سێشەممە , كانونی یه‌كه‌م 3 2024
Muslim pilgrims circle the Kaaba as they pray at the Grand Mosque, during the annual haj pilgrimage in the holy city of Mecca, Saudi Arabia July 12, 2022. REUTERS/Mohammed Salem

له‌ جه‌ماڵى (بَیْت)دا، جه‌لالى (رَبُّ الْبَیْت) جیلوه‌ ده‌كا نيگایه‌كى مه‌عنه‌وییانه‌ و تامه‌زرۆیانه‌، بۆ هه‌ندێ له‌ وێستگه‌كانى حه‌ج

مودریك عه‌لى عارف

یه‌كێك له‌ گرنگترین كۆڵه‌كه‌ و پایه‌كانى ئایینى پیرۆزى ئیسلام، بریتییه‌ له‌ (حه‌ج)كردن‌و زیاره‌ت و ته‌وافى (به‌یتى عه‌تیق)و ماڵى خواو ڕووگه‌ى یه‌كتاپه‌رستان، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ كه‌ وه‌رزى حه‌ج، یه‌كێك بێت له‌ خۆشه‌ویستترینى كاته‌كان له‌لاى خواى میهره‌بان، چونكه‌ به‌نده‌كانى به‌ دڵ به‌ره‌و لاى ئه‌و كه‌وتوونه‌ته‌ ڕێ، ماڵ و منداڵ و سه‌روه‌ت و سامانیان به‌جێ هێشتووه‌، به‌ڵكو سه‌روه‌ت و پاره‌یان خه‌رج كردووه‌ تا به‌و شوێنه‌ پیرۆزه‌ بگه‌ن و به‌ڵێنى به‌نده‌یى‌و ملكه‌چى بۆ خواى تاكه‌ په‌رستراو دووپات بكه‌نه‌وه‌، له‌وێ به‌نده‌ زۆرترین كڕنوش و سوجده‌ى ملكه‌چى و به‌ندایه‌تى بۆ خوا ده‌بات، له‌وێ زۆر به‌ كوڵ و به‌ دڵ له‌ خوا ده‌پاڕێته‌وه‌ و داواى یارمه‌تى و به‌هاناوه‌ هاتن له‌ خواى تاكه‌ فریادڕه‌س ده‌كات، له‌وێ ئاماده‌یى و حزوورى (قه‌لبى)و ناسكبوونه‌وه‌ى ڕۆح له‌ زۆربه‌ى په‌رستشه‌كاندا بوونى هه‌یه‌.
به‌ڵێ! حه‌ج وه‌ڵامدانه‌وه‌ى ده‌عوه‌تنامه‌ گرنگ و به‌چێژه‌كه‌ى خواى میهره‌بانه‌: [واذنْ فِي النَّاسِ بِالْحَجِّ يأتُوكَ…] الحج27.
حه‌ج، سه‌فه‌رى جه‌سته‌ و دڵ و ڕۆحه‌ بۆ لاى خوداى خۆشه‌ویست، بۆ لاى خودایه‌ك كه‌ جه‌سته‌ و ڕۆحى به‌ مرۆڤ به‌خشى، ڕۆحێك كه‌ گه‌وره‌یى و ڕێز و فه‌زڵ و حورمه‌تێكى تایبه‌تى به‌ مرۆڤ به‌خشیوه‌.[ولقَدْ كَرَّمْنَا بَنِى ادَمَ وحَمَلْنَاهُمْ فِي الْبَرِّ والْبَحْڕ ورَزَقْنَاهُمْ مِنَ الطیِّبَاتِ وفَضلْنَاهُمْ عَلى كَثیرٍ مِمَّنْ خَلقْنَا تَفْضیلاًٍ.] ألأِسْرا‌ء 70
حه‌ج، مه‌غزاى چه‌مكى (سه‌بر)و ئارامگرى و لێكگه‌یشتن به‌ مرۆڤه‌ حاجییه‌كان ده‌به‌خشێ، حه‌ج، ته‌واوكردنى (حوججه‌ت) و به‌ڵگه‌ و (بورهان)ه‌ به‌سه‌ر مرۆڤى بڕواداره‌وه‌، گه‌شت و سه‌فه‌رى پڕ له‌ وانه‌ و په‌ندى حه‌ج، وه‌ك سه‌فه‌رى قیامه‌ته‌، هه‌مووان به‌ ڕووتى و عوریانى و به‌ به‌رگێكى سپى وه‌ك كفنه‌وه‌، ده‌چنه‌ ئه‌و ساحه‌ى مه‌حشه‌رى ته‌واف و سه‌فا و مه‌روه‌ و مه‌ناسیك و وێستگه‌كانى دیكه‌ى ئه‌و فه‌ریزه‌ گه‌وره‌یه‌وه‌.
وه‌رزى حه‌ج، كۆى هه‌موو به‌ندایه‌تییه‌كانى تێدایه‌، ڕۆژوو، نوێژ، خێر و به‌خشین، ئیمساك و خۆگرتنه‌وه‌، دووپاتكردنه‌وه‌ى شه‌هاده‌ و به‌ڵێنى یه‌كتاپه‌رستى، یاد و زیكر و دوعا و پاڕانه‌وه‌ وهتد.
ئیحرام و پۆشینى به‌رگى سپى، وه‌ك یه‌كێك له‌ مه‌ناسیكه‌كانى حه‌ج، جۆرێكه‌ له‌ نیشادانى له‌دایكبوونه‌وه‌ى مرۆڤ به‌ پاكى، له‌وه‌ش زیاتر پۆشینى به‌رگى ئیحرام، نیشاندانى هه‌ستانه‌وه‌ى مرۆڤه‌ له‌ناو گۆڕدا له‌ ڕۆژى حه‌شر و زیندووبوونه‌وه‌دا به‌ كفنه‌وه‌، ئیحرام برایه‌تى و یه‌كسانیمان نیشان ده‌دات و له‌ناوبردنى جیاوازییه‌كانه‌، جیاوازى چینایه‌تى، ئیحرام سپى كردنه‌وه‌ى ماڵى دڵه‌، بۆ مێواندارى كردنى خواى میهره‌بان.
وتنه‌وه‌ى سرودى پڕ چێژى (لبَّیْكَ اللَّهُمَّ لبَّیْكَ…) یانى (لبَّیْكَ) بۆ خوا، به‌ڵێ بۆ بانگه‌وازه‌كه‌ى خوا، به‌ڵێ بۆ (ألۆحْدَانِیَّه‌)و یه‌كتاپه‌رستى، یانى (لبَّیْكَ) بۆ په‌یامه‌كه‌ى حه‌زره‌تى ئیبراهیمى بونیاتنه‌رى (به‌یت)و هه‌موو پێغه‌مبه‌ران و یه‌كتاپه‌رستان، سه‌لام و درودى خوا له‌ هه‌موویان.
پێویسته‌ مرۆڤ له‌كاتى ته‌وافكردندا، كاتێك كه‌ ده‌ست ده‌دات له‌ (حَجَرُ الأسْود)و به‌رده‌ ڕه‌شه‌كه‌ یان ده‌ستى ده‌خاته‌ سه‌ر، وا بهێنیته‌ پێش چاوى خۆى كه‌ ده‌ستى خستووه‌ته‌ نێو ده‌ستى عه‌زه‌مه‌تى خواى گه‌وره‌وه‌ و په‌یمانى به‌ندایه‌تى له‌گه‌ڵ نوێ ده‌كاته‌وه‌، ئه‌ڵبه‌ت به‌بێ (تَجْسِیم و تَشْبِیه) كردنى خوا.
وێستگه‌ى (ته‌واف) كردنیش، مانا و مه‌دلولى گه‌وره‌ و گرنگى خۆى هه‌یه‌، ته‌واف وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ كه‌ به‌ده‌م ڕێ كردنه‌وه‌ نوێژ بكه‌یت، نوێژى كه‌سى موسافیر و ڕێبوار، چونكه‌ ڕوو له‌ قیبله‌ زیكر و دوعا ده‌كه‌یت و سرودى (لبَّیْكَ) ده‌ڵێیته‌وه‌.
ڕۆژێكیان لاى هاوڕێیه‌كى خۆشه‌ویستم دانیشتبووم، تابلۆیه‌ك له‌ ژووره‌كه‌یدا زۆر سه‌رنجى ڕاكێشام، كه‌ به‌ زمانى كه‌سێكى (حاجى)یه‌وه‌ تێكستى زۆر گرنگ و جوان نووسرابوو به‌ زمانى فارسى، ئه‌مه‌ واتاكه‌یه‌تى: (وتم به‌ كه‌عبه‌: تۆ له‌ خاكى و منیش له‌ خاكم، ئیدى بۆچى ده‌بێ من به‌ ده‌ورى تۆدا بسوڕێمه‌وه‌ و ته‌وافت بكه‌م؟! ده‌نگێك هات و ووتى: تۆ به‌ پێ هاتوویت، ده‌بێ بسوڕێیته‌وه‌ به‌ده‌ور مندا و ته‌وافم بكه‌یت، بڕۆ به‌ دڵ وه‌ره‌، تا من به‌ ده‌ورى تۆدا بسوڕێمه‌وه‌ و ته‌وافت بكه‌م!!) ئه‌م تێكسته‌ گرنگ و جوانه‌ ـ كه‌ نه‌ من و نه‌ هاوڕێكه‌شم نه‌مانزانى هى كێیه‌. ماناو مه‌دلولى زۆر قوڵى خۆى هه‌یه‌، له‌ فه‌لسه‌فه‌ى حه‌ج و زیاره‌تى كه‌عبه‌ تێمانده‌گه‌یه‌نێت، تێمانده‌گه‌یه‌نێت كه‌ ده‌بێ ئه‌وه‌ بزانین ئێمه‌ بۆ لاى (رَبُّ الْبَیْت) هاتووین و ده‌بێ چاكه‌ و جوانى و ده‌سه‌ڵاتى خوایانه‌ى ئه‌ومان له‌بیر بێت، نابێ كه‌عبه‌ و (به‌یت) خودى (رَبُّ الْبَیْت)مان بیر بباته‌وه‌، وه‌ك شاعیر (فروغى بسطامى) ده‌ڵێ:
گر شبى، در خانه‌ جانانه‌ مهمانت كنند
گول نعمت را مخور، مشغول صاحبخانه‌ باش.
واته‌: ئه‌گه‌ر شه‌وێك له‌ ماڵى خۆشه‌ویستدا مێواندارى و بانگهێشتت بكه‌ن، ئه‌وا فریو مه‌خۆ به‌ ناز و نیعمه‌ت و خواردن و خواردنه‌وه‌كان، سه‌رقاڵ مه‌به‌ به‌ دیكۆرى ماڵه‌كه‌ و شته‌ لاوه‌كییه‌كانه‌وه‌، به‌ڵكو سه‌رقاڵى خودى خاوه‌ن ماڵه‌كه‌ به‌، ته‌ماشاى ئه‌و بكه‌ و قسه‌ و ڕاز و نیازى له‌گه‌ڵ بكه‌.
پێویسته‌ له‌ كاتى ئه‌نجامدانى نوێژ له‌ (مه‌قامى ئیبراهیم)ى یه‌كتاپه‌رستدا، بته‌كانى ناو دڵت بشكێنى و له‌ناویان ببه‌ى، له‌ (ڕه‌مى جه‌مه‌رات)یشدا ڕه‌مى و به‌رده‌بارانى شه‌یتان و ختووره‌ و كرداره‌ شه‌یتانییه‌كان بكه‌ى، له‌ساته‌وه‌ختى (سه‌عى سه‌فا و مه‌روه‌)شدا، له‌ شه‌یتان و سیفه‌ت و گوفتار و ڕه‌فتارى شه‌یتانیانه‌ هه‌ڵبێیت و بچیت بۆ لاى خوا، بچیت بۆ چیاى (عه‌ره‌فات) كه‌ دیوه‌خان و مێوانخانه‌ى خوایه‌ بۆ مه‌راسیم و بۆنه‌یه‌كى زۆر گه‌وره‌، باسى ماڵئاواییه‌ له‌ دونیا و به‌جێگه‌یاندنى ئه‌ركى به‌رپرسیارێتى و په‌یامدارى، تا بزانین ئێمه‌ش په‌یامه‌كه‌ى خوامان گه‌یاندووه‌ و زات و جورئه‌تى ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین بڵێین: (أَلا هَلْ بَلَّغْت؟ أللَّهُمَّ فَاشْهَدْ.)؟!
قوربانى كردن، یانى ئه‌وه‌ى كه‌: خوایه‌گیان! به‌ دڵ و به‌ گیان ئاماده‌م كه‌ نه‌ك ته‌نها ڕۆح و گیانى خۆم، به‌ڵكو ڕۆح و گیانى ئازیزترین كه‌سیشم ـ كه‌ خۆت پێت به‌خشیوین ـ بكه‌مه‌ قوربانى له‌ پێناوى تۆدا، چونكه‌ هه‌ندێ جار مرۆڤ حه‌ز ناكات هیچ كه‌سێك له‌ خۆى زیاتر بێت له‌ هیچ بوارێكدا، به‌ڵام حه‌ز ده‌كات و شانازى پێوه‌ ده‌كات كه‌ مناڵه‌كه‌ى له‌ خۆى زیاتر بێت، له‌وه‌ش زیاتر مناڵه‌كه‌ى له‌ خۆى زیاتر خۆش ده‌وێ، بۆیه‌ مرۆڤى حاجى ده‌بێ ئاماده‌گى ئه‌وه‌ى هه‌بێ كه‌ ئه‌و ئازیزترینه‌ ـ كه‌ مناڵه‌كه‌یه‌تى، بیبه‌خشێ و بیكاته‌ قوربانى له‌ پێناوى به‌ده‌ستهێنانى ڕه‌زامه‌ندى خوادا.
سه‌رتاشین و (حَلْق) و لابردنى قژ و مووى سه‌ریش، یانى قوربانیكردن و به‌خشینى جه‌ماڵ و جوانى خۆت له‌ پێناوى خوادا، چونكه‌ قژ و مووى سه‌ر، یه‌كێكه‌ له‌ دیارترین و جوانترین ڕه‌مزه‌كانى جوانى و جه‌ماڵى ژن و پیاو.
له‌ ڕوانگه‌ى ئه‌م تێڕوانینانه‌ى سه‌ره‌وه‌مان بۆ خودى فه‌ریزه‌ى حه‌ج و مه‌ناسیك و درووشمه‌كانى، پێویسته‌ مرۆڤى باوه‌ڕدار و ئه‌و كه‌سه‌ى كه‌ ده‌یه‌وێ بچێت بۆ حه‌ج و زیاره‌تى به‌یت و ڕه‌وزه‌، به‌ر له‌ ته‌وافى به‌یت، ده‌بێ ته‌وافى (رَبُّ الْبَیت) بكات، به‌ر له‌وه‌ى جه‌سته‌ى بچێ بۆ به‌یت و حه‌ج و ڕه‌وزه‌، ده‌بێ دڵ و ڕۆحى بڕوا، به‌ر له‌وه‌ى ڕووى ڕوخسارى بكاته‌ كه‌عبه‌، ده‌بێ ڕووى دڵى لێبكات.
وه‌ك ئه‌و پیاوه‌ به‌ته‌مه‌نه‌ خواناسه‌ى كه‌ ناوى (خاڵۆ موسته‌فاى خه‌رپانه‌یى)بوو، به‌ چاوى خۆم چه‌ند ساڵێك به‌سه‌ر یه‌كه‌وه‌ ده‌مبینى كه‌ له‌ مانگى (ذي الْحِجَّة)و له‌ نۆمینه‌ى حاجیاندا، به‌ به‌رگى سپى ئیحرامه‌وه‌ له‌ مزگه‌وتدا ته‌وافى ده‌كرد و سرووده‌ پڕ چێژه‌كه‌ى (لبَّیْكَ اللَّهُمَّ لبَّیْك)ى به‌ ده‌نگه‌ خۆش و زوڵاڵه‌كه‌ى ده‌ووته‌وه‌، له‌ تاقچه‌ى میحرابه‌كه‌شدا قورئانه‌كه‌ى ماچ ده‌كرد و به‌رده‌ ڕه‌شه‌كه‌ى ده‌هێنایه‌ پێش چاوى، بۆ نوێژى نیوه‌ڕۆش، هه‌ر به‌و هه‌سته‌ پاكه‌ و به‌ به‌رگى سپى ئیحرامه‌وه‌ و ـ بیلال ئاسا ـ به‌ ده‌نگێكى ناسك و خۆش بانگى (أَللهُ أَكْبَر)ى له‌ بڵندگۆكه‌وه‌ ده‌چڕى.
دواجار و به‌ بڕواى به‌نده‌، مرۆڤى باوه‌ڕدار بۆ ئه‌وه‌ى به‌م ڕۆح و نه‌فه‌سه‌وه‌ حه‌ج بكات و به‌م شێوه‌یه‌ چێژ له‌ ئه‌نجامدانى مه‌ناسیك و شه‌عیره‌كانى حه‌ج وه‌رگرێ، باش وایه‌ و به‌ڵكو تا ڕادده‌یه‌كى زۆر پێویسته‌، هه‌موو كه‌سێك به‌ر له‌ سه‌فه‌رى حه‌ج و زیاره‌تى به‌یت و كه‌عبه‌ و به‌جێهێنانى عه‌مره‌ى سوننه‌ت، لانى كه‌م كتێبێك له‌ سیره‌ و ژیاننامه‌ى پێغه‌مبه‌ر(د.خ)و هه‌روه‌ها ژیاننامه‌ى حه‌زره‌تى ئیبراهیم و ژیانى ئه‌سحاب و یاران بخوێنێته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ى هه‌موو ڕووداو و دیمه‌ن و به‌سه‌رهات و مه‌به‌ست و وانه‌كانى ئه‌و بۆنه‌ گه‌وره‌یه‌ بێنه‌وه‌ پێش چاوى و باشتر چێژیان لێ ببات.


) دوایین فه‌رمایشتى پێغه‌مبه‌ر بوو(د.خ) له‌ وتار و خوتبه‌ى (حوججه‌تولویداع)دا.

Check Also

توندوتیژی جەستەیی دژ به ئافرەت لە ڕوانگەی شەریعەتی ئیسلام و یاساوە

(لێدانی ژن وەك نموونە) ئا: د.صهیب مصطفی ئامێدی و: گەشبین عوسمان توندوتیژی دژی ئافرەتان، یەكێكە …

یەک کۆمێنت

  1. Big rewards, bigger fun—start playing today! Hawkplay

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *