شەممە , تشرینی دووەم 21 2026

سیلەی ڕەحم: لە ئەرکێکی ئەخلاقییەوە بۆ پابەندبوونێکی یاسایی

ڕاوێژکاری یاسایی: دڵخواز عبداللە

سنوورە یاسایی و کۆمەڵایەتییەکانی پاراستنی پەیوەندی خێزانی(سیلەی ڕەحم)
لە نێوان ڕەهەندی یاسایی و کۆمەڵایەتیدا
لە سەردەمی ئێستاماندا، لەگەڵ خێرایی ژیان، قەیرانە ئابوورییەکان و زۆربوونی ئالنگارییەکان، پەیوەندییە خێزانییەکان لە هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی مەترسی پچڕان و لاوازبوون دەبنەوە.
پاراستنی پەیوەندییە خێزانییەکان تەنها بابەتێکی سۆزداری نییە، بەڵکو بناغەی ئارامی کۆمەڵگا و پرسێکی یاساییشە کە ڕاستەوخۆ دەستکاری مافە مرۆییەکان دەکات.
ئەم پرسە لە ڕوانگەی یاسایی و کۆمەڵایەتییەوە هەڵدەسەنگێنین.

یەکەم
پێناسەی گشتی و بازنەی خزمایەتی لە نێوان عورف و یاسادا:

پێناسەی (سیلەی ڕەحم) پاراستنی پەیوەندی خێزانی :
بریتییە له پاراستن، بەهێزکردن و بەردەوامیدانی پەیوەندی خێزانی و کۆمەڵایەتی لەگەڵ کەسوکار و خزمەکاندا، لەڕێگەی سەردانیکردن، پرسیارکردن لە بارودۆخیان، یارمەتیدانیان لە کاتی پێویستدا، و دوورکەوتنەوە لە پشتگوێخستن یان بڕینی بەمەبەستی پەیوەندییەکان.

بازنەی خزمایەتی لە ڕوانگەی یاساییەوە:
یاسا زیاتر جەخت لەسەر ئەندامانی خێزان و پلەکانی خزمایەتی (پلە یەک، دوو و سێ) دەکاتەوە، بەتایبەت لەو حاڵەتانەی کە ئەرک و مافەکان (وەک نەفەقە، مافی سەردانیکردن و پاراستنی جەستەیی و دەروونی) ڕێکدەخەن.

دووەم
کاریگەرییە کۆمەڵایەتییەکان و نموونەی واقعی:
لە کۆمەڵگەکەماندا، پەیوەندی خێزانی هەمیشە لانکەی هێمنی و بنەما ڕەسەنەکان بووە پێچەوانەکەی، واتە پچڕاندنی ستەمکارانەی پەیوەندییەکان، زیانی گەورەی کۆمەڵایەتی لێدەکەوێتەوە:
نموونەی واقعی
١ – گۆشەگیرکردنی کۆمەڵایەتی :
لە یەکێک لە کەیسەکاندا، پیاوێک بەبێ هیچ هۆکارێکی لۆژیکی، ڕێگری لە هاوسەرەکەی کرد کە سەردانی دایک و باوکی بەتەمەنی بکات، تەنانەت لە کاتی نەخۆشکەوتنی دایکیدا ڕێگەی نەدا بچێتە سەردانی ئەمە نەک هەر پەیوەندییەکەی گەیاندە لێواری جیابوونەوە، بەڵکو کاریگەری دەروونی قورسی لەسەر منداڵەکانیش دروست کرد.

دەرئەنجامە کۆمەڵایەتییە نەرێنییەکانی پچڕاندنی پەیوەندییەکان:

  1. داڕمانی متمانەی خێزانی: گۆڕینی خێزان لە «ژینگەی ئارامی» بۆ «زیندانێکی دەروونی».
  2. زیانی دەروونی بۆ سەر منداڵان و کەسە بەتەمەنەکان: دروستبوونی دڵەڕاوکێی توندو خەمۆکی بەهۆی پچڕانی سیلەی ڕەحم و سەردانەکانەوە.
  3. لاوازبوونی تۆڕی سەلامەتی کۆمەڵایەتی:
    لە کاتی قەیرانەکاندا، خزم و کەس وکار وەک پاڵپشتی ئابووری و دەروونی کار دەکەن؛ بڕینی ئەم پەیوەندییە تاک تووشی گۆشەگیری و بێپشتیوانی دەکات.

سێیەم /
لایەنی یاسایی: سزاکان و ڕێوشوێنەکان لە هەرێمی کوردستان
کاتێک پچڕانی پەیوەندییەکان دەبێتە گۆشەگیرکردن، توندوتیژی دەروونی، یان ڕێگریکردن لە مافە یاساییەکان، یاسابەرکارەکانی هەرێمی کوردستان بەتوندی دێنە دەنگ کە ئەمانەن:.
١- یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی (ژمارە ٨ی ساڵی ٢٠١١):
کاتێک ناکۆکییە خێزانییەکان دەگەنە ئاستی پێشێلکاری، یاساکە بە پێی حاڵەتەکە مامەڵەی لەگەڵ دەکات:

  • حاڵەتەکانی پێشێلکاری:
  • گۆشەگیرکردن و قەدەغەکردنی پەیوەندی کۆمەڵایەتی (ڕێگریکردن لە ئەندامێکی خێزان بۆ هاتوچۆو پەیوەندیکردن بە کەسوکاری نزیکیەوە).
  • توندوتیژی دەروونی، هەڕەشە، یان شکاندنی کەرامەت بە مەبەستی پچڕاندنی پەیوەندییە خێزانییەکان.
  • بێبەشکردنی نایاسایی لە سەردانیکردن یان بینینی منداڵ دوای جیابوونەوە.
  • سزاکانی ناو یاساکە:
  1. پێبژاردن (غەرامە): بۆ حاڵەتە مامناوەندەکان بە بڕی دیاریکراو لەلایەن دادگاوە.
  2. زیندانیکردن: لە حاڵەتی هەڕەشەی توند، توندوتیژی فیزیکی، یان گۆشەگیرکردنی زۆرەملێ کە زیانی گەورە بگەیەنێت.
  3. توندترکردنی سزا بەپێی یاسای سزادان:
    بەپێی ماددەی (٨) یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی، ئەگەر ڕەفتارەکە بەپێی یاسای سزادانی عێراقی تاوان بێت (وەک گۆشەگیرکردنی نایاسایی)، سزاکەی توندتر دەکرێت چونکە لە ناو خێزاندا ئەنجام دراوە.
  • ڕێوشوێنە خێراکانی پاراستن:
  • بڕیاری بەڵێننامە (تعهد): ناچارکردنی تۆمەتبار بە واژۆکردنی بەڵێننامەی توند لە بنکەی پۆلیس یان دادگا بۆ دووبارەنەکردنەوەی ڕفتاری نەگونجاو.
  • فەرمانی پاراستن: بۆ دوورخستنەوەی قوربانی لە هەر جۆرە هەڕەشە و دەستدرێژییەک.

چوارەم .
چارەسەرو ڕێوشوێنە کاریگەرەکان:
بۆ ڕێگریکردن لەم دیاردە ناتەندروستە و گەڕاندنەوەی هاوسەنگی بۆ ناو خێزان، پێویستە ئەم هەنگاوانە بنرێن:

  1. هۆشیاری کۆمەڵایەتی: بڵاوکردنەوەی ڕۆشنبیری لێبوردەیی و گرنگی پەیوەندی خێزانی لە ڕێگەی دەزگاکانی ڕاگەیاندن، ناوەندە پەروەردەیییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە.
  2. پەنابردن بۆ دیالۆگ و ڕاوێژکاری خێزانی: لە کاتی هەبوونی کێشەدا، پێویستە سەردانی ناوەندە ڕاوێژکارییەکان و توێژەرە کۆمەڵایەتییەکان بکرێت پێش ئەوەی کێشەکان بگەنە دادگا.
  3. سەروەری یاسا: توندکردن و خێراکردنی ڕێکارە یاساییەکان لە بەرانبەر هەر کەسێک کە یاسای توندوتیژی خێزانی پێشێل دەکات و ئەندامێکی خێزان گۆشەگیر دەکات یان بێبەشی دەکات لە مافەکانی.
  4. زانایانی ئایینی پێشەنگبوون لە چاکەدا لە ووتارەکانیاندا زیاتر بخەنە ڕوو لە جێبەجێکردنی بنەما ئەخلاقییە مرۆییەکان بەوەی تەنانەت ئەگەر پەیوەندییەکیش لاواز بووبێت، مرۆڤ هەوڵی چاکەکردن و نوێکردنەوەی پەیوەندییەکان بدات بۆ پاراستنی شیرازەی خێزان و کۆمەڵگا.

Check Also

مێژووی پرۆسه‌ی خوێندن له‌شاری سلێمانی

ن: زەکیە ڕەشید هه‌موو شتێك له‌ خاڵی یه‌كه‌م و یه‌كه‌م هه‌نگاوه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات، خوێندن له‌ …