
و. هەڵاڵە محمد ئەڵماس
وەڵام: بەڵێ و نەخێرە.
بەڵێ، کاتێک ئیسلام باس لە ژن دەکات وەک مرۆڤێک کە کەرامەت و بەهای تاکەکەسیی هەیە و، لە ئەرکە ئەخلاقی و مرۆییەکاندا بەرپرسیارە؛ لەم ڕووەوە ژن و پیاو لە بەهای مرۆییدا یەکسانن .
نەخێرە، ئەگەر مەبەست لە یەکسانی ئەوە بێت کە پیاو و ژن لە هەموو کار و ئەرک و ڕۆڵێکی خێزانی و کۆمەڵایەتییەکاندا دەبێت وەک یەک بن؛ ئەمە ئەو مانایەیە کە زۆرجار لە ئەورووپا لە وشەی «یەکسانی» تێدەگەین.
لە بنەڕەتدا، باسکردنی بەرزتر یان نزمتر تەنها لەنێوان دوو شتی هاوجۆر و هاوشێوەدا مانای هەیە. ژن نە بەرزترە و نە نزمتر لە پیاو؛ چونکە زۆر بە سادەیی جیاوازە لە پیاو.
بۆیە بەراوردکردنی ئەوان بە مەبەستی دیاریکردنی «کامیان بەرزترە» لە بنەڕەتدا دروست نییە.
بۆ نموونە، پرسیارکردن لەوەی دڵ گرنگترە یان سییەکان؟ مانایەکی نییە؛ چونکە هەر یەکێک لەو دوو ئەندامە ئەرکی تایبەتی خۆی هەیە و ناتوانێت جێگای ئەرکی ئەوی دیکە بگرێتەوە. هەر ئەو جیاوازییەشە کە بە هەر یەکێکیان بەهای تایبەتی دەبەخشێت.
لێرەدا دەبێت ڕاستییەکی گرنگ تێبگەین:
ئەو ئەرکانەی قورئان باریان دەخاتە سەر مرۆڤ، لە بنەڕەتدا لەسەر پیاو و ژن هەردووکیانە. لە ئەنجامدانی ئەرک و بەرپرسیارێتیی پێنج ڕووکنی ئیسلامدا هیچ جیاوازییەکی لە بنەڕەتی بەرپرسیارێتی نێوانیان نییە:
• وتنی شەهادەتین
• نوێژ
• ڕۆژوو
• زەکات
• حەج.
هەروەها لە ئەرکە ئەخلاقییەکانیشدا کە قورئان بە ڕاستەوخۆ یان بە ناڕاستەوخۆ داوا لە مرۆڤ دەکات، پیاو و ژن هەردووکیان یەکسان و بەرپرسیارن.
کەواتە بەرپرسیارێتی لە بنەڕەتدا یەکسانە، چونکە لە بەهای مرۆییدا یەکسانن؛ بۆیە هەر یاسای دادپەروەرانە بەرپرسیارێتی بە بنەمای بەها و شایستەیی مرۆڤ دادەنێت.
لەبارەی جیاوازییەکانی ژیری پیاو و ژنەوە، هەندێک لێکۆڵینەوە باس لەوە دەکەن کە جیاوازییەکان زیاتر پەیوەندییان بە شێوازی بەکارهێنانی ژیری هەیە، نەک بە ئاستی گشتیی ژیری.
لە هەندێک جۆری تاقیکردنەوەدا ژنان ئەنجامی باشتر دەدەن، بەتایبەتی لەو بوارانەی پەیوەندییان بە تێبینی، لەبەرکردن و گرنگیدان بە وردەکارییەکانەوە هەیە؛ لە بەرامبەردا پیاوان لە هەندێک تاقیکردنەوەی پەیوەندیدار بە ژمارە، بۆچوونی مەکانیکی و هەندێک توانای شوێنەواری ئەنجامی باشتر دەدەن.
هەروەها دەوترێت کە لە هەندێک ئاستی زۆر بەرزی توانای ژیریدا ژمارەی پیاوان زیاترە، بەڵام لە هەمان کاتدا لە هەندێک پێوەری کێشەی ژیریدا ژمارەی پیاوان دەتوانێت زیاتر بێت.
بە پێی ئەم تێڕوانینە، ژیری پیاو زۆرجار ئاڕاستەی جیهانی دەرەوە و، کێشە و شتە دەرەکییەکانە، لە کاتێکدا ژیری ژن زیاتر ئاراستەی ژیانی ڕۆژانە، پەیوەندییە مرۆییەکان، کەسایەتی و هەست و سۆزەکانە. ئەم جیاوازییەش بەشێک لەوەیە کە بە جیاوازیی ڕۆڵی هەردوو ڕەگەز لە دروستبوون و بەردەوامبوونی ژیانەوە پەیوەندی هەیە.
ژن لە مێژووی مرۆڤایەتیدا هێمای بوونەوە، دووگیانبوون، منداڵبوون و بەردەوامبوونی نەوەکانە. لە هەموو ئەو ڕووداوانە گرنگانەی پەیوەندییان بە دروستبوون و بەردەوامبوونی ژیانەوە هەیە، ژن ڕۆڵێکی ڕاستەوخۆ و سەرەکی دەبینێت؛ لە کاتێکدا ڕۆڵی پیاو لە پرۆسەی دووگیانبوون و منداڵبووندا جۆرێکی دیکەیە.
بۆیە لێرەدا پەیوەندیی نێوان پیاو و ژن پەیوەندیی دوو کەسی «یەکسان لە هەموو شتێک» نییە؛ بەڵکو پەیوەندیی دوو بوونی جیاواز و تەواوکەرەوەی یەکترە کە هەر یەکێکیان ڕۆڵ و تایبەتمەندیی خۆی هەیە.
کەواتە، ئەگەر مەبەست لە «یەکسانی» ئەوە بێت کە پیاو و ژن دەبێت لە هەموو تایبەتمەندی، تواناکان، ئەرکە خێزانییەکان و ڕۆڵە کۆمەڵایەتییەکاندا وەک یەک بن، ئەوا ئەم پرسیارە لە بنەڕەتدا پرسیارێکی دروست نییە.
ئیسـلام ژن و پیاو بە یەک مرۆڤی بەرپرسیار دەبینێت، بەڵام جیاوازیی سروشتی و ڕۆڵەکانیانیش پشتگوێ ناخات.
کەواتە، مەسەلەکە نابێت تەنها بە «یەکسانی» بناسرێت؛ بەڵکو دەبێت بە کەرامەت، دادپەروەری، بەرپرسیارێتی، جیاوازی و تەواوکەریی نێوان پیاو و ژن تێبگەین.
من كتاب “عوائق النهضة الإسلامية”، علي عزت بيجوفيتش، 1997.