شه‌ممه‌ , ته‌مموز 27 2024

سۆشیەڵ میدیا، وێستگەیەک بۆ نمایشی ژیانی تایبەتی و پەیداکردنی پارە

شادان تالب
دنیای سوشیەڵ میدیا چۆتە تەواوی جومگەکانی ژیانەوە، لەنێویاندا بلۆگەران و فلۆگەران ویوتوبەران لەهەمووان زیاتر سەقاڵی پەخشی ژیانی خۆیانن بۆئەوانیتر. کەمینەیەک هەوادارانیان شادو ئارام دەکەن بە پۆست و ڤیدیۆ سودبەخشەکانیان و ئامانجەگەورەکانیان.
وەلێ بەداخەوە زۆرینەش هەموو زانست و داهێنانێکیانی ڕۆژانەیان ئەوەیە، هەموو ڕۆژێک ئەو قۆنەرەی لە پێی دەکەن ئەبێ بیکەن بەچاومانا ئەگینا نازانین قۆنەرە بۆ لەپێکردن و چونە دەرەوەیە! هەمووڕۆژێک لەبەرچاوی ئێمەدا خۆیان بگۆڕن و ئارایشت بکەن و لەگەڵیشیدا کۆڵێک قسەی خەیاڵی و باق وبریق ڕیزبکەن ئەگینا شتێکیان نیە بۆ نمایشکردن… هەندێکیان لێمان بونە مۆدێل و، هەندێکیشیان هەموو ڕۆژێک خواردن و شیرینی و بەرهەمێکی داواکراو عەرز دەکەن یان مۆدیلێکی ماڵ دەگۆڕن ئەمەبەچی بەڕەنجی شان ؟ نا بێگومان بەسپۆنسەری، کەبێگومان پشێوی دەروونی و کۆمەڵایەتی لای بەرامبەر هەڵبەت ئەو بەرامبەرەی خۆش باوەڕە دروست دەکات و، بەردەوام ئاوات دەخوازێت کەژیانێکی وەک ئەو لەسەر مۆدێل بژی، بێ ئاگا لەوەی ئەو دەبێت پاروی ناودەمی ژیانی شەخسی و بگرە زۆر جار جەستەشی نمایش بکات تاسپۆنسەرییەک پەیدابکات بۆ ژیانی ڕۆژانەی ئەگینا بێشێو سەردەنێتەوە.
بیر بکەوە تۆدەتوانی ئەو هەموو کاتە پیرۆزەی خۆت و خێزانت کەسێتی خۆت و خێزانت مێشک و دەرونی ماندوو بهێنیتە ئەوئاستە و بەوجۆرە خۆت دەربخەی. ئەگەر سەربەرزانە ئیشێکی باش و گونجاو بکەیت دڵخۆشترو ئاسودەتر نیت؟
شکۆی خێزانیان هەمووهێنایە سەرشاشە، کێشەکانیان؛ جوانیەکانیان؛ خۆشەویستیان، ئەرک و واجباتی ڕۆژانەی خۆیان کردۆتە دەستکەوتی گەورەو دەیفرۆشنەوە بە بینەرێکی سادە. بەداخەوە بێ ئەرزشی ئەم دوونیا مەجازییە گەشتۆتە حاڵەتێک خۆگۆڕینێکی هەرزەکارێک یان کەسێکی ئاسایی بینەرەکانی هەزارەها تێدەپەڕێنێت، بەلام بابەتێکی جدی چەندسەد کەسێک تێناپەڕێت، کە جگە لە خەفڵاندنی گەنجان و خەریکبوون بەباتی لاوەکی و بەلاڕێدانیان و نەخوێندەواربوونیان هیچی تری لێ سەوزنابێت…
بەشێکی تریان لێزانانەتر کەسابەتەکە دەکەن، دووسێ خولی گەشەپێدانی مرۆیی ببینەو خۆت بکە بەمامۆستای خولە ئۆنلاینەکان، هەرکەس هەڵدەستێت بێئەوەی بزانین کوا عیلمی کوا شەهادەی ڕێپێدراوی؟ تەنها دووسێ خول و ئەزموونێکی ژیانی کەڕەنگە ئەزموونێکی تاڵیش بیت، دەیکاتە خولی تۆمارکراو، لانی کەم نایکەنە خولێکی ئۆنلاینێکی ڕووبەڕوو بۆئەوەی هیچ پرس و گفتوگۆیەک ڕوونەدات، چونکە شتێکی ئامادەکراوەو وەریگرتوە، بەکۆڵێک پارە خەڵکی بڕوتێنێتەوە، لێرەشدا قسەمان لەسەر بابەتە جدییەکان نیە کە دەیەها خولی ئۆنلاین و تۆمارکراویش دەکرێنەوە لەلایەن کەسانی پسپۆڕو شارەزا و دیارەوە.

ئەگەر فریانەکەوین
ئایین هەڕاجکراوە، خێزان هەڕاجکراوە، زانست و زانیاری هەراجکراوە ، گەنجمان سەرلێشواوە، کەسێتی و،بەهای کومەڵایەتی و ئەحلاقی ژێرپێخراوە بۆ دوو دینار. پێویستە هەریەکە لەلای خۆمانەوە سنورێک دابنێیین بۆ بینەربوون و بکەربوون و کاریگەربوون بەم جۆرە کاراکتەرانە.

Check Also

زیرەکی دەستکرد و داهاتوو (زمان)

محمد ئاواتبەشی چوارەمتوانراوە زیرەکی دەستکرد نزیک بکرێتەوە لە زیرەکی مرۆڤ.بەڵێ لە خودی دەمارە خانەوە نزیک …