تاڤگە محەمەد عەلی
ئەبێت بزانین ڕەخنە واتا هەڵسەنگاندن و ئاڕاستەی دروستكەر، واتە چارەسەر.
ڕەخنە كردارێكی ئەرێنی و بونیادنەرە، بۆ هەر جێگایەك قسەو باس و خواستی خۆی هەیە، بۆ هەر ڕووداوێك قسەو وتەی خۆی هەیە، ڕەخنەش شوێن و كات و هۆكاری هەیە، پێویستەشوێنەكەی شوێنێكی ئارام و دەنگ تیایدا نەبیسترێ، كاتەكەی كاتێكی گونجاو كەسی بەرامبەر لەبارێكی ئارام و ئامادەكراو بێت.
هۆكارەكەی هۆكارێكی بابەتیانەو ڕاستكردنەوەو دروستكەرو بنیاتنەربێت.
ڕەخنە دەربڕینێكی نوسراو یان وتراوە، ڕەخنەگر دەبێت، (ئیجابیات و سلبیات)ی كردارو بڕیارەكان لەخۆبگرێت، لێرەدا چەند خاڵێك ئاڕاستەی بیرو هزری خوێنەری بەڕێز دەكەین، تا بزانین چۆن ڕەخنە بگرین:
1. پێش ئەوەی هەنگاو بنێین بۆ ئاڕاستەكردنی ڕەخنە بۆ كەسی بەرانبەر، پێویستە زۆر لەسەرخۆ هەنگاو بنێین و بزانین ڕەخنەكە لەجێگەی خۆیەتی و جێگا دەگرێت، زانیارییەكی فراوان هەبێت لەسەر بابەتی ڕەخنەلێگیراو، تا ڕەخنەكە زانستیانە بێتو لەسەر بنەمای (وابزانم) بنیات نەنرابێتو ڕای خودی ڕەخنەگر بێت.
2. ئەگەر زانیارییەكی دروست دەستنەكەوت سەبارەت بەبابەتی ڕەخنە، پێویستە پرسیارێكی ڕاشكاوانە ئاڕاستەی كەسی ڕەخنەلێكراو بكرێت و داوای ڕونكردنەوەی لێ بكرێت، هۆكاری ئەم بابەتە یان بیرۆكەی ئەم بابەتە چییە، لەوانەیە ئەو زانیاری تەواوی لا دەستبكەوێت و ئیتر پێویست بەڕەخنە لێگرتن نەبێت.
3. پێش ئەوەی ڕەخنەكە ئاڕاستەی كەسی بەرامبەر بكرێت، پێویستە وەك پێشەكیەك دەستخۆشی لێكردن و نرخاندنی ماندووبوون و هەوڵ و كۆشانی كەسی ڕەخنەلێگیراو بكرێت و، دواتر ڕەخنەیەكی بنیاتنەری ئاڕاستە بكرێت! وەك دیاری و ئەوكات ئەبێت بزانرێت ئاستی زانستی و ڕۆشنبیری كەسی بەرامبەر چەندە ئیتر خۆی تێدەگات لەبابەتەكە لەكوێدا جوان نەیپێكاوە، كەواتە پێش ڕەخنەگرتن پێویستە زەمینەسازی بڕەخسێنرێت و ڕێگای دڵی بەرامبەر بدۆزریتەوە، تا بەدڵێكی فراوان ڕەخنەكەی قبوڵ بكات.
4. كەسی ڕەخنەگر خۆی بخاتە چوارچێوەی ئەو بیرۆكەیەی كە دەیەوێت ڕەخنەی ئاڕاستە بكات، بۆ ئەوەی كەسی بەرامبەر بۆچوونەكان قبوڵا بكات، زۆرجار كەسی ڕەخنەگر سەركەوتوو نییە لەئاڕاستەكردنی ڕەخنە هۆكارەكەشی ئەوەیە كەسی بەرانبەر لەڕەخنەكەی تێناگات، یاخود كەسی بەرانبەر بابەت و بیرۆكەكە تێنەگەیشتووە.
5. هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی خاڵی هاوبەش لەكاتی پێشكەشكردنی ڕەخنە لەنێوان كەسی ڕەخنەگر و كەسی ڕەخنەلێگیراو سەبارەت بەبابەتەكە، بۆ ئەوەی خاڵی هاوبەشیان ببێتە هۆكارێك ڕەخنەكان بەدڵێكی فراوان قبوڵبكرێت.
6. ڕەخنە لەبیرۆكەو بابەتەكە بگیرێت نەك لەكەسەكە، خراپترین ڕەخنە ڕەخنەی كەسێتیە، بۆیە جەخت دەكەینەوە كە ڕەخنە لەبیرۆكەو بابەت بگیرێت نەك لەكەسەكە، دور لە ڕوشاندن و نیەت خراپی و گومان لەكاتی ئاڕاستەكردنی ڕەخنەدا.
7. زۆرترین و جوانترین ووشەی جوانو پڕ بەهاو هاوبەش پێشكەش بكرێت ئەگەر ویسترا ڕەخنە بگیرێت بوترێت: من هاوڕام لە گەڵت لەم خاڵەنە، بەڵام لێرەدا جیاوازم لەگەڵتا، بۆیە لەچەند خاڵێك وا ئەبینم دوركەوتوینەتەوە لەناوەڕۆكی بابەتەكە بەم شێوەیە، ڕەخنەكەت قبوڵ دەكرێت هیوا دەخوازێت، كە بابەتەكەی دەوڵەمەندتر بكەیت.
8. خۆبەدورگرتن لەوەی ڕەخنەگرتن بكرێتە دەستكەوت و سەركەوتن، یاخود دەربڕینەكان ئەوە بگەیەنێت كەسی ڕەخنەلێگیراو نەزانە یان تاوانێكی گەورەی ئەنجامداوە، ئەمانە هەمووی هۆكارن بۆ ئەوەی كەسی ڕەخنەگر سەركەوتوو نەبێت، لەڕەخنەگرتن و ڕەخنەكەی بەرەو ئاقارێكی ناباشو شەڕەنگێز هەنگاو بنێت و دواتر هەردوولا بەرگری لەبیرۆكەكانی خۆیان بكەن و گفتوگۆكە بەئامانجێكی نەزۆك كۆتایی بێت.
9. كەسی ڕەخنەگر وەك مێشوو و مێشوولە هەڵسوكەوت نەكات، بەوەی بەردەوام بەدوای برینەوە بیت بۆئەوەی بیكولێنیتەوە، كاتێك كەسی ڕەخنەگر ڕەخنە دەگریت گرنگە خۆی بەدوور بگرێت لەهەڵە، كەس لەهەڵە پارێزراو نیە، كاتێك وەك ڕاوچی بەدوای هەڵە بگەڕێیت و كەسی ڕەخنەگر متمانەی خۆی لەدەست دەدات لەلایەن كەسی بەرانبەرەوە.
10. كەسی ڕەخنەگر تەنها زانیاری بگەیەنێت و داكۆكی نەكات و سورنەبێت لەسەر ئەوەی كە كەسی بەرانبەر ڕەخنەكەی قبوڵ بكات، لەبەرئەوەی هەموومان وەك یەك واین بیرو بیركردنەوەمان هەیە، كاتێ بیرۆكەی خۆتت گەیاند دووبارەو سێبارەی مەكەرەوە.
ئەگەر بەم شێوەیە ڕەخنە ئاڕاستەی كەسانی بەرانبەرت بكەیت، ئەوە هەمووی بەدڵێكی فراوان قبوڵی دەكات، ئەوكات ڕەخنەكەت دەچێتە چوارچێوەی ڕەخنەی دروستكەرو بنیاتنەر.