شه‌ممه‌ , ته‌مموز 27 2024

کێ بۆتە هۆی هەژارى لە جیهاندا

ن:مریم بنت زیدون*
و:شادان تالب

“ئەمڕۆ دنیا دورگەیەکە لەسەر دەریاى هەژارى”، ئەمە وەسفى(مبیکى)سەرۆکى ئەفریقاى باشورە، بۆ هەژارى.
17ى تشرینى یەکەمى هەموو ساڵێک بەپێی بڕیاری نەتەوەیەکگرتوەکان کراوە بە ڕۆژى جیهانى هەژارى، لە ئاکامى نادادپەروەرى دابەشبوونى داهات و هەڵپەى دەوڵەمەندان، ساڵ بە ساڵ برسێتى و هەژارى و نەخۆشىو مردن لەزیاد بووندا.
پرسیار ئەمەیە بارودۆخى هەژاران بەکوێ دەگات لەکاتێکدا بەردەوام ڕێژەکەى بە شێوەیەکى ترسناک لە زیاد بوندایە؟ هۆکارەکانى چیە؟ چ هەوڵێک هەیە بۆ چارەسەرى؟دەرەنجامە شاراوەکانى چین جگە لە برسێتى و نەخۆشى‌و مردن؟!
ساڵانە نەتەوە یەکگرتوەکان ڕاپۆرتى ئاسایى خۆى بڵاو دەکاتەوە سەبارەت بە چۆنیەتى و چەندێتى ئەم کێشەیە، بەرپرسیارێتیەکى زۆرى ئەم کارەساتە کۆمەڵایەتیە دەخاتە ئەستۆى وڵاتە دەوڵەمەندەکان، کە ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیادبووندایە.
لەسەر زەوى نزیکەی 7 ملیار خەڵک دەژى 4،3 ملیارى لە وڵاتە دواکەوتووەکاندا دەژین زیاد لە 3 ملیاریان لە خوار هێڵى هەژارییەوە دەژین داهاتیان ڕۆژانە 2 دۆلارە زۆرینەیان تەنیا 1 دۆلارە.
لەبەرامبەردا وڵاتە پیشەسازییەکان 97%ئیمتیازاتى جیهانیان لە بەردەستایە، خاوەنى 90% ى کۆمپانیاکانى وەبەرهێنان و فرۆشتنن، 80%ى پشکى بەرهەمهێنانى گشتى ڕاستەوخۆ لە وڵاتە دواکەوتوەکانەوە دەڕوات بۆ20 وڵاتى دەوڵەمەندى پیشەسازى.
وڵاتە دواکەوتووەکان33،3% یان ئاوى خواردنەوەی پاکیان نیە ، 25% یان ماڵ و جێگەى حەوانەوەى شایستەیان نیە،20% خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانیان دەست ناکەوێت،20% منداڵانیان تەنیا تا پۆلى 5 ى سەرەتایى دەخوێنن.
لەبەرامبەردا سەرمایەى 3 دەوڵەمەندى جیهان خەرجى 48 وڵاتى هەژارە لە جیهاندا، سەرمایەى 200 دەوڵەمەندى جیهان زیاتر لە خەرجى 41% دانیشتوانى جیهانە!!!
توێژینەوەکە ئاماژە بەوە دەدات ئەگەر ئەوانە تەنیا بە 1% ى سەرمایەکانیان بەشدارى بکەن بۆ بوژاندنەوەى هەژاران ئەوا گرفتى تێچوى خوێندنى سەرەتایى لەو وڵاتانە نامێنێت.
ڕۆژانە 35 هەزار منداڵ لە تاو برسێتى و نەخۆشى گیان لە دەست ئەدەن لە وڵاتە دواکەوتوەکاندا.
ئەم ڕێژە زۆرانە هەموو هەڕەشەو گرفتێکى گەورەیە لە مەڵبەندى سەرمایەدارى جیهان کە ناکرێت خۆیانى لێ بێ ئاگا بکەن لە کاردانەوەو شوێنەوارەخراپەکانى لەسەر مرۆڤایەتى، ئابڕو چونێکى ئەخلاقیە کە هەڕەشەیە بۆسەر ئاشتى کۆمەڵایەتى لە جیهاندا، مەترسیدارتر لەوانە ئەوەیە کە گرفتەکان شاراونەتەوەو لێکۆڵینەوەو ڕاپۆرتى دروستى لەسەر نادرێت.
هۆکارى بارودۆخى هەژاران تەنیاناگەڕێتەوە بۆ دواکەوتوى و نەزانى خۆیان و نەبوونى دیموکراتى لەو وڵاتانە، بەڵکو وڵاتە پێشکەوتو و دەوڵەمەندەکان گەورەترین بەرپرسیارێتیان دەکەوێتە ئەستۆ، بارودۆخى ئابورى گەورەترین هۆکارە، سەڕەڕاى ئەوەى دەوڵەمەندەکان هەمیشە لە بردنى سەروەت و سامانى هەژارانن بۆ خۆیان.

*هۆکارە دیارەکانى هەژارى:
1- دیاردەى جیهانگیرى(عەولەمە):
وڵاتانى ڕۆژئاوا لە ئێستادا بانگەشەى جیهانگیرى دەکەن، بەمەش گرفت و نەهامەتیەکانى هەژارانیان داپۆشیوەو بێ دەنگیان کردوون لەم گرفتەى خۆیان، جیهانگیرى بوە مایەى داڕوخانى ئابوورى وڵاتانى جیهانى سێ، چونکە پەیوەنیەکان و هۆکارەکانى هاتوچۆ زۆر ئاسان بوە بەمەش سەرمایەداران توانیان سەرمایەى ئەو وڵاتانە بە ئاسانى پەلکێش بکەن بۆ خۆیان، (جورج سروس) یەکێک لە دەوڵەمەندەکانى جیهان دەڵێت: “جیهانگیرى توانى سەرمایەدارى لە کەنارەوە(مەبەست وڵاتانى جیهانى سێیە)، بگوازێتەوە بۆ ناوەندى وڵاتانى سەرمایەدارى ئەوروپا”
2-نەزانى و خۆبێئاگا کردنى وڵاتانى پیشەسازى لە قەتیس بوونى گەرما، کەتاکو ئێستاش وڵاتە گەورە پیشەسازیەکان ڕێگرن لە بەردەم مۆر کردنى ئە ڕێکەوتننامانەى سنور بۆ بڵاو بونەوەى گازە ژەهراویەکان دابنرێت، کە وەک زانایانى ئەو بوارە ئاماژەى بۆ دەکەن لەو کارگەو تەکنەلۆجیاو پیشەسازییە گەورانەوە سەرچاوە دەگرێت کە ئەوان هەیانە، هەروەها ئاماژە بەوە دەکەن گەر چارەیەکى بۆ نەدۆزنەوە زەوى ڕوبەڕى مەترسى ئەو ژەهراوى بوون دەبێتەوە، چونکە کۆبونەوەو قەتیسبوونى گەرمى زیانى زۆر بە چینى ئۆزۆن دەگەیەنێت.
3-باڵادەست بوونى یەک جەمسەرى:
کاتێک یەکێتى سۆڤیەت ڕوخا، ولایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا دەسەڵاتی گرتە دەست لە ڕووى ئابوورى و سیاسى و سەربازییەوە، سەرکردایەتى جیهان کەوتە دەست یەک جەمسەر، لە ڕێگەى سزاى ئابورى و داگیرکاری و جەنگ و دەست بەسەراگرتنى شوێنە زۆر ستراتیجیەکانى جیهان، دەسەڵات و هەژموونى خۆى سەپاند، هەندێک ناوچە هەبوو کە لە بنەڕەتدا دەوڵەمەندن، بەڵام گەیاندنیە هەژارییەکى زۆر توند، (فەلەستین، لیبیا، عێراق) لەو وڵاتانە بوون کە زەرەرمەندى یەکەم بوون لەم سیاسەتەی ولایەتە یەکگرتووەکان، یان هەندێک وڵاتى گەیاندە بارودۆخێکى زۆر خراپتر لەوەى کە هەبوو وەک(ئەفغانستان)، کە کارەساتى مرۆیى زۆر ناخۆش لەو وڵاتە ڕوی دا، لەبەر ئەوە چاودێران باس لەوە دەکەن کە تاک جەمسەرى سیاسى و ئابوورى و هەژمونى بەسەر جیهاندا گرفتى زۆرى دروستکردوە.
4-داگیرکارى لە لایەن زلهێزەکانەوە لە ماوەى پێشوودا: زۆربەى زانایان هۆکارێکى دیکەى هەژارى دەگێڕنەوەبۆئەوەى کە ئەم وڵاتانە لەپێشدا لەلایەن زلهێزەکانەوە داگیرکراون، دەستیان گرتوە بەسەر هەموو خێرو بێرو سامانى ئەم وڵاتانە، بە پەیمانى درێژخایەن واتە دواى دەرچونیشیان لەو وڵاتە هەر پەیمانى دەست بەسەراگرتنى ئابوریان دەبەست بۆ ماوەیەکى درێژ، لە بەرامبەردا هەرچەندە وڵاتانى ڕۆژئاوا بانگەشەى دادپەروەرى و ڕێزگرتن لەمافى مرۆڤ و ڕێزگرتن لە خاوەندارێتى دەکەن، بەڵام ڕێگە نادەن دەنگێک بەرزبێتەوە لە لایەن ئەو وڵاتاناوە بو وەرگرتنەوەى مافى خۆیان، لە کاتێکدا ئێستا لە هەموو کات زیاتر پێویستیان پێیەتى.
بۆ چارەسەر: ئەوەى هەیە کەم و کورتو پێنەگەیشون، ڕاستە لێرەو لەوێ باس لەو کێشەیە دەکرێت ، بەڵام بەشێوەیەکى فەرمى و گشتى نیە، لە ڕاگەیاندى ناوخۆى تێناپەڕێت، دەبێت چارەسەر لە چارەسەرى ئەو هۆکارانەى باسکران سەرچاوە بگرێت، سەرەتا پێداویستیە سەرەتاییەکان بنێردرێنە ئەو وڵاتانە پاشان بەرنامەیەکى تۆکمە بۆ چارەسەرێکى درێژ خایەن دابنرێت، و هەموو لایەنەکان بەرچاو بگیرێت.
دەبێت ڕێکخراوەکانى کۆمەڵى مەدەنى زیاتر بڵاو ببنەوە بەو شوێنانەداو کۆمەڵگە هۆشیاربکەنەوە لە کێشەى هەژارى لە جیهاندا، هەتا وڵاتانى دەوڵەمەند ویژدانیان بجوڵێت و خۆیان بە ئاگا بهێننەوە لە دیاردەى هەژارى.

*نوسەرێکى مۆریتانیە

Check Also

زیرەکی دەستکرد و داهاتوو (زمان)

محمد ئاواتبەشی چوارەمتوانراوە زیرەکی دەستکرد نزیک بکرێتەوە لە زیرەکی مرۆڤ.بەڵێ لە خودی دەمارە خانەوە نزیک …