سێشەممە , تشرینی یەکەم 6 2026

ڕۆڵی ئافڕەت لەخێزاندا

مریەم ئیبراهیم گەڵاڵی

ئافرەت لە كۆمەڵگە و خێزاندا بونەوەرێكی فرە ڕەهەندە، كاریگەریی و گرنگییەكەی ھەروەك تیشكی خۆرە كە بە شێوازی گورزەیی بڵاودەبێتەوە و ھەموو گۆشە تاریکەکانی ژیان ڕووناك دەكاتەوە. ئافرەت لەناو ماڵدا تەنھا كەسایەتییەک نییە، بەڵکو هێزێکی بزوێنەر، سەرچاوەی سۆز، و کۆڵەکەی سەرەکی ڕاگرتنی هاوسەنگی خێزانە لە قۆناغە جیاوازەکانی ژیانیدا.
-کچ؛ چرای ئاسودەیی و پردی ئاشتی خێزان:
ئافرەت هەر لە سەرەتای منداڵییەوە ڕۆڵی ئەرێنی و کاریگەر دەگێڕێت. زۆرجار دایکان و باوکان لە سەرەتای تەمەنی منداڵییەوە ئاسودەیی و ئارامییەکی تایبەت لە کچەکانیاندا دەبینن؛ ئەوەندەی دایباب بە منداڵی کچ ئاسودەن، ئەوەندە بە منداڵی کوڕ ئاسودە نین. ئەم ئاسودەییە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە کچ هەمیشە وەک خوشک ڕۆڵێکی مەزن دەبینێت بۆ دروستکردنی کەشێکی پڕ لە ئارامی بۆ تەواوی ئەندامانی خێزانەکەی.خوشک لە ناوماڵدا وەک فریادڕەسێکی بێدەنگ و چاودێرێکی بەسۆز کار دەکات. ئەگەر ئەم کچە هەست بەوە بکات کە دوو لە ئەندامانی خێزانەکەی، بۆ نموونە خوشک و برایەک یان دوو برا، لە یەکتر دڵگران بوون، خێرا و بێ دوودڵی هەوڵی ئاشتکردنەوەیان دەدات. ئەو ناتوانێت تێکچوونی شیرازەی خێزانەکەی ببینێت، بۆیە هەموو هێز و توانای خۆی، بە قسەی خۆش، بە نێوەندگیری و سۆز، و بە لێکتێگەیشتن، دەخاتە گەڕ بۆ ئەوەی دڵەکان بە لای یەکدا نەرم بکاتەوە.
ئەم کچە دەبێتە چەقێک بۆ یەکخستنەوەی خێزان و ڕێگەنادات هیچ کەلێنێک لە نێوان خوشک و براکاندا دروست بێت، ئەمەش نیشانەی قووڵی سۆز و بەرپرسیارێتی پێشوەختی ئەو کچەیە بەرامبەر خێزانەکەی.
-دەسگیران، سادەیی، ساكاری و پاراستنی بەهاکان:
کاتێک ئافرەت پێ دەنێتە قۆناغێکی نوێی ژیان و دەبێتە دەسگیران، ڕەفتار و کەسایەتی ئەو وەک ئاوێنەیەکی ڕوون و بێگەرد دەمێنێتەوە. وەک دەسگیران هیچ ڕەفتارێکی نامۆ و نه‌شیاو ناکات؛ بەڵکو هەمیشە بە سروشتی خۆی، سادە و ساكار دەمێنێتەوە. لەم قۆناغەدا، ئەو دەبێتە هێمای متمانە و وەفا، بە ڕەوشتە بەرزەکانی و بە تێگەیشتنی قووڵی بۆ هاوبەشی ژیان، زەمینەیەکی تەندروست بۆ دروستکردنی خێزانێکی نوێ لەسەر بنەمای ڕێز و خۆشەویستی دادەڕێژێت.
-هاوسەر، شاژنی ماڵ و چرای هاوسەنگی و ڕێز:
قۆناغی هاوسەرگیری وەرچەرخانێکی گەورەیە لە ژیانی ئافرەتدا. ئەو وەک هاوسەر هەمیشە هەوڵی گرێدانەوە و چارەسەرکردنی ئەو کێشانە دەدات کە لە ناو خێزاندا ڕوودەدەن، ناهێڵێت زریان و ناکۆکییەکان بنەمای خێزانەکەی بلەرزێنن. ئافرەت وەک هاوسەر ئەوپەڕی ڕێز لە هاوسەرەکەی دەگرێت و ئەو ئەرکەی لەسەریەتی بە جوانترین شێوە جێبەجێی دەکات. لە بەڕێوەبردنی ماڵدا، ئەو دەبێتە سەرکردەیەکی دادپەروەر کە هەمیشە هاوسەنگی ڕادەگرێت؛ نە مافی هاوسەرەکەی دەخوات و نە مافی منداڵەکەی، بەڵکو بە حیکمەت و لێهاتوویی خۆی، مافی هەموان بە یەکسانی و بەپێی پێویستی سۆزداری و ماددی دابەشدەکات تا کەس هەست بە فەرامۆشکردن نەکات.
ئافرەت لەناو ماڵدا؛ فرە پیشە و فرە بەهرەیە، ئافرەت لە چوارچێوەی ماڵەکەیدا تەنها یەک کار ناکات، بەڵکو کۆمەڵێک بەرپرسیارێتی قورس بە ئەوپەڕی خۆشەویستییەوە جێبەجێ دەکات:
*شێفێکی لێهاتوو: ئەو لە چێشتخانەکەیدا شێفێکی کارامەیە و هەموو جۆرە خواردنێکی خۆش ئامادە دەکات، چونکە لەسەر دەستی دایکێکی دڵسۆز و لێهاتوو پەروەردە کراوە و فێری بنەماکانی بەڕێوەبردنی ماڵ بووە.
*پەرستارێکی بەسۆز: ئەگەر ئەندامێکی خێزانەکەی نەخۆش بکەوێت، ئەو دەبێتە پەرستارێکی میهرەبان و تا بەیانی بە دیارییەوە دادەنیشێت، بەبێ ئەوەی هەست بە ماندووبوون و هیلاکی بکات، چونکە سۆزی دایكایەتی و هاوسەریەتی هێزی پێدەبەخشێت.
*مامۆستایەکی ڕێنیشاندەر: ئەو وەک مامۆستایەک وایە کە ڕۆژانە منداڵەکان پەروەردە دەکات، وانەی ژیان و زانستیان فێردەکات و چاودێری پاشەڕۆژیان دەکات.
*سیکوریتی و پارێزەری ماڵ: تەنانەت پاراستن و ئاسایشی ماڵەکەش بەو سپێردراوە؛ هەموو شەوێک بەرپرسیارێتی داخستنی دەرگاکان و ئاگاداری و چاودێریکردنی هێمنی ماڵ بە دایک دەسپێردرێت.
*ئابووری، بەڕێوەبردن و پاراستنی کات: ئافرەت تەنها کارناکات، بەڵکو داڕێژەر و ئەندازیاری ڕاستەقینەی ناوماڵە لە چەندین ڕووی ستراتیژییەوە.
*ئەمین سندوق و وەزیری دارایی: ئابووری خێزانەکە بە تەواوی لە ژێر دەستی ئەودایە. ئەو پلانێکی وردی هەیە بۆ دابەشکردنی داهات، دەستپێوەگرتن و ڕێکخستنی خەرجییەکان. هەموو ئەم کارە قورسانەش لەسەر شانی ژنە وەک هاوسەر، چونکە ئەو لە هەموو کەس باشتر دەزانێت ماڵەکە لەو ساتەدا چی پێویستە و چی پێویست نییە، بەمەش ماڵەکە لە قەیرانی دارایی دەپارێزێت.
*ڕێکخەری کات و ژیان: ئافرەت وەک بەڕێوەبەرێکی کارامە وایە، بۆ هەموو شتێک لە ناو ماڵدا پلان و کاتی تایبەتی هەیە. کاتی نانخواردن، کاتی خوێندنی منداڵەکان، و کاتی حەوانەوە؛ هەمووی بە حیکمەتی ئەو ڕێکدەخرێت.
*پارێزەری پاکوخاوێنی (شاژنی ڕێکوپێکی): ئافرەت پاککەرەوە و نۆژەنکەرەوەی ڕۆژانەی ماڵە. یەک ڕۆژ ئەم ئافرەتە لە ماڵدا نەبێت، تەواوی ژینگە و کەشی ماڵەکە تووشی فەوزا و شێواوی دەبێت. ئەگەر دە کەسی تریش لەناو ماڵەکەدا بن و خەریکی کۆکردنەوە بن، ناتوانن وەک ئەو ماڵەکە کۆبکەنەوە و پاکی بکەنەوە؛ چونکە دەستی ئەو بەرەکەتی تێدایە و چاوی ئەو بە وردەکارییەکان ئاشنایە.
*خاوەنی نهێنییەکان و سندوقە ڕەشەکەی خێزان: یەکێک لە گرنگترین و هەستیارترین ڕۆڵەکانی ئافرەت ئەوەیە کە ئەو خاوەن و پارێزەری نهێنی ماڵە. ئەو لە ڕاستیدا وەک (سندوقە ڕەشەکەی خێزان) وایە، کە هەموو کێشە، ژان، هیوا و ڕووداوە ناوخۆییەکانی تێدا دەشاردرێتەوە و هەرگیز ناهێڵێت هیچ شتێک بچێتە دەرەوە. نەک تەنها خۆی، بەڵکو دایک وەک پەروەردەکارێک، ئەندامانی خێزان فێری ئەوە دەکات چۆن نهێنی ماڵەکەیان بپارێزن و کەرامەت و تایبەتمەندی خێزانەکەیان لە دەرەوە بە پارێزراوی بهێڵنەوە.
سەرووی هەموو ئەم ئەرک و ماندووبوونە قورسانەش، ئافرەت خاوەنی دڵێکی هێندە گەورەیە کە هەمیشە دڵی هەمووان دەداتەوە، دڵیان خۆش دەکات و بە دڵی هەموو ئەندامانی خێزانەکەی دەکات، هەمیشە ئارامی و ویستی خۆی دەکاتە قوربانی لەپێناو بەختەوەری ئەواندا.
-دایک، قوتابخانەی پەروەردە و پێگەیاندنی نەوەی داهاتوو:
مەزنترین و پیرۆزترین قۆناغ لە ژیانی ئافرەتدا، کاتێکە دەبێتە دایک. دایک تەنها سەرچاوەی ژیان نییە، بەڵکو یەکەم قوتابخانەی مرۆڤایەتییە. ئەو ڕۆڵ و بەرپرسیارێتییە گەورەیەی لەسەر شانێتی ئەوەیە کە ڕۆڵەکەی بە جوانترین شێوە پەروەردە دەکات. دایک شەونخونی دەکات بۆ ئەوەی منداڵەکەی لەسەر بنەمایەکی دروست گەورە بێت، فێری ئەتەکێتەکانی ژیانی دەکات و بەهای باڵا و ڕەوشتی بەرزی لە ناخدا دەچێنێت.ئافرەت لە هەموو قۆناغەکانی ژیانیدا (وەک کچ، خوشک، دەسگیران، هاوسەر، دایک) کۆڵەکەی نەپساوەی بەردەوامی و خۆشبەختی خێزانە. بێبوونی ئەو، ماڵەکان سارد و بێ ڕۆح دەبن، و کۆمەڵگەش ناسنامەی ڕەسەنی خۆی لەدەست دەدات.

Check Also

منداڵی تەندروست (2) فێری منداڵەکەت بکە، ناکرێت هەمیشە حاڵی باش بێت

شنۆ حسێنچۆن منداڵێکی دڵخۆش پەروەردە بکەین؟ ئەگەر «دڵخۆشی» بەوە پێناسە بکەین کە منداڵەکەمان دەبێت هەمیشە …