الأربعاء , فبراير 18 2026

ڕەنگکردنی قژی ئافرەت و کاریگەری لەسەر خۆشۆردن

ئامینه‌ محمد أمین/ خاوەنی بڕوانامەی زانستی شەرعی
پێشەکییەکی کورت
خۆجوان کردن و ڕازاندنەوە لە ئیسلامدا دژی تەقوا و پارێزكاری نییە، بەڵکو بەشێکە لەو فیترەت و سروشتەی کە شەریعەت دانی پێدا ناوە و ڕێکی خستووە. قورئانی پیرۆز بنەمای ڕەوابوون (ئیباحە)ی بۆ جوانی دیاری کردووە و دەفەرموێت:﴿قُلْ مَنْ حَرَّمَ زِينَةَ اللَّهِ الَّتِي أَخْرَجَ لِعِبَادِهِ﴾ – الأعراف: ٣٢
واتە: (بڵێ کێ زینەت و جوانیی خوای حەرام کردووە کە بۆ بەندەکانی به‌دیهێناوە؟).
کەواتە بنەما لە خۆ جوانکردن و ڕازاندنەوەی ئافرەتدا – لەوانە ڕەنگکردنی قژ – ڕەوابوونە، مەگەر بەڵگەیەک هەبێت بۆ قەدەغەکردنی. لێرەدا پرسیارە فیقهییە گرنگەکە ئەوەیە: ئایا ڕەنگکردنی قژ کاریگەری لەسەر دروستیی غوسڵ و خۆشۆردن هه‌یه‌؟:
یەکەم: حوکمی ڕەنگکردنی قژ لە بنەڕەتدا:
١. ڕەنگکردن بە غەیری ڕەنگی ڕەش:
ئەمە لە بنەڕەتدا دروستە، چونکە لە سوننەتدا ڕێگە بە گۆڕینی تاڵە سپییەکان دراوە، وەک پێغەمبەر ﷺ دەفەرموێت: غيّروا هذا الشيب وجنّبوه السواد – رواه مسلم.
واتە: (ئەم سپییە بگۆڕن و لە ڕەنگی ڕەش دوور بکەونەوە). ئەمەش بەڵگەیە لەسەر شەرعیبوونی گۆڕینی ڕەنگی قژ بە مەرجێک لای زۆربەی فوقه‌هاکان لە ڕەنگی ڕەشی تۆخ دوور بکەونەوە.
٢. ڕەنگکردن بە ڕەنگی ڕەشی تۆخ بۆ شاردنەوەی سپیبوون:
زۆربەی زانایان بە کارێکی زۆر مەکروهـ یان حەرامی دەزانن، بەهۆی ئەم فەرموودەیەی کە دەفەرموێت:
«يكون قوم يخضبون بالسواد كحواصل الحمام لا يريحون رائحة الجنة» – رواه أبو داود.
واتە: (لە کۆتایی زەماندا کەسانێک پەیدا دەبن قژیان بە ڕەش ڕەنگ دەکەن… بۆنی بەهەشت ناکەن). بەڵام جیاوازی لە نێوان زانایاندا لەم مەسەلەیەدا هەیە.
٣. مەرجە گشتییەکان:
• زیانی تەندروستی نەبێت.
• نەبێتە هۆی فێڵکردن و چەواشەکاری.
• خۆ نه‌چواندن به‌ بێباوه‌ڕانه‌وه‌ (التشبه) یان نەبێتە هۆی فیتنە.
دووەم: سەبارەت به‌ درووستی غوسڵ ( ئایا ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ خۆشۆردن یان ده‌ستنوێژی دانه‌مه‌زرێت؟):
وه‌ڵام:
ئەگەر ڕەنگی قژەکە (بۆیاخەکە) جۆرێک بێت بارستایی هه‌بێت و چینێکی ئەستوور یان پەردەیەک دروست بکات و ڕێگری بکات لە گەیشتنی ئاو بە قژەکە یان پێستی سەر لە کاتی غوسڵدا، ئه‌وا غوسڵی دانامه‌زرێت و پێویستە پێش غوسڵەکە لا ببرێت.
بەڵام ئەو بۆیانەی کە باون و تەنها ڕەنگەکە دەگۆڕن بەبێ ئەوەی ببنە بەربەست لەبەردەم گەیشتنی ئاو، ئەوا هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر دروستیی دەستنوێژ یان غوسڵ نییە، و لە ئەنجامدا نوێژەکەش دروستە.
خوای گه‌وره‌ش ده‌فه‌رموێت:﴿وَإِن كُنتُمْ جُنُبًا فَاطَّهَّرُوا﴾ – سورة المائدة: ٦
واتە: (ئەگەر لە حاڵەتی بێ نوێژیدا بوون پێویسته‌ خۆتان بشۆن و پاك ببنه‌وه‌). کەواتە گرنگییەکە لە ڕەنگی قژەکەدا نییە، بەڵکو لە گەیشتنی ئاوە بە ڕەگی قژ و پێستی سەربۆ پاك بوونه‌وه‌.

شاهد أيضاً

بۆچی پاکەتێک شیرینی دەبێتە تاوان

پارێزەر/ شاجوان شیخ محمد القرداغيزۆر کەس وا دەزانن ئەگەر مامەڵەکەیان تەواو بوو، ئینجا دواي ماوەیەک …