شلێر محمد علی
سوڕی ژیان لە سەر ئەم ڕووی زەویە بەردەوام بووە بۆ ماوەی نزیکی ٣.٨ بلیۆن ساڵ لە نێوان نزیکی ٨.٧ بلیۆن جۆری جیاوازی زیندەوەردا. هەموو توانیویانە بمێننەوەو پێشبکەون لەو ژینگەیەی کە هی هەموویانە. بەڵام پاش زیاد بوونی دەسەڵات و پێشکەوتنی گەورەی مرۆڤایەتی بەهۆی شۆڕشی پیشەسازییەوە، کە بەکارهێنانی بزوێنەرو کارگە بووە هۆی زیادکردنی بڕی بەرهەم. ئەمەش بووبە هۆی دروستبوونی چەندەها زیان و مەترسی لەسەر ژینگە. بۆ نموونە کەم بوونەوەی زۆرێک لەسەرچاوەکان و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و توانەوەی شاخە بەفرینەکان و بەرزبوونەوەی ئاستی زەریاکان. هەروەها چەندان جۆری زیندەوەر کەوتوونەتە مەترسیەوە یان هەر بە تەواوی دوابڕاو بوون. ئەم پێگەشتنەی مرۆڤایەتی بووەتە هۆی کارەسات و ئەگەری کۆتایی هێنان بە سوڕە بەردەوامەکەی ژیان لە ژینگە هاوبەشەکەی هەموواندا. لە ئەنجامی ئەمەدا ڕێگای جیاوازگیراوەتە بەر لە لایەن زانایانەوە بۆ پاراستنی ژینگە. یەکێک لەو ڕێگایانە زانستی لاسایی کردنەوەی سروشتە (biomimicry). وشەی biomimicry لە هەردوو ووشەی bio و mimicry پێکهاتووە کە یەکەمیان بە مانای زیندەوەران دێت و دووەمیان بە مانای لەبەرگرتنەوە دەگەیەنێت. (جەین بینیوس) کە نوسەرێکی زانستی سروشتییە و زۆرترین کتێب و بڵاوکراوەی لەم بوارەدا هەیە، پێناسەی زانستی (Biomimicry) دەکات کە زانستێکی نوێیە هەوڵ دەدا بیرۆکەکانی سروشت بخوێنێت و پاشان لاسایی ئەو شێوەو پرۆسانە بکاتەوە بۆ ئەوەی چارەسەرێکی هەمیشەیی و پێشکەوتوو بدۆزێتەوە بۆ پێشکەوتنەکانی پیشەسازی و لێکۆڵینەوە. (جەین بینوس) پێی وایە کە دەبێت ئێمە سەیری سروشت بکەین وەک نمونەیەک، پێوەرێک یان مامۆستایهک، یاساو ستراتیجیەکانی سروشت بخوێنین و هەروەها تا ئێستا چەندان نمونەی بایۆمیمیکری خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
(هارد بینوس) پێی وایە کە پێویستە ئێمە سەیری سروشت بکەین وەک نمونەیەک و پێوەرێک. واتە، کە داهێنانێکمان کرد یان پێشکەوتنمان لە بوارێکدا ، پێویستە بزانین تا چەند سیفەتەکانی سروشت لە بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی تێدایە.
بۆ نمونە ئەم یاسایانە لە سروشت دەرهێنراوە. سروشت:
لەسەر تیشکی خۆر بەڕێوە دەچێت تەنها ئەوەندە ووزە بەکارئەهێنێت کە پێویستێتی، بە شێوازێکە کە بتوانێت ئەرکەکەی جێبەجێ بکات، هەموو شتێک ریسایکڵ دەکاتەوە
پاداشتی پێکەوە ژیان و هاوکاریکردن دەداتەوە، پشت بە هەمەچەشنەیی دەبەستێت، شارەزایانی ناوچەی خۆی بەکارئەهێنێت، ئەوەی لێی زیادە لەناو خۆیدا کۆنترۆڵ و سنورداری ئەکات.
بۆ ڕوونکردنەوەی زیاترلەسەر بنچینەی ئەم یاسایانە کۆمپانیای (ئینتەرفەی) کاردەکات، کە کۆمپانیایەکی دروستکردنی کومبارە. بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە (ڕەی ئەندێرسن) لە ساڵی ١٩٩٤ هەستا بە گۆڕینی سیستەمی ئیشکردنی کۆمپانیاکە بۆ ئەو سیستەمەی کە سروشت کاری لەسەر دەکات. بۆ نمونە؛ بوونی هەمەچەشنەیی خاڵێکی گرنگە. ئەویش شێوازی کومبارەکانیان بەبە شی بچوکی چوار چێوەیی و لاكێشەیی، یان بە شێوەیەک دروستکردووە کە بتوانرێت زۆرێک ڕەنگ و شێوەی لەگەڵدا بگونجێت و هەرکاتێک شوێنێک لە کومبارەکە پاش ئەوەی بەکارنەما، ئەواتەنها ئەو شوێنە بەکارنەهاتووە دەگۆڕن. بەو شێوەیە پێویست ناکات هە موو کومبارەکە ببێت بە پاشەڕۆ. ئەمەش یەکێکی ترە لە یاساکانی سروشت کە بە شێوازێکە کە بتوانێت ئەرکەکەی جێبەجێ بکات. لقەکانی ئەم کۆمپانیایە لە و کاتەوەی کە کومبار بۆ هەر شوێنیک دادەنێت، دواتر بە بەردەوامی کارمەندانی کۆمپانیا چاککاری دەکەن لە کومبارەکاندا بۆیە پێویستە شارەزایانی ناوچەی خۆی بەکاربهێنێت. بەمەش هەلی کار زیاد دەبێت و تێچوونی کومبارەکان کەم دەکاتەوە. بۆیە دەبینیت پاداشتی پێکەوە ژیان دەداتەوە.
بایۆمیمیکری لە بواری جێبەجێکردندا
خۆرکەکان (مۆرانە) توانایەکی زۆریان هەیە بۆ هێشتنەوەی پلەی گەرمی و ڕادەی شێی شارەکانیان بە هاوسەنگی لە ئەفریقا هەر چەندە پلەی گەرمای دەرەوە لە ٣پلەی سيليزى ەوە دەگۆڕێ بۆ ٤٢ پلەی سيليزى. یەکەمجار لێکۆڵەرەوەکان سکانی شاری خۆرکەکانیان کردو وێنەی (سری دی) پێکهاتە کەیان دروستکرد. بۆیان دەرکەوت کە مرۆڤیش دەتوانێت ئەو شێوەو ئەندازانەی کە لە شارە خۆرکەکانا هەیە، بە کاری بێنن. سەنتەری (ئیستاگەیت) لە هەراری زیمبابۆی کە بینایەکی ٧-٨ نهۆمیە. فێنککەرەوەی ناڕاستەوخۆ بەکار ئەهێنێ وەکو چۆن شارە خۆرکەکان بە فێنکی ئەمێنێتەوە بە بێ بەکارهێنانی فێنککەرەوەی زۆر. بۆ فێنککردنەوەی ئەم بینایە تەنها %١٠ ی ئەو ووزەیەی پێویستە کە بۆ بینایەکی هاوشێوەی خۆی بەکار ئەهێنرێت لەو ووڵاتەیا.
ڕووە زبرەکەی گەڵای لۆتەس (lotus) بووەتە هۆی ئەوەی کە ئەم گەڵایە بە شێوەیەکی سروشتی خۆی پاککاتەوە بەو ئاوەی ئەکەوێتە سەری لە کاتی باران باریندا بێت یان بە هەر شێوەیەکی تر ئاوی بکەوێتەسەر. کەمترین شنە با بدات لە گەڵاکە و ئەوەندە گەڵاکە خواربێتەوە کە بە ئەستەم هەستی پێبکرێت دەبێتە هۆی ڕاکێشانی هەموو شتێکی پیس لەسەر گەڵاکە بە بێ ئەوەی پێویستی بە هیچ ووزەیەک هەبێت. ئێستا هەمان ئەو بیرۆکەیە بەکارهێنراوە بۆ دروستکردنی کەرەستەی بیناسازی بۆیاخ و کاشی و خشت و شوشە. ئەمەش پێویستی پاکژکەرەوەکان و هێزی کار کەم دەکاتەوە هەروەها تێچوونی چاککردنەوەش کەم دەکاتەوە، چونکە بە نەوەستانی ئاو لە سەر شتومەکەکان بە تایبەتی ئاسن زوو ژەنگ ناکەن و ناڕزێن.
کۆمپانیایەکی شەمەندەفەر کە پێی دەوترێت بوڵێت (واتە گولە) لە یابان ناوبانگی دەرکردووە بە خێرایی و سەلامەتی شەمەنەفەرەکانی. یەکێکە لە هێڵە شەمەنەفەرەکانی یابان و ٥١٥ کیلۆمەترە و قەرەباڵغییەکی زۆری لەسەرە. نزیکی ٦٤ ملیۆن کەس لەیەک ڕۆژدا لە یابان بە شەمەنەفەر هاتوچۆ دەکەن. لەبەر ئەوە (ناکاتسو) بەڕێوەبەری بەشی پێشخستنی تەکنیکی کۆمپانیاکە زۆر مەبەستی بوو کە خێرایی شەمەنەفەرەکانی زیادکات. هەروەها لەبەرئەوەی شەمەنەفەرەکان بە ناو چڕییەکی زۆری دانیشتواندا دەڕۆشتن زۆر پێویست بو کە شەمەنەفەرەکان بێ دەنگتربن. چونکە بەناو تونێلدا تێدەپەڕین، لە کاتی تێپەڕینەکەیدا هێزێکی زۆر لەسەر هەوای تونێلەکە دروست دەکات، چونکە شەمەندەفەرەکە لە کاتی چونەژوورەوەیدا جێگایەکی زۆر دەگرێت بە بێ ئەوەی دەرچەیەکی پێویست هەبێت بۆ هەواکە، ئەمەش پەستانێکی زۆری لەسەر شەمەنەفەرەکە دروست دەکرد و دەنگی زیاتر دەکرد و خێراییەکەشی کەم دەکردەوە. لە پاش لێکۆڵینەوەو خوێندنی سیفەتی چەند جۆرێکی باڵندە، لە کۆتاییدا گەشتن بەو ئەنجامەی کە شێوە و دیزاینی ماسیگرە هەڵبژێرن، چونکە ماسیگرە کە بە خێراییەکی زۆر ئەتوانێت لە ئاودا خۆی نقوم بکات، لە چڕییەکی کەمەوە (چڕی هەوا) بۆ ٨٠٠ ئەوەندە چڕیی (چڕی ئاو) دەڕوات، بە بێ ئەوەی هیچ شڵپەیەک یان پرشێک لە کاتی نقومبونەکەیا دروست بکات. بۆیە ئەو دیزاینەیان لە دروستکردنی شەمەندەفەردا بە کارهێنا. لە ساڵی ١٩٩٧ شەمەنەفەری (شینکانسن) توانی خێراترین پلە لە جیهاندا لەو کاتەدا تۆمار بکات کە ٣٠٠کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا بوو. لە کاتێکدا ئەو دەنگەی دروستی دەکرد لە سنوری ئەو ئاستی دەنگەدەنگەی کە حکومەت دیاری کردبوو تێنەدەپەڕی. لە بەرئەوەی بەرپەرچدانەوەی هەوای کەمتر کردبووەوە، پێویستی بە ووزەی کەمتر بوو.
بەو شێوەیە دەبینی بە تێڕامان و سەیرکردنی سروشت توانراوە چەند شێوازێک بدۆزرێتەوە کە کارامەیی لە بەرهەم هێنان و بەرهەمی زۆر بەکارو کاریگەر بەرهەم بهێنرێت. زانستی بایۆمیمیکری تائێستا لە چەندان بواری تردا کاری پێکراوە، وەکو کشتوکاڵ و دروستکردنی قوماش و شتی تر.