غەمگین کۆساری
کەدێیت پڕیت لەو حیکایەتانەی بەرلە گێڕانەوە
نێژراوون..
پڕیت لەدەنگی نەبیستراوو
هاواری خنکاوی ئەو کیژۆڵانەی بەبێدەنگی وەریوون.
تۆ کێیت ئەی وەرزی ئاشنا بە شووناسم؟!
هەر هەڵئەکەی
پرچێک ئەژاکێنی
ژنێک ئەوەرێنی لەئەوجی جوانیدا
تۆکێیت ئەی وەرزی لەیەکچوو لەگەڵ ڕۆحم
کەهەڵئەکەی من سەوز ئەبمەوە عەزیزم.
کەئەبارێی من پەنجەکانم ئەبنە خونچە
کە ناز ئەکەی ..فڕین لە کەللەم ئەیا
تۆ چەند سەرشێتی زەردە خەم
بشنێوە بەسەر یاخی بوونما
یان ئەیبەیتەوە و بە لەشکرێک وشەوە ئەشکێم
یان ئەکەووم بەسەر لاشەی دۆڕاوتا
بهێڵە سارد بینەوە پێکەوە
ئیدی نەتۆ گلەیی و نەمن مەغدوور ئەچمەوە زەردە خەم
ببارێ .. ئیشی ئێمە هەر وەرین بووە
ببارێ .. گەڵایەک بەسە بۆ قدومت ئەی یار ..
نەساڕێژ ئەبیت و نەلە کولانەوە ئەکەوی
هەرهاژەت دێ و لەسەردڵم چاک نابیتەوە
ئەی بەد بەختترین چڵی شکاو
بمێنە بەسەر ڕۆحمەوە تازە هەر کوژراوی
کزەت لەمە ساردتر نابێتەوە
بمێنە بەسەر حەسرەتمەوە تازە ئەسیرکراوی
بچیتە کەشکەلانی فەلەکیش هەر ئەتدۆزمەوە
بهێڵە سارد بینەوە پێکەوە
ئەی زەردەخەم..
بشنێوە بەسەر یاخی بوونما
ئەی وەرزی ئاشنا بە ڕۆحم