شه‌ممه‌ , ئازار 25 2023

پلازما لە نێوان مۆدە و چارەسەری پزیشكیدا

ئا: خەرمان

ئەگەرچی لەدونیای مۆدەدا هەموو جوانبینینەكان تەنها جلوبەرگ و پۆشاك ناگرێتەوە، بەڵكو لەم ساڵەنەی دواتردا گەنجان ڕووخساریشیان بەشێوازێكی مۆدێرنە دەبێت دەربكەوێت، بۆیە هەمیشە خولیاو حەزەكانیان لەچوارچێوەی جوانكاریدا ڕەنگی داوەتەوەو، هەمیشە هەوڵی گەنجتربوونی ڕووخساریان داوە، ئەوەی مۆدە دەیهێنێتە بوون حەزێكی نەبڕاوەیە، بەڵام گرنگ ئەوەیە ئەو مۆدەیە بەپێی تێپەڕبوونی كات زیانبەخش نەبێت بۆكەسەكە، لەبارەی پلازماو دەركەوتنی بەكارهێنانی لەدونیای ئەمڕۆدا، دكتۆرە (سۆزان فاچل جەباری، پسپۆڕی نەشتەرگەری جوانكاری‌و سوتاوی، خاوەنی دكتۆرای بۆردی عێراقی لە ساڵی 2012، یەكەم دكتۆری مێینەیە كە لە كوردستاندا بۆردی نەشتەرگەری جوانكاری هێناوە لەبەغداد) بەمجۆرە بۆمان دوا.

ئایندەسازی: پلازمای خوێن چییەو، كێن ئەوانەی پلازمای خوێن بۆ جوانكاری بەكاردەهێنن؟

دكتۆرە سۆزان: پلازمای خوێن لەخوێنی نەخۆش وەردەگیرێت، پێی دەگوترێت”ئۆتۆگرافت”، شێوازێكە لەجەستەی نەخۆشەوە وەردەگیرێت، دەكرێتە ناو جیهازەوە ئەم پلازمایە دوای ئەوەی وەردەگیرێت، خڕۆكە سورەكان و خڕۆكە سپییەكان یاخود (خانەكان)ی لێ جیادەكرێتەوە، پلازما و پەڕٍەی خوێن دەمێنێتەوە، ئەو بەشە زەرداوەی خوێن كە دەمێنێتەوە پەڕەی خوێنە، كە گرۆفاكتەر (عمل النمو)ی زۆری تێدایە، كە مەسئولە لە تازەكردنەوەو گەنجكردنەوەی خانەكان، چاككردنەوەی خانە خراپبووەكان‌و زەرەرمەندەكان، كە ئەم گرۆفاكتەرانە لەدەوری پلازماو پەڕەی خوێنەكەدا هەیە، ئەم پارچە كردارە سوودی زۆری هەیە بۆ تازەكردنەوەی پێست، لەهەمانكاتیشدا پەڵەی دەم و چاو كەمدەكاتەوە، بەڵام ئەگەر بەشێوەیەكی زانستی باسی بكەین، نابێتە هۆكارێك بۆ لابردنی چرچ و لۆچی ڕووخسار، ئەتوانین بڵێن ئەبێتە هۆكارێك بۆ كەمكردنەوەی چرچ‌ولۆچی و دواكەوتنی، ئەمە مقەوییەكە كە ئەدرێتە پێست بۆ ئەوەی هەندێك كاری بەساڵاچوون و هەبوونی پەڵەكانی سەر پێست بۆ ئەو كەسانەی بەردەوام لەبەر تیشكی خۆرن، دوابخات.

ئایندەسازی: ئایا ئەم پلازمای خوێنە بەبەردەوامی جوانی ئەدات بە پێستەكە یاخود دەبێت بەردەوام دووبارە بكرێتەوە؟

دكتۆرە سۆزان: بەدڵنیاییەوە دەبێتە پاش ماوەیەك تازە بكرێتەوە، بەڕای من 2بۆ3مانگ جارێك ئەم پلازمایە كاری خۆی دەكات.

ئایندەسازی: ئایا ئەم پلازمایە كە بۆ جوانكاری بەكاردەهێنرێت لەڕێگەی نەشتەرگەرییەوەیە یان چی؟

دكتۆرە سۆزان: نەشتەرگەرییەكی بچوكە لە كلینك دەكرێت، هەرچەندە وەك نەشتەرگەری نییە بە جیهازێك وەك دەمانچە دەكرێتە ناو پێستەكەوە، بەهەمانشێوەی دەرزی كە دەكرێتە پێستێكەوە، بەنجێكی مەوزوعی دەكرێت بەشێوەی كرێم بۆ ماوەی یەك دوو ڕۆژ دەئاوسێت و كەمێك شین بوونەوەی دەبێت بەهۆی ئاسەواری ئەو دەمانچە یاخود دەرزییەوە، پاشان نۆرماڵا دەبێتەوەو جوانیەكەی دەردەكەوێت وەك ئەوەی مغەزییەكی زۆرت لێدابێت.

ئایندەسازی: كام تەمەنە زۆرتر ئەم كارە دەكەن، یاخود چ تەمەنێك گونجاوە بۆ كردنی پلازما؟

دكتۆرە سۆزان: لەڕاستیدا ئەو كەسانەی تەمەنیان لەچل ساڵیدایە زیاتر سوودی لێدەبینن، هەرچەندە ئەوەی تێبینیم كردووە زیاتر گەنجەكانن بەكاریدەهێنن، بەڵام ئەوانەی گۆڕانكاری لەڕووخساریاندا دەردەكەوێت نیشانەكانی چوونە تەمەنەوە، ئەوان زیاتر سوودی لێدەبینن بۆ ئەوەی پیربوونیان دوابخات و گەنجی بدات بە پێستەكەیان، بەڵام بۆ گەنج تەنها بریسكەیەكی زۆر دەبێت لەپێستەكەیدا، ئەگەریش پەڵەی هەبێت كەمێك كاڵی دەكاتەوە.

ئایندەسازی: ئایا بەكارهێنانی پلازما بۆتە كلتور یان تەنها مۆدەیە؟

دكتۆرە سۆزان: لەڕاستیدا كۆمەڵگەی كوردەواری حەزی بە مۆدەكارییە، ئەگەر لایەنی ماددی باشبێت زۆربەی زۆری خەڵك ڕوودەكەنە دكتۆری جوانكاری، هەتا ئەگەر پێویستیشی نەبێت، زۆر كەس دێن هیچ گرفتێكی نییە تەنها دەپرسێت من چیم پێویستە دكتۆرە، من وەك خۆم هەرگیز پێشنیاری نەشتەرگەری ناكەم كە كەسێك هیچ گرفتێكی نەبێت، ئەگەر گەنج بێت تەنها پلازما دەكەمە ئیختیار بۆی، ئەگەر چل و سەرووتربوو، دەڵێم كە پلازما بكە، كەمێك فیلەر بكە بۆ ژێر چاوەكانت بۆ ئەوەی چاڵا نەبێت، كەمێك بۆتۆكس بكە با خەتەكانی ناوچەوانت كەمببێتەوە، ئەمە زیاتر بۆتە مۆدەكاری.

ئایندەسازی: ئایا ئەم كردارە تەنها ئافرەتان دەیكەن یاخود پیاوانیش سەرقاڵن پێوەی؟

دكتۆرە سۆزان: زیاتر چینی مێینە دەگرێتەوە، چونكە مێینە هەمیشە خولیای جوانییە و خۆشی فیترەت و كائینێكی نەرم و نیان و جوانە، حەزی بەجوانییە و گرنگی ئەیات بەجوانی لەهەموو تەمەنێكیدا، هیوای ئەوەیە هەمیشە گەنجێتی بپارێزێت و بەو جوانیەی بمێنێتەوە، لەم ساڵانەی دوایدا چینی نێرینەشی گرتۆتەوە، بەڵام بەڕێژەیەكی كەمتر لە چینی مێینە.

ئایندەسازی: زیانەكانی بەكارهێنانی پلازماو وەرگرتنی لەخوێنی نەخۆشەكە چییە؟

دكتۆرە سۆزان: تا ئێستا دیاری نەكراوە كە بەكارهێنانی پلازما زیانی هەبێت، مەگەر ئیلتیهاباتێكی كەم یان زیبكە یان حەساسیەتێكی كەم نەبێت كە لەپێستی نەخۆش دەردەكەوێت. دكتۆر بۆ خۆی چارەسەری ئەو گرفتە لاوەكییە دەكات، یاخود ئەگەر نەخۆشەكە خۆی ڤایرۆسێكی هەبێت لەخوێنیدا یاخود هەڵگری كەمخوێنی بێت، ئەمە دووچاری زیانی دەكات ئەگەر نا هیچ زیانێكی نییە، چونكە خوێنی خۆیەتی و بۆ خۆی بەكاردەهێنرێتەوە.

ئایندەسازی: وەك باستكرد ئەو كەسانەی كە كەمخوێنن زیانی هەیە بۆیان، چونكە ئەوەندەی ئاگادارین پلازمای خوێن لەنەخۆشخانەیەكی وەكو هیوا لەگەڵا دەرزی تێكەڵا دەكرێت و بۆنەخۆشانی هەڵگری كەمی ئاسن بەكاردەهێنرێت، ئەمە چۆنە؟

دكتۆرە سۆزان: بەڵێ‌ پلازمای خوێن چەندین شێوازی بەكارهێنانی هەیە، وەك وتمان بۆ جوانكاری پاشان بۆ كەمكردنەوەی هەڵوەرینی قژ، بۆ نەخۆشی جومگە، ڕۆماتیزم، بۆ برینێكی زۆر قووڵا (قرحە الفراش)، كە لای دكتۆر دەكرێت پلازمای خوێن جیادەكرێتەوەو دەخرێتە سەر برینەكە بەهۆی گرۆفاكتەرەوە وردە وردە ئەو برینە قووڵە بەرەو چاكبوونەوە دەڕوات، چونكە ئەم جۆرە برینە بەهیچ جۆرێك ناتوانرێت نەشتەرگەری بۆ بكرێت، هەروەها بۆ برینی قاچ یاخود برینی شەكرە سوود لەپلازما وەردەگرن، وەك مەلهەمێكی بەهێزو كاریگەر، شێوازی زۆرە بۆ بەكارهێنان و سودێكی زۆریشی هەیە.

ئایندەسازی: شێوازی بەكارهێنانی پلازما بۆ قژ چۆنە؟

دكتۆرە سۆزان: ڕاستەوخۆ دەرمانەكە لەناو قژەكە بەكاردەهێنین، ئەویش بەهەمان شێوە هێزو توانا ئەدات بە قژەكە پێویستە 3 مانگ جارێك بكرێت، نیواو نیو قژ هەڵوەرین دەوەستێنێت.

Check Also

ئافرەتە زاناكانی كورد
لە نێو لاپەڕەكانی مێژووی ئیسلامدا

عەبدوڵڵا مەلا ئەحمەد، ئەحمەدئاواییئەگەر سەرنجێك لە مێژووی بەرفراوانی ئیسلام بدەین، بە تایبەتی لاپەڕەكانی شەخسیەتناسی و …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *