د. گوڵاڵە تاهیر
لە ساڵی ١٩٩٠وە، نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکەم ڕۆژی تشرینی یەکەمی وەک ڕۆژی جیهانی هۆشیاری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بەرانبەر بەساڵاچووان دیاریکرد.
ئەمساڵ ٢٠٢٥بە دروشمی (توانا بەخشین وبەهێزکردنی دەنگی بەساڵاچووان لەپێناو دابینکردنی داهاتویەکی گشتگیروباشتر)دا لەجیهاندا ئەم یادە دەکرێتەوە.
ئەم دروشمە جەخت لەسەر گرنگیی بەشداری ئەم توێژە گرنگەی کۆمەڵگە لە بونیادنانی داهاتووی وڵاتدا دەکاتەوە، بەگوێ لێگرتنیان وبەشداری پێکردیان لە دروستکردنی بڕیارو داڕشتنی سیاسەتەکاندا، چونکە ئەوان خاوەنی ئەزمون و زانست و مەعریفەن و ناکرێت وەک توێژێکی بێتوانا یان پەککەوتە سەیربکرێن. ئەوان باوک و باپیرەکانن ،دایک و داپیرەکانن کە ژیان وجەستە و زیهنی خۆیان بەخەرجداوە و زۆرێک لە ئەرکەکانی خۆیان بەجێهێناوە.
بەساڵاچووان کێن؟؟
بەساڵاچوون قۆناغی سێهەمی تەمەنی مرۆڤە و هەر وەک قۆناغەکانی تر خاڵی بەهێز و لاواز و ئەرێنی ونەرێنی لەخۆدەگرێت.
بە پێی پێناسەی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی، لەدوای تەمەنی ٦٥ ساڵییەوە دەست پێدەکات ، کۆمەڵێک گۆڕانکاریی لە جەستە و توانای مەعریفی و دەرونی کەسەکەدا ڕوودەدات کە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی لێهاتووییەکانی بەتایبەتی لە ڕووی جەستەییەودەرونییەوە. ئەم گۆڕانکارییانە ناتوانرێت ڕێیان لێبگیرێت بەڵام دەتوانرێت دوابخرێن وکاریگەرانەتر مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت بۆ ئەوەی کەسەکە بتوانێت چێژ لە ژیان ببینێت و ئەرکەکانی ئەم قۆناغەی ژیانی بە سەرکەوتوویی جێبەجێ بکات.
بەرپرسیارێتی یەکەمیش دەکەوێتە ئەستۆی کەسەکە خۆی، دەبێت شێوازی ژیانکردنێکی تەندروستانە هەڵبژێرێت لە ڕووی گرنگیدان بە:
١-خواردنی تەندروست
٢-وەرزش و جوڵەی جەستە
٣-کات و کواڵیتی خەو
٤-دورکەوتنەوە لە جگەرە و خواردنەوە کحولییەکان
٥-باش کۆنترۆلکردنی نەخۆشییە درێژخایەنەکان ئەگەر هەبوون
٦-گرنگیدان بە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان
٧-هەوڵدان بۆ فێربوونی کارامەیی و کاری نوێ
بەرپرسیارێتی دووەمیش دەکەوێتە سەر ئەو کەسانەی کە چاودێرن و بەرپرسن لە دابینکردنی پێداویستییەکانیان بە :
١-ڕێزگرتن و گوێ لێگرتنیان .
٢-دابینکردنی ژینگەیەکی گونجاو لە ماڵەوەکە بتوانن بە ئاسانی تێیدا بجوڵێن و لە ڕووی جەستەییەوە توشی زیان نەبن.
٣-لە توندوتیژی جەستەیی و دەرونی و پشتگوێ خستن پارێزراو بن .
