الإثنين , فبراير 9 2026

باڵاپۆشی .. ناسنامەیەک بۆ هەموو سەردەمەکان

تریفە جەلال

باڵاپۆشی تەنیا “پۆشاکێکی جیاواز” نییە، بەڵکو ڕاگەیاندنی سەربەخۆییە. لە جیهانێکدا کە هەوڵ دەدات ئافرەت تەنیا لە چوارچێوەی “جوانیی ڕووکار”دا کورت بکاتەوە، باڵاپۆشی دێت و دەڵێت: “من لەوە گەورەترم کە تەنیا بە چاو ببینرێم، من دەمەوێت بە عەقڵ و بەهاکانم بناسرێم.”

باڵاپۆشی گوزارشتە لە ئازادییەکی قووڵ. ئازادبوون لەوەی ڕێگە نەدەیت جیهان بەو جۆرە پێناسەت بکات کە خۆی دەیەوێت، بەڵکو بەو جۆرە بژیت کە خودای گەورە لێت ڕازییە.
خوشکی باڵاپۆشم، حیجابەکەت نە بووەتە ڕێگر لەبەردەم زانستەکەت و خەونەکانیشتی بچووک نەکردوویتەتەوە. تۆ بە حیجابەکەتەوە متمانەبەخۆبوونێکی وات پێیە کە پێمان دەڵێت: “مرۆڤ پێش ئەوەی بە جەستەی بناسرێت، بە عەقڵ و ئەخلاقی دەناسرێت.”
باڵاپۆشی بۆ کچێکی بڕوادار، “میحرابێکی گەڕۆکە”. کاتێک بە باڵاپۆشییەوە دەچیتە ناو کۆمەڵگە، تۆ لە هەموو هەنگاوێکدا خەریکی عیبادەتێکی بێدەنگیت. تۆ بە بێدەنگی بە دەوروبەرت دەڵێیت کە “خودایەک هەیە ڕەزامەندی ئەو لای من لە هەموو مۆدێل و قسەوباسێکی خەڵک گرنگترە”. ئەمە لوتکەی ئارامیی دەروونییە؛ کە مرۆڤ خۆی لە کۆیلایەتیی “چی دەڵێن؟” ڕزگار بکات و تەنیا بیر لەوە بکاتەوە “خالق چی دەوێت؟”.

لەم ڕۆژە جیهانییەدا، پێتدەڵێین: شانازی بە ناسنامەکەتەوە بکە، چونکە تۆ بە باڵاپۆشییەکەت، مانا دەبەخشیتەوە بە وشەی “ئافرەت” و “ئازادی”.

وە دەستخۆشی لە هەموو ئەو مروارییە باڵاپۆشانە دەکەین کە بە شانازییەوە ناسنامەی خۆیان دەپۆشن.

شاهد أيضاً

باڵاپۆشی؛ قەڵغانی جوامێری لە هەناسەی کلتووردا

و: عەبدوڵڵا عەلیپوورلەناو گەردوون و ژیانی پڕ لە ژاوەژاوی ئەمڕۆ کە: نرخ و پێوانەی مرۆڤایەتی …