د.گوڵاڵە طاهر
دروشمی ئەم ساڵی ٢٠٢٥ بۆ شیردانی سروشتی (وەبەرهێنان لە شیردانی سروشتیدا وەبەرههێنانە لەداهاتوو)،
کاتێک هەستکرا بەوەی شیری دەستکرد خەریکە تا ڕادەیەکی زۆر جێی شیری دایک دەگرێتەوە لە جیهاندا، سەرەڕای ئەو سودە زۆرەی کە شیری دایک هەیەتی بۆ دایک و مناڵ تەنانەت خێزان و کۆمەڵگەش. ئاشکرایە کە شیری دانی سروشتی بۆندو پەیمانێکە لە نێوان دوو کەسدا تا کۆتایی هەردووکیان لێی سوودمەندن لەڕوی جەستەیی ودەرونییەوە، کە خۆی دەبینێتەوە لە پاراستنی هەردوولا لە کۆمەڵێک نەخۆشی درێژخایەن و، گەشەیەکی دروستی جەستەیی وهزری ودەرونی لە منداڵ دا. لەبەر ئەم هۆکارانە لە ساڵی ١٩٩٢ وە لە جیهاندا هەفتەی یەکەمی مانگی هەشتی (ئاب) ی هەموو ساڵێک لە لایەن ڕێکخراوی تەندروستی جیهانییەوە دانراوە بۆ هاندانی شیردانی سروشتی، ئەم ساڵیش بە دروشمی (وەبەرهێنان لە شیردانی سروشتی دا وەبەرهێنانە لە داهاتوو)یادی ئەم بۆنەیە دەکرێتەوە.
هەموو سەرەتا و دەستپێکێکی دروست بە دڵنیاییەوە داهاتوویەکی باشترو پرشنگداری دەىیت، چی لەوە باشترە نەوەی داهاتووی ئێمە بە هاتنە دونیاوی لە باوەشی گەرمی دایکی میهرەبانی دا چاو هەڵبێنێت و بەشیری پاک و گەرم و پر وزەو خۆراکی تەواوی دایکی گۆش بکرێت.
ئامانج لەم دروشمە گەیشتنە بەم خاڵانەی خوارەوە :
١-شیردانی سروشتی وەبەرهێنان لە تەندروستی نەوەکانی داهاتوودا دەکات :
شیری دایک ڕەگەزە خۆراکییە سەرەکیەکانی تێدایە کەگرنگن بۆ گەورەبوون و گەشەیەکی تەندروستی نەوەی داهاتوو .ڕەگەزە خۆراکییەکانی ناو شیری دایک بەپێی تەمەن وپێویستی منداڵەکە دەگۆڕێت جگە لەوەی پاکەو سیستمی بەرگری منداڵەکە بەهێز دەکات و لە هەندێک نەخۆشی درێژخایەن دەیپارێزێت.
٢- بەهێزکردنی پشتگیری کۆمەڵایەتی :
واتە دروستکرنی ژینگەیەکی پاڵپشتیکردنی شیردانی سروشتی بۆیارمەتی دایکان لەلایەن خێزان و کۆمەڵگە وئەو بەڕێزانەی چاودێری تەندروستی پێشکەش بە دایکان دەکەن. ڕۆلی خێزان وکەسە نزیکە شارەزاکان لە هاندان و پاڵپشتی کردنی دایکە بێئەزمونەکاندا زۆر گرنگە بۆبەردەوام بوونی لەسەر شیردان بەسەرکەوتوویی، هەروەها ئەو کارمەندانەی خزمەتگوزاری تەندروستی پێشکەش دەکەن بە ئافرەتانی دووگیان پێویستە زانیاری پێویست و دروست دەربارەی شیردان بدەن بە دایکان پێش لە دایکبوونی منداڵەکە.
٣- دڵنیابوون لە پاراستنی مافی شیرپێدانی سروشتی لە هەر کات و شوێنێک دا بێت :
ئەمەش بە دانانی بەرنامەو سیاسەتی پشتگیری کردنی ئەم مافە دەبێت وەک
پێدانی مۆڵەتی دوای مناڵبوون بە موچەی تەواوەوە کە لە ساڵ کەمتر نەبێت.
دابینکردنی دایەنگەی نزیک لە شوێنی کارکردن، پێدانی مۆڵەت بە دایک بۆشیردانی بە منداڵەکی هەر کاتێک پێویست بێت .
