هەڵاڵە محمد ئەڵماس
ژیان بەردەوام لە نێوان سەرکەوتن و شکستدا دەسوڕێتەوە. کاتێک پیاو لە ژیانی هاوسەری یان کار و بژێویدا توشی شکست و تەنگژە دەبێت، ڕۆڵی ژن وەک هاوبەش و پشتیوانێکی سەرەکی دەردەکەوێت.
یەکەم: چۆن ژن هاوکار و پشتیوانی هاوسەرەکەی دەبێت لە کاتی شکستدا؟
١. پاراستنی نهێنی و ڕێزگرتن لە شکۆی پیاو
- شاردنەوەی کەموکوڕییەکان: نابێت ژن ئاریشە و شکستەکانی هاوسەرەکەی لای خەڵکی یان خزم و کەس بڵاو بکاتەوە.
- دەرنەخستنی لاوازی و عەیبەکان: وەک لە قورئانی پیرۆزدا هاتووە( هن لباس لکم و أنتم لباس لهن)، ژن دەبێت پۆشەر و پارێزەری کەرامەتی هاوسەرەکەی بێت و عەیبەکانی نەباتە دەرەوە.
٢. خەمخۆری و پشتیوانیی مەعنەوی - پاڵپشتیی دەروونی: دروستکردنی کەشێکی ئارام لە ماڵدا تا پیاوەکە دوور بێت لە پەستان و فشارە دەروونییەکان.
- گەڕاندنەوەی هیوا: بەهێزکردنەوەی بڕوابەخۆبوونی پیاوەکە و هاوکاریکردنی بۆ ئەوەی لەسەر پێی خۆی بوەستێت.
- ڕەچاوکردنی ڕەفتار و ئاخاوتن: مامەڵەکردن بە چاکە، بەکارهێنانی ووشەی شیرین، و لەبەرچاوگرتنی لایەنە ئەرێنییەکانی پیاوەکە لەبری لۆمەکردن.
٣. ئارامگری و بەشداریکردن لە هاوکاریکردنی لەبارگرانییەکاندا - پشتیوانی لەسەرجەم لایەنەکان: دەستگرتنی پیاو لە دواکەوتوویی یان لەو کاتانەی توشی داڕمانی دارایی و جەستەیی دەبێتەوە. وتراوە: “لە پشتی هەر پیاوێکی مەزنەوە، ژنێکی مەزن هەیە.”
٤. ڕێزگرتن لە پەیمانی پیرۆزی هاوسەرداری (الميثاق الغليظ) - پاراستنی بەهای هاوسەرداری: قورئانی پیرۆز پەیوەندیی هاوسەرداری بە “مِيثَاقاً غَلِيظاً” (پەیمانێکی زۆر بەهێز و قورس) ناودەبات.
- لەبەرچاوگرتنی چاکەکانی ڕابردوو: وەک قورئان دەفەرموێت: ﴿وَلَا تَنَسَوُا الْفَضْلَ بَيْنَكُمْ﴾ (چاکە و ڕێزی نێوانتان لەبیر مەکەن). کاتی تەنگژە دروست دەبێت چاکەکانی ڕابردووی یەکتر لەیاد مەکەن.
- بەردەوامیدان بە ژیان: ئارامگرتن لەپێناو پاراستنی کۆڵەکەکانی خێزان.
٥. هاوکاریکردن لە پێداویستییە جۆراوجۆرەکاندا - پێداویستیی جەستەیی و تەندروستی: بەدەنگەوەهاتن و چاودێریکردنی هاوسەر لە کاتی نەخۆشی و بێهێزیدا بەپێی توانا .
- هاوکاریی مادی: پێشکەشکردنی هاوکاریی دارایی ئەگەر توانای هەبێت (وەک بەکارهێنانی زیو/ئاڵتون یان سەرمایەی تایبەتی خۆی)، بە ئیلهام وەرگرتن لە هەڵوێستی مێژوویی دایکمان حەزرەتی خەدیجە (ڕەزای خوای لێبێت) کە تەواوی سامانی خۆی خستە خزمەت و پشتیوانیی پێغەمبەر ﷺ.
- کەمکردنەوەی تەنگژەی دەرونی: تێگەیشتن لە بارودۆخی دەرونیی پیاوەکە و کەمکردنەوەی فشارەکانی سەر شانی.
دووەم: بیرکردنەوەی ئەرێنی و بە گرتنەبەری ڕێگەچارەی ئیسلامی لە کاتی شکستدا ئەویش بە:
١. بەهێزکردنی لایەنی ئیمانی و بڕوا بە قەزا و قەدەر - ئاگاداربوون لە سروشتی ژیان: دەبێت مرۆڤ بزانێت کە ژیان هەمیشە لەسەر یەک ئاست نامێنێتەوە. خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿وَتِلْكَ الْأَيَّامُ نُدَاوِلُهَا بَيْنَ النَّاسِ﴾ (ئێمە ڕۆژگار و کاتەکان لە نێوان خەڵکیدا دەسوڕێنینەوە).
- دڵنیایی لە ئاسانکاری: ﴿فَإِنَّ مَعَ الْعُسْرِ يُسْراً﴾ (بەڕاستی لەگەڵ هەر قورسییەکدا ئاسانییەک هەیە).
٢. دانایی لە بەڕێوەبردنی سەرمایە و ئابووریدا - دابەشکردنی مەترسییەکان: نابێت مرۆڤ تەواوی سەرمایە یان هیوای خۆی بخاتە سەر یەک بوار یان یەک ئامانج.
- پابەندبوون بە دەستکەوتی حەڵاڵ: نەبوونی و هەژاری نابێت مرۆڤ هان بدات بەرەو لادان و کاری حەرام. وەک لە ووتەی ژنێکی دینداری دانادا هاتوو: “من ئارام دەگرم لەسەر برسییەتی و هەژاری، بەڵام ئارام ناگرم لەسەر ئاگری دۆزەخ (خواردنی حەرام).”
سێیەم: مامەڵەکردنی ژن لەگەڵ هاوسەری خانەنشینکراو (المتقاعد) - تێگەیشتن لە قۆناغی نوێ: کاتێک پیاو خانەنشین دەبێت و لە کار دادەنیشێت، تووشی بێزاری و هەستکردن بە بێسوودی دەبێتەوە.
- دروستکردنی ژینگەیەکی ئاسودە: دەبێت ئافرەت بە شێوازێکی نەرم، ئاسان و پڕ لە ڕێز و خۆشەویستی مامەڵەی لەگەڵدا بکات.
- بەردەوامیی خۆشییەکان: درێژەدان بە هاوبەشیکردنی ژیان بە ئارامی و خۆشی تا کۆتایی تەمەن.