دووشەممە , حوزه‌یران 29 2026
Screenshot

چاکسازی خود (7)… ئاستی چاوەڕوانییەکانمان کەم بکەینەوە

شادان عوسمان
لە ژیانی مرۆڤدا، زۆر شت هەیە کە لە دەستماندا نییە. ئەگەر ناتوانین هەموو شتێک کۆنترۆڵ بکەین، ئەوا باشترین ڕێگا ئەوەیە کە سنوری چاوەڕوانیەکانمان دادەبەزینین و تێگەیشتنمان بەرز بکەینەوە. واتە: هەموو شتێک بە دڵمان نابێت، هەموو مرۆڤێک وەک ئەوەی ئێمە دەمانەوێت نابێت.
لە نێوان ئەوەی دەستمان پێدەگات و ئەوەی دڵمان پێی دەچەسپێت، جیهانێک هەیە پڕ لە هەست و هەڵە. مرۆڤ کاتێک دەیەوێت هەموو شتێک بەپێی خواستی خۆی بێت، لە ڕاستیدا خۆی دەخاتە ناو شەڕێکی بێ کۆتایی لەگەڵ واقع. چونکە ژیان، نە بە ئارەزووی ئێمە دەبیت، نە بە بۆچون و ڕوانینی ئێمە دەوەستێت.
بەڵکو بە حیکمەتی خوای گەورە دەگوزەرێت.
ئەگەر تۆ ناتوانیت هەموو شتێک بگۆڕیت، ئەوا فێربە چاوەڕوانیەکانت بگۆڕی.
مرۆڤەکان، نە فریشتەن نە تەواو پڕن لە کەموکوڕی. بۆیە ئەو کەسەی کە بە چاوێکی بەزەیی دەڕوانێت، زیاتر ئارامی دەدۆزێتەوە لەوەی کە بە چاوێکی داواکاری دەڕوانێت.
مرۆڤ، مرۆڤە و مخلوقە پڕە لە کەموکورتی هەڵە، بۆیە پێویستە بە دڵسۆزی و بەزەییەوو لە مرۆڤەکان بڕوانین، نەک بە چاوەڕوانییەکی بێ سنوور. ئەگەر چاوەڕوانی زۆرمان لە خەڵک هەبێت، زوو دەچینە ناو دڵشکستی و نائومیدی. بەڵام ئەگەر چاوەڕوانیەکانمان بگونجێنین لەگەڵ سروشتی مرۆڤ، دڵمان ئارامتر دەبێت.
خوای گەورە دەفەرموێت:
“لَا يُكَلِّفُ اللَّهُ نَفْسًا إِلَّا وُسْعَهَا”
(البقرة: 286)
واتە: خوا هیچ کەسێک بە شتێک تەکلیف ناکات کە لە توانایدا نەبێت.
ئەم ئایەتە فێرمان دەکات کە ژیانیش لەسەر ئەم بنەما دەبێت: هەموو شتێک سنووری هەیە، بۆیە پێویست نییە چاوەڕوانییەکانمان لە سنوور دەرچیت
هەروەها دەفەرموێت:
“وَعَسَىٰ أَن تَكْرَهُوا شَيْئًا وَهُوَ خَيْرٌ لَّكُمْ”
(البقرة: 216)
چەند جار شتێکمان پێ ناخۆشە، بەڵام لە ڕاستیدا باشی تێدایە.
ئەمانە بەڵگەی ئەوەن کە پێویستە ڕوانینمان بگۆڕین، نەک دونیا و دەور بەرمان
پێغەمبەری خوا ﷺ دەفەرموێت:
“ازهد في الدنيا يحبك الله، وازهد فيما عند الناس يحبك الناس”
واتە: لە دونیا کەم حەز بکە، خوا خۆشی دەوێت؛ لەوەی لە دەست خەڵکدایە کەم چاوەڕوانی بکە، خەڵک خۆشتی دەوێت
هەروەها:
“إذا أصبحت فلا تنتظر المساء، وإذا أمسيت فلا تنتظر الصباح”
(بخاری)
واتە: کاتێک بەیانی بوویت، ئێوارە چاوەڕێ مەکە، کاتێک ئێوارە بوویت، بەیانی چاوەڕێ مەکە لە کاتی خۆتدا بژی.
چاوەڕوانی زۆر لە هیچ کەس مەکە.
مرۆڤەکان بە چاوێکی بەزەیی ببینە نەک بە داواکاری زۆر.
هەموو شتێک کە ڕوودەدات لە حیکمەتی خوایە و «معقول» ـە.
خۆت مەشغول مەکە بە شتانێکی بێ سود.
هەروو ڕۆژێک وەک ژیانێکی نوێ بژِی.
کاتێک ئاستی چاوەڕوانیمان دادەبەزێنیت، تێگەیشتنی باش بەرز دەکەیتەوە، نەفست ئارام دەبێت دڵت پاکتر دەبێت، و ژیانت پڕ دەبێت لە ڕەزامەندی. چونکە تێدەگەیت کە هەموو شتێک لەم گەردوونەدا بە ویستی خوایە و بە حکمەتی خوای گەورە ڕوودەدات.
بەختەوەری لەوەدا نییە هەموو شت بەدڵت بێت، بەڵکو لەوەدایە دڵت فێر بێت ڕازی بێت بەوەی هەیە. بەختەوەری ئەوە نییە کە دونیا وەک تۆ بیت، بەختەوەری ئەوەیە تۆ وەک ئەوە بیت کە دونیا پێویستی پێی هەیە دڵێک ئارام، نەفسێک ڕازی، و ڕوانینێک پاک.
کاتێک ئاستی چاوەڕوانیمان دادەبەزێنیت
تێگەیشتنەکان بەرز دەکەیتەوە،
دڵت فێردەبێت بڵێت:
هەموو شتێک جوانە ئەگەر بە چاوێکی دروست ببینرێت.

Check Also

ڕۆڵی ئافرەت لە(کۆچ) دا

م. سومەیە محمود کۆچی پێغەمبەرﷺ تەنها گواستنەوەیەکی فیزیکی نەبوو لە مەککەوە بۆ مەدینە، بەڵکو ڕووداوێکی …