکخراوە بەم جۆرە وەڵامی پرسیارەکانی داینەوە…
ئایندەسازی: له‌ کەیەوە بوویتە ئه‌ندام له‌م رێكخراوه‌؟

ئەسمەر حسێن: سلاو و گوڵاو بۆ یادى پڕ شكۆو كارو چالاكى ولێبڕان وخه‌باتى یه‌كگرتوى خوشكانى ئیسلامى كوردستان، پیرۆزبایی له‌ یه‌ك به‌ یه‌كى خوشكه‌ كاراو چالاكوان و ڕێکخراو و سه‌ركرده‌ى ناو ئه‌م رێكخراوه‌ به‌ شكۆیە و، هه‌موو ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ ده‌كه‌م كه‌ دڵیان به‌م رێكخراوه‌ خۆشه‌ و هه‌میشه‌ جێی متمانه‌ى ئه‌وان بووه‌. هه‌ر له‌وساتانه‌ى كۆمه‌ڵێك خوشكى سه‌ركرده‌ له‌سه‌ر ئاستى كوردستان و، له‌ بانگه‌واز وكارى خۆ به‌خشیدا ده‌نگوباس له‌وه‌ ده‌كرا كه‌وا ئه‌م گۆڕه‌پانه‌ پێویستى به‌كارى رێكخراوه‌یی وخۆبه‌خشى هه‌یه‌ به‌ تێزو دیدى ئیسلامى، له‌و كاته‌وه‌ تا ئێستاشى له‌گه‌ڵدا بێت سه‌ربه‌رزم به‌م رێكخراوه‌ كه‌ شه‌ره‌فى بوونه‌ ئه‌ندامى دامه‌زرێنه‌رم پێ به‌خشراو ساڵانێكى پڕ خه‌یرى ته‌مه‌نمان تیادا خه‌رجكردو خۆشحاڵین به‌ به‌رهه‌م وئه‌م ئاسته‌ى رێكخراوه‌كه‌ى پێ گه‌یشتووە.

ئایندەسازی: یه‌كگرتوى خوشكان چى به‌ تۆ به‌خشیوه‌ ؟

ئەسمەر حسین: زۆر شت، چونكه‌ ئه‌و به‌ دیدى ئیسلام ده‌ژیا وده‌ژیت و به‌ ئه‌ندازه‌ى فراوانى ئه‌و فراوان بوو، هه‌موانى له‌ ژێر چه‌تره‌ به‌سۆزه‌كه‌ى خۆیدا كۆكردوه‌ ورۆژانى سه‌ختى نه‌وه‌ده‌كان وپرۆسه‌ى ئازادى عێراق و كرانه‌وه‌ به‌ ڕووى دونیادا، پێكه‌وه‌ به‌سه‌ر برد. توانیی بمانگه‌یه‌نه‌یته‌ لوتكه‌ى خزمه‌تكردن به‌ سه‌رجه‌م توێژو چینه‌كانى كۆمه‌ڵگە، به‌ تایبه‌ت ئافره‌تان و منداڵان، بوینه‌ كه‌سانى خه‌مخۆرى ره‌وشت و به‌هاونه‌ریته‌ كورده‌وارییه‌ جوانه‌كان و رووبه‌ڕووى هه‌ر هێرشێك وه‌ستاینه‌وه‌ كه‌ ده‌یویست كۆمه‌ڵگه‌ى كورده‌وارى له‌ به‌رگى خۆى ده‌ركات و، بیكاته‌ ته‌یرێكى نامه‌عقول نه‌ خۆى بێت و نه‌كه‌سانى تر، كه‌مترین زیانێك بیكات له‌ده‌ستدانى شوناسى نه‌ته‌وه‌یی ئایینیه‌كه‌ى بێت، كه‌ كێشه‌كانى هه‌ڵقوڵاوى واقعیعه‌كه‌یه‌تى و، چاره‌سه‌ریشى هه‌ر ده‌بێت خۆماڵى ولۆكاڵى بێت نه‌ ده‌ره‌كى و شوێن كه‌وته‌یی ولاسایی كردنه‌وه‌ وهاورده‌كردنى كۆمه‌ڵێك بیرى نامۆ به‌ ئاین وكه‌لتورو داب ونه‌ریتمان، كه‌ هیچ په‌یوه‌ندى نه‌ به‌ واقیع ونه‌ مێژوو نه‌ كلتوره‌مانه‌وه‌ نیه‌ . به‌سه‌ بۆ شكۆو به‌رزى یه‌كگرتووى خوشكان كه‌ پارێزه‌رى ئایین و كه‌لتورى ره‌سه‌نى كوردایه‌تیه‌، به‌ دڵنیایی به‌هاوكارى كۆمه‌ڵیكیتر له‌ خه‌ڵك ورێكخراوى ترى دڵسۆز.

ئایندەسازی: ده‌بوو چ كارێكت بكردایه‌ له‌م رێكخراوه‌دا، به‌ڵام ده‌رفه‌ت نه‌بوو ئه‌نجامیان بده‌یت؟

ئەسمەر حسین: نه‌ك ویستى من، به‌ڵكو ویستى رێكخراوه‌كه‌ش بوو كه‌ زۆر شت وشوێن هه‌یه‌ جگە لە تواناى مادى ومه‌عنه‌وى، له‌ زۆر باردا بارودۆخى سیاسى نه‌یانهێشتوه‌ ده‌ستى پێبگات و، ئه‌و به‌رنامه‌ى ئه‌م پێى باشه‌ جێبه‌جێى بكات، ئه‌ و بارو دۆخه‌ سیاسیەى كوردستان هه‌یه‌تى وایكردوه‌ له‌م ته‌مه‌نه‌ پڕ خێره‌ى یه‌كگرتوى خوشكاندا چه‌ندین گۆڕانكاریی ریشه‌یی و گه‌وره‌ى به‌سه‌ردا بێت، ئه‌مه‌ش ده‌ره‌نجام و كاریگه‌ریی ئه‌رێنى ونه‌رێنى هەبووه‌ به‌سه‌ر ڕەوتی رێكخراوه‌كه‌دا و، هه‌ندێك جار نه‌یتوانیوه‌ نه‌ك به‌ دڵى خۆى بگره‌ به‌ پێى په‌یڕه‌وو پرۆگرامه‌كه‌شى ئه‌و ئامانجانه‌ بپێكێت كه‌ له‌ كۆنگره‌كه‌یدا متمانه‌ى پێدراوه‌، منیش تاكێكم له‌و رێكخراوه‌ به‌ شكۆیه‌ زۆر شت هه‌یه‌ ده‌كرا بكرێت به‌ چه‌ندین هۆكار نه‌كراوه‌ له‌وانه‌ : قه‌ڵاچۆكردنى نه‌خوێنده‌واریی، هۆشیاری خێزانى ومامه‌ڵه‌ى دروستى هاوسه‌ران پێكه‌وه‌ و سنورداركردنى رێژه‌ى جیابونه‌وه‌ وكاریگه‌رییه‌ خراپه‌كانى، بوژاندنه‌وه‌ى كاره‌ ده‌ستى و میللییه‌كانى خۆمان وبه‌بازاڕكردنیان ، گه‌یاندنى هۆشیارى ژیان به‌ هه‌موو كونج و كه‌له‌به‌رێكى ئه‌م كوردستانه‌ شیرینه‌ به‌ تایبه‌ت لادێكان، زۆر شتى تریش كه‌ له‌ رابوردوو ئێستاشدا رێکخراو كارى به‌رده‌وامى له‌سه‌ر ده‌كات و میكانیزمه‌كانى بۆ گه‌شتن پێى ده‌گۆڕێت به‌ پێى پێشهاته‌ نوێیه‌كان.

ئایندەسازی: له‌ ئێستادا چ به‌رهه‌مێكى ئه‌م رێكخراوه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى كوردیدا ده‌بیینیت ؟

ئەسمەر حسین: له‌ رێکخراوی هاوشێوه‌ى یه‌كگرتوى خوشكان و، هه‌ڵقوڵاو له‌ ناخ وهه‌ناوى كۆمه‌ڵگه‌ى كوردییه‌وه‌ زۆر شتى جوان ده‌بینم و جێده‌ستى به‌ سه‌ر زۆر شوێن وشتى كۆمه‌ڵگه‌وه‌ دیاره‌، ئه‌وه‌ یه‌كگرتوى خوشكان بوو ئافره‌تى هێنایه‌ ده‌ر له‌ ماڵ بێ ئه‌وه‌ى لێى هه‌ڵبگه‌ڕێته‌وه‌ ئه‌وه‌ پێیوتن خوشك ده‌توانێت كاراى ماڵ و ناو كۆمه‌ڵگه‌ش بێت و، ده‌توانێت هاوسه‌نگیی بپارێزێت و به‌ ئه‌ركى خۆى هه‌ستێت وله‌م بواره‌دا سه‌ركه‌وتنى زۆرى تۆمار كردوه‌ -سوپاس بۆ خوا – به‌شدارى ئافره‌ت بۆ بواره‌ زیندوه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ به‌ پێگه‌ى بڕیارو سیاسیشه‌وه‌ كه‌ چه‌ندین خوشكى پاڵاوتوه‌ بۆ پڕ كردنه‌وه‌ى شوێنى باڵاى بڕیارو پێگه‌ى سیاسى وه‌ك په‌ڕله‌مانتارو وه‌زیرو بریكارو به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى هتد ، له‌ هه‌ركوێ خوشكێكى گۆشكراو به‌ به‌رنامه‌و میكانیزمى یه‌كگرتوى خوشكان هه‌بێت داهێنان وكاراییش له‌وێیه‌و، رووى گه‌ش وجوانى پرۆژه‌ى ئیسلامیه‌.

ئایندەسازی: یادگارییه‌كى خۆش كه‌ قه‌ت له‌ بیرت ناچێت ؟

ئەسمەر حسین: چیت بۆ باس بكه‌م، وا بۆ بیست ساڵ ده‌چێت ته‌مه‌نى رێكخراوو هه‌روه‌ك ژیانى كائینێكى زیندوو بریتیه‌ له‌ سه‌ركه‌وتن و ره‌نگه‌ شكست و خۆشى وناخۆشى ویاده‌وه‌ریی شیرین وتاڵ، بڕیار بووه‌ ئێمه‌ ئیش بكه‌ین و تواناى خۆمان به‌خه‌رج بده‌ین وبه‌رهه‌م و نه‌تیجه‌ خواى موته‌عال بڕیارى له‌سه‌ر ده‌دات و به‌ده‌ست به‌شه‌رى ناتوانا نیه‌، له‌و یاده‌وه‌رییانه‌ ساڵێ نه‌وه‌ده‌كان بوو به‌فرێكى زۆر باریبو كه‌ به‌سه‌یاره‌كه‌ى خوشكان هاتین بۆ ده‌وام كه‌س به‌ ده‌ره‌وه‌ نه‌بوو ئه‌و كات گووته‌زاى (خوشكانى ماندوو نه‌ناس) باو بوو یه‌كێك له‌ خوشكه‌ زمان پاراوه‌كان وتى (خوشكانى به‌فر نه‌ناس)، ئه‌و جۆش وخرۆشه‌ بۆ كارو گوێ نه‌دان به‌ زۆر ناره‌حه‌تى هه‌ر له‌ بیرمه‌ قه‌ت له‌ یادم ناچێت كاتێك به‌ بڕه‌ پاره‌یه‌كى كه‌م پرۆژه‌یه‌كى كارى ده‌ستیمان ده‌ست پێده‌كردو به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ نمایشمان ده‌كرد، ئه‌و خوشكایه‌تى وته‌باییه‌م قه‌ت له‌ یاد ناچێت كه‌ ببوینه‌ خوشكى دایك وباوكى بۆ یه‌ك و خه‌مى یه‌كمان ده‌خوارد، الحمد لله ئێسته‌ش هه‌رواین به‌س ئه‌و رۆژگارانه‌ تامێكى ترى هه‌بوو چه‌نكه‌ له‌ ده‌ست خه‌فه‌كردن و زوڵم وسته‌مى به‌عسى فاشیست رزگارمان بوبو زۆر قه‌درمان ده‌زانی وچێژمان لێ وه‌رده‌گرت.

ئایندەسازی: سه‌رسامیت به‌ كامه‌ خوشك لەناو یەکگرتووی خوشکاندا؟

ئەسمەر حسین: هه‌موو خوشكانم بێ جیاوازى خۆش ده‌وێت ، كاروانى خوشكان زۆر خوشكى له‌ خۆ بوردوو قوربانى ده‌ر هه‌یه‌ ، خۆشحاڵم له‌م بیست ساڵه‌دا له‌گه‌ڵ هیچ كام له‌ خوشكانى كار به‌ریه‌ككه‌وتنى نه‌رێنیم نه‌بووه‌، وریزو قه‌درو خۆشه‌ویستیم بۆ هه‌موان هه‌یه‌ ره‌نگه‌ نه‌متوانیبێت بۆ هه‌موان وه‌ك یه‌ك بم به‌ڵام توانیومه‌ به‌ خۆشی هه‌موان خۆشحاڵ بم وبه‌ ناخۆشییان ناخۆشحاڵ ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى سروشتى كارى مرۆڤ وایه‌ كه‌ به‌ریه‌ككه‌وتنو ره‌نگه‌ خوا نه‌كات دڵ ئێشانیشى تێبكه‌وێت، به‌ڵام ئێمه‌ كاروانى بۆ خواو ئه‌نجا خه‌ڵك ژیانین له‌به‌ر ئه‌وه‌ به‌سه‌ر هه‌ندێك كۆسپ وته‌گه‌ره‌ى مادى یا ده‌رونى ئاسان تر سه‌رده‌كه‌وین –سوپاس بۆ خوا- واته‌ به‌ گشتى له‌م كاروانه‌ گه‌وره‌دا هه‌موو خوشكانم خوشده‌وێت ورێزیان هه‌یه‌ لام، پێم وایه‌ ئه‌وانیش بۆ ئه‌م به‌نده‌ كڵۆڵه‌ هه‌ر وان ، واته‌ هه‌وڵمداوه‌ ئه‌گه‌ر ئیشێك خۆم بۆم نه‌كرا یا نه‌متوانى پێى هه‌ستم یارمه‌تى ئه‌و خوشكه‌ بده‌م كه‌ ده‌یه‌وێت پێى هه‌ستێت، یا به‌لاى كه‌مه‌وه‌ به‌ربه‌ستى بۆ دروست نه‌كه‌م یانى عه‌ره‌ب وته‌نى كافى خێرى شه‌ڕى، به‌م بۆنه‌وه‌ خۆشه‌ویستى و مه‌حه‌به‌تى خۆم بۆخوشكانى رێگه‌ى نزیك به‌ بیست ساڵه‌ دوپات ده‌كه‌مه‌وه‌ وهیواى به‌رده‌وامیان بۆ ده‌خوازم تا ده‌گه‌ینه‌ كاروان وئه‌مانه‌تى سه‌رشانمان ده‌گه‌یه‌نینه‌ جێ.

Check Also

زیرەکی دەستکرد و داهاتوو… فەلسەفە، زانست، داهێنان

محمد ئاواتبەشی شەشەمخەیاڵ یاخود ڕاستی، خەیاڵ چۆن ئەبێت بەڕاستی، چۆنیش بووە ئەگەر لە دەوروبەرمان بڕوانین، …