پێنجشەممە , كانونی دووه‌م 2 2025

له‌قورباندا ژنان ڕه‌مزى قوربانى دانن

هه‌ڵاڵه‌ محه‌مه‌د ئه‌لماس

له‌م ڕۆژه‌ پیرۆزو پڕ خێرو به‌ره‌كه‌ته‌دا، یادى قوربانیدانى شێره‌ ژنانى مه‌یدانى چاكه‌كارى‌و فیداكارى و قوربانیدانمان ده‌خاته‌وه‌، کە له‌و ڕۆژه‌دا ئافره‌ت چۆن توانى ده‌ورى كاریگه‌رى خۆى له‌سه‌ر شانۆى ژیان وه‌ك كاره‌كته‌رێكى زۆر لێهاتوو بنه‌خشێنێت، بۆ خزمه‌تكردن‌و ئاوه‌دانى‌و بێ گوێدانه‌ هیچ داب‌و نه‌ریتێكى كۆمه‌ڵگاى بتپه‌رست و دواكه‌وتوویی ئه‌و سه‌رده‌مه‌.
خه‌باتى ئه‌و خانمه‌ به‌ڕێزه‌ ته‌نها په‌روه‌رده‌و خزمه‌تى منداڵه‌ جگه‌رگۆشه‌كه‌ى نه‌بوو، به‌ڵكو هه‌ڵگرتنى په‌یامى پیرۆزى یه‌كناسین‌و یه‌كتاپه‌رستى و وازهێنان بوو له‌هه‌موو داوایه‌كى نه‌فس‌و ده‌روون‌و ڕووكردنه‌ داواو بڕیارى په‌روه‌ردگار، زۆر به‌ئازایانه‌و لێهاتووانه‌ له‌ هه‌موو ماناكانى (توكل) پشتى به‌په‌روه‌ردگار به‌ست، ئه‌وه‌بوو كاتێك پێغه‌مبه‌ر ئیبراهیم(سه‌لامى خواى له‌سه‌ربێ) بۆ جێبه‌جێكردنى فه‌رمانى خوا له‌و چۆڵه‌وانیه‌دا له‌گه‌ڵ منداڵه‌ شیره‌خۆره‌كه‌یدا جێى هێشت، وتى ئه‌ى ئیبراهیم بۆ جێمان ده‌هێلێت، به‌ڵام حه‌زره‌تى ئیبراهیم هیچ وه‌ڵامى نه‌دایه‌وه‌، بۆیه‌ خۆى ئازایانه‌ ومه‌ردانه‌ وباوه‌ردارانه‌ پێیوت: ئایا خواى گه‌وره‌ فه‌رمانى پێكدویت؟ حه‌زره‌تى ئیبراهیم فه‌رمووى به‌ڵێ، ئه‌م دایكه‌ فیداكاره‌ به‌مێرده‌كه‌ى وت: بڕۆ مادام فه‌رمانى خواى گه‌وره‌یه‌، خواى گه‌وره‌ خۆى ئاگادارمان ده‌بێت‌و ده‌مانپارێزێت.
به‌ڕاستى په‌روه‌ردگار پاراستنى، فریشته‌كان چاودێرى هاجه‌ره‌ خاتوون‌و ئیسماعیلى كوڕیان كرد، ئه‌وه‌بوو دواى جێهێشتنیان له‌و بیابانه‌دا به‌بێ هیچ توێشویه‌ك‌و برسى و تینوبوونى كۆرپه‌كه‌ى، هاجه‌ره‌ خاتوون چه‌ندجار چووه‌ سه‌ر كێوى سه‌فاو له‌وێوه‌ ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ بۆسه‌ر كێوى مه‌روه‌ به‌مه‌به‌ستى ده‌ستكه‌وتنى شتێك تابیداته‌ كۆرپه‌كه‌ى، به‌ڵام خواى گه‌وره‌ ئاوى زه‌مزه‌مى له‌ژێر پێى كوڕه‌كه‌ى هه‌ڵقوڵان، كه‌تا ڕۆژى قیامه‌ت ئه‌و ئاوه‌ هه‌رده‌مێنیته‌وه‌و ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ى جوانه‌ى هاجه‌ره‌ خاتوونیشى كرده‌ ئه‌ركێكى سه‌ره‌كى حه‌ج.
هه‌ر مرۆڤێك خاوه‌ن په‌یام و به‌رنامه‌بوو، زادو توێشووى هه‌موو قۆناغێك هه‌ڵده‌گرێت، ژن بێت یان پیاو، هاجه‌ره‌ خاتوون خاوه‌ن په‌یام بوو، بۆیه‌ ئه‌وه‌نده‌ به‌ئارام‌و لێبڕاو بوو بۆ جێبه‌جێكردنى فه‌رمانه‌كانى په‌روه‌ردگار.
له‌هه‌مانكاتدا ئه‌گه‌ر حه‌زره‌تى ئیبراهیم ئه‌و شێره‌ ژنه‌ى له‌پشت نه‌بووایه‌، نه‌یده‌توانى ئه‌و ئه‌ركه‌ قورس‌و گرانه‌ به‌و شێوه‌یه‌ هه‌ڵبگرێت، هاجه‌ره‌ خاتوون وا ئیسماعیلى كوڕى په‌روه‌رده‌ كردوو كه‌ به‌جوانى خوداى تاك وته‌نها بپه‌رستێت‌و گوێڕایه‌ڵ‌و ملكه‌چى فه‌رمانه‌كانى بێت، جگه‌ له‌وه‌ى كه‌زۆر باوكى خۆشده‌ویست، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌هه‌موو فه‌رمانه‌كانى باوكى به‌جوانى جێبه‌جێ ده‌كرد.
ساره‌ خاتونى خێزانى حه‌زره‌تى ئیبراهیمیش یه‌كێكى تربوو له‌شێره‌ ژنه‌كان، ئه‌و شاجوانى سه‌رده‌مى خۆى بوو، له‌سه‌ر ئه‌و ئارامگریه‌ى به‌هۆى نه‌بوونى منداڵه‌وه‌، خواى گه‌وره‌ هه‌ر له‌دونیادا پاداشتى دایه‌وه‌و له‌دواى تێپه‌ڕادنى ته‌مه‌نێكى زۆر، خواى گه‌وره‌ (ئیسحاق) پێغه‌مبه‌رى كرده‌ خه‌ڵات.
ژنان‌و خوشكانى ئێمه‌، له‌م ڕووداوه‌ مێژووییه‌دا چه‌ندین وانه‌ى جوانى قوربانیدان‌و ئارامگرى فێرده‌بین، هێدى هێدى ئه‌وه‌ ده‌چرپێنێت به‌گوێماندا كه‌ژنانیش ئه‌و ده‌ورو ڕۆڵه‌ ئه‌كتیفه‌ ببینن، تاوه‌كو پله‌و پایه‌تان لاى خواى گه‌وره‌ به‌رزو جوان‌و تۆماركراو بێت وه‌ك ئه‌و خانمانه‌، ده‌با هه‌مووا ببینه‌ ده‌سته‌ خوشكانى هاجه‌ره‌و ساره‌ خاتوون‌و وه‌ك ئه‌وان بژین‌و به‌قوربانیدانه‌كانمان خوا له‌خۆمان ڕازی بكه‌ین‌و نیشتمان ئاوه‌دان و مێژووى ژینمان بنه‌خشێینین.

Check Also

سۆشیەڵ میدیا و بارگاویبوون بەسیحرو جادوو

ئاکام ڕەفیق قەرەداغی

یەک کۆمێنت

  1. Join the gaming revolution and experience endless excitement. Hawkplay

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *