الجمعة , يناير 9 2026

تەمەن، ژمارە و کوالێتی

ڕوئیا حسێن

ناخۆشترین بەش لە یادگەی زۆرینەی مرۆڤەکاندا جەبری هەڵکشانی تەمەن و داکشانی توانا و گەنجییەتی، هەرچەند تەمەنی لە زیادبوون بێت هێندە لە پیری و بێتوانایی نزیکتر و مەرگیش گەورەترین و کۆتا ترسیەتی لەسەر ئەم زەوییە، سروشتی مرۆڤ وەهایە دەرونییەن خەم لە دیمەنی گۆچانی دەست، چرچی نێوچاوان، چەمانەوەی پشت، نەمانی ددانی پێویست و لەرزینی دەستەکان دەخوات

ئەم دیمەنانە مرۆڤ دەهەژێنن و زەنگێکن پێی دەڵێن هەر یەکێک لەمانە ڕۆژێک بۆ تۆش دێتە پێشێ، ئیدی هەر وەبیرهاتنەوەیان مرۆڤ لە کەژاوەی گەنجی و لاوی دادەگرێت و دەیدات بە زەویدا..

 ئەوە نووری ئیمانە ڕۆحی مرۆڤ زیندوو دەهێڵێتەوە، ئەوە نیە جاری وا هەیە مرۆڤێکی هەشتا ساڵان هێندەی لاوێک فێرس و خاوەن هیمەتە، شەرم داتدەگرێ کە دەیبینیت لە لێواری مەرگدایە و هێشتا هێند خۆشخوێن و زمان شیرینە، تژی لە گەشبینی و ئومێد، ئەم دنیایەی لەلا وەک پزدانی دەمی منداڵێکە و هێندەی نەبرد دەتەقێت و هاوڕێکەی قاقا پێی پێدەکەنێت، لێ دەزانێت ئەم پزدانە دەبێت چەندی هەوا تێبکرێت!

«وەها بۆ ژیان دەژی وەک ئەوەی قەت ڕۆژێ نەمرێت وەهاش بۆ دواڕۆژ دەژی وەک ئەوەی تاوێکی تر چیدی نەژی!»

ئەم نموونانە پێمان ئێژن تەمەنی مرۆڤ ژمارەیە و ئەوە خۆمانین کە  بڕیار دەدەین ببینە شینە دار یان کۆتەرە دار،

پێشینان وتوویانە “پیری بە حاڵە نەک بەساڵ”

 مرۆڤی بەتەمەنی وا هەیە هەر بە نزیکبوونەوە لێی نووری بەرەکەت لە ژیانیدا تۆش دادەگیرسێنێت، بۆن و بەرامی گەشبینی مەستت دەکاو شەرم داتدەگرێ دەستەوەسان دابنیشیت و نەبزوێی، هێند چالاک و پڕ وزەیە کاتژمێرێک دانیشتن لە تەنیشیتیدا و گوێگرتن بۆی بارتەقای خوێندنەوەی چەندین پەڕتووک سوودبەخشە بۆت، هێند هاودڵ و ڕۆحسوکە بۆ هاوڕێیەتی لە زۆرێک لە هاوتەمەنەکانمان شیاوترە، هێند بەسەلیقە و شارەزایە پێت گونجاوە بۆ هەموو کارێک ڕاوێژی پێبکەیت و سەرنجەکانی بەهەند وەربگری، بوونی ئەم مرۆڤانە نزای مانەوەیان دەوێت و بە ڕۆشتنیان کەلێنێکی گەورەی وا دروست دەبێ بە هیچ کەس و هیچ شتێ پڕ نابێتەوە، خودایە  هەمیشە لەم مرۆڤانە نزیک و هاوەڵمان بن و قەت جێگایان لە ژینماندا خاڵی نەبێت.

شاهد أيضاً

ڕەوشتی بێ دەنگ باشترین پەروەرشیار

گوڵاڵە عبدالعزیزئەوەندەی بیرم بێت لە منداڵیدا هەرگیز زۆرم لێ نەکراوە کەنوێژ بکەم و لەچک بدەم …