چوارشەممە , كانونی یه‌كه‌م 4 2024

ڕه‌نگدانه‌وه‌كانى توندوتیژى له‌ په‌یوه‌ندى دایك وباوك به‌ منداڵ وهه‌رزه‌كاره‌وه‌

نوسینى: پ.د.عالیه‌ فرج
خێزان ئه‌و بونیاده‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌یه‌ كه‌ ڕۆڵى بنه‌ڕه‌تى له‌ پێكهێنانى بونیادى كۆمه‌ڵایه‌تى كۆمه‌ڵگا سه‌ره‌كییه‌ و كاریگه‌رى ئاڵوگۆركارى له‌ گه‌ڵ بونیاده‌ پێكهێنه‌ره‌كانیترى كۆمه‌ڵگا هه‌یه‌ وه‌ك قوتابخانه‌كان وخه‌سته‌خانه‌كان و…
پڕۆسه‌ى په‌روه‌رده‌ى نه‌وه‌كان سه‌ره‌كیترین پڕۆسه‌یه‌ كه‌له‌چوارچێوه‌ى په‌یوه‌ندى دایك وباوك به‌ منداڵه‌وه‌ ئه‌نجامده‌ده‌رێت وپه‌یوه‌ندییه‌كان به‌ دوو جۆر په‌یوه‌ندى پۆلێنده‌كرێن:
جۆرى یه‌كه‌م، په‌یوه‌ندى دامه‌زرێنه‌ر ودروسته‌ له‌ نێوان دایك وباوك ومنداڵ وهه‌رزه‌كار، ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ پێوانه‌ده‌كرێت به‌ سێ پێوه‌رى سه‌ره‌كى:
✓ پێوه‌رى یه‌كه‌م: په‌یوه‌ندى دایك وباوك به‌ منداڵ وهه‌رزه‌كاره‌وه‌ پێویسته‌ دووربێت له‌ هه‌ڕه‌شه‌ وهه‌موو فۆڕمه‌كانى توندوتیژى.
✓ پێوه‌رى دووه‌م: په‌یوه‌ندى دایك وباوك به‌ منداڵ وهه‌رزه‌كاره‌وه‌ پێویسته‌ ئاڵوگۆركارى بێت له‌ڕووى ئه‌نجامدانى ئه‌رك وڕۆڵه‌ وكاره‌وه‌.به‌واتایه‌كیتر دابه‌شكردنى به‌رپرسیارێتى خودى، خێزانى، كۆششكردن وئه‌رك وڕۆڵه‌ تاكه‌كه‌سی وخێزانییه‌كان له‌نێوان دایك وباوك له‌ لایه‌ك ومنداڵ وهه‌رزه‌كار له‌ لایه‌كیتر وپابه‌ندبوون به‌ پاراستنى ئه‌م ئاڵوگۆركارییه‌ له‌لایه‌ن دایك وباوكه‌وه‌.
✓ پێوه‌رى سێیه‌م: سه‌رداربوونى به‌هایه‌ك یان زیاتر له‌ به‌ڕێوه‌بردنى په‌یوه‌ندى دایك وباوك به‌ منداڵ وهه‌رزه‌كاره‌وه‌ وپێویستبوونى كۆكبوونى دایك وباوك له‌سه‌ر به‌هاى هاوبه‌شى سه‌ردار بۆ به‌ڕێوه‌بردنى په‌یوه‌ندییه‌ خێزانییه‌كانى په‌یوه‌ست به‌ پڕۆسه‌ى په‌روه‌رده‌ وپێگه‌یاندن.
په‌یوه‌ندى دامه‌زرێنه‌ر ودروست به‌ به‌رجه‌سته‌نه‌بوونى یه‌كێك له‌و سێ پێوه‌ره‌ ناوزه‌ندده‌كرێت به‌ په‌یوه‌ندى دامه‌زرێنه‌رى نادروست كه‌ جۆرى دووه‌مه‌ له‌ په‌یوه‌ندى نێوان دایك وباوك ومنداڵ وهه‌رزه‌كار وكاریگه‌رى نه‌رێنى له‌سه‌ر گه‌شه‌ى پێكهاته‌كانى كه‌سێتى منداڵ وهه‌رزه‌كار ده‌بێت، بۆیه‌ پێویسته‌ دایك وباوك كاربكه‌ن له‌سه‌ر به‌رجه‌سته‌كردنى پێوه‌ره‌كان له‌ ڕێى پڕۆگرامى شیاندنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كان دواى دیاریكردنى ئه‌و ڕه‌هه‌ندانه‌ى په‌یوه‌ندى خێزانى كه‌ پێویستى به‌ شیاندنه‌وه‌ ده‌بێت. به‌ نموونه‌؛ بوونى ڕه‌فتارى توندوتیژى زاره‌كى بێت یان نازاره‌كى له‌ لایه‌ن دایك یان باوك یان منداڵ یان هه‌رزه‌كار به‌هۆى نه‌بوونى ده‌رچه‌ بۆ فشارى ده‌روونى ودڵه‌ڕاوكێ یان هه‌ر بارێكى ده‌روونى یان كۆمه‌ڵایه‌تیتر، پێویسته‌ به‌هه‌ندبگیرێت وڕاشكاروانه‌ دایك وباوك مامه‌ڵه‌ى واقیعیانه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م حاڵه‌ته‌ بكه‌ن كه‌ كاریگه‌رى كورت خایه‌ن ودوور خایه‌نى له‌سه‌ر ژیانى خێزانه‌كه‌ به‌گشتى ده‌بێت.
مه‌ترسیدارترین جۆرى توندوتیژى كه‌ ئه‌گه‌رى هه‌یه‌ له‌ لایه‌ن دایك وباوكه‌وه‌ پڕاكتیزه‌ بكرێت له‌ چوارچێوه‌ى پڕۆسه‌ى په‌روه‌رده‌ى خێزانیدا:

  • جیاكارى نێوان منداڵ وهه‌رزه‌كار: به‌ واتاى بوونى دووجۆر مامه‌ڵه‌ى جیاواز له‌ هه‌مان كات وشوێن وهه‌ڵوێستى په‌روه‌رده‌ییدا به‌رامبه‌ر دوومنداڵ یان دوو هه‌رزه‌كارى هه‌مان خێزان، كه‌ ده‌بێـته‌ كاریگه‌ربوونى هه‌ستكردن به‌ ئه‌مان لاى منداڵ یان هه‌رزه‌كار وبه‌رده‌وامبوونى ئه‌م جۆره‌ له‌ توندوتیژى بۆ خۆى هۆكاره‌ بۆ لاوازبوونى هه‌ستكردنى منداڵ و هه‌رزه‌كار به‌ وابه‌سته‌یی خێزانى كه‌ وابه‌سته‌یی به‌یه‌كێك له‌ پێداویستییه‌ سه‌ره‌كییه‌كانى گه‌شى كه‌سێتى منداڵ وهه‌رزه‌كار ئه‌ژمار ده‌كرێت.
  • به‌راوردكردنى دایك وباوك له‌ نێوان منداڵ وهه‌رزه‌كار به‌یه‌كتر، یان به‌راوردكردنى منداڵ وهه‌رزه‌كار به‌ هاوته‌مه‌نى خۆیان له‌ ده‌ره‌وه‌ى خێزان، كه‌ ده‌بێته‌ هۆى ئاماده‌یی بارى ده‌روونى لاى منداڵ وهه‌رزه‌كار، فه‌رامۆشكردنى توانا ولێهاتووییه‌كانیان وبێبه‌شبوونیان له‌ هه‌له‌كانى گه‌شه‌ى كه‌سێتى، خه‌مساردى به‌رامبه‌ر ئه‌رك وڕۆڵ وپێگه‌یان له‌ ناو خێزان وده‌ره‌وه‌ى خێزان.
  • به‌كارهێنانى زه‌برى زاره‌كى له‌ ڕێى وشه‌ وده‌سته‌واژه‌ى برینداركار بۆ منداڵ وهه‌رزه‌كار یان مامه‌ڵه‌ى زبر به‌ ئاماژه‌ى زمانى جه‌سته‌ له‌ سات وشوێن وبارى جیاوازدا، كه‌ ده‌بێته‌ هۆى بێبه‌شكردنى منداڵ وهه‌رزه‌كار له‌ خاوه‌ندارێتى كه‌سێتى تایبه‌تى خۆیان وملكه‌چ بوون بۆ ئه‌و شێوازى ژیان وفۆڕمه‌ كه‌سێتییه‌ خوازراوه‌ى دایك وباوك كه‌ له‌ڕێى به‌كارهێنانى زبره‌ هێزه‌وه‌ ده‌یسه‌پێنن به‌سه‌ر منداڵ وهه‌رزه‌كاره‌كانیان.هه‌روه‌ها زه‌بر به‌كارهێنان له‌ به‌ڕێوه‌بردنى په‌یوه‌ندى خێزانیدا ده‌بێته‌ ڕێگر له‌وه‌ى منداڵ یان هه‌رزه‌كار بتوانێت ته‌عبیر له‌ خۆى وخواست وخه‌ونه‌كانى بكات.
  • فه‌رامۆشكردن: به‌یه‌كێك له‌ جۆره‌كانى توندوتیژى بێده‌نگ داده‌نرێت كه‌ منداڵ وهه‌رزه‌كار ڕووبه‌رووى پرسیارى ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌: ئایا به‌هاى من چییه‌ لاى دایك وباوكم؟
    له‌ زۆرێك له‌ كه‌لتوره‌كاندا فه‌رامۆشكردن به‌ جۆرێك له‌ سزاى بێده‌نگ له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێت، كه‌ دایك وباوك بۆ ئه‌ده‌بدانى منداڵ وهه‌رزه‌كار به‌كاریده‌هێنن به‌ بۆچوونى خۆیان دوور له‌ بوونى هۆشیارى به‌ كاریگه‌رییه‌ نه‌رێنییه‌ كورتخایه‌ن ودرێژخایه‌نه‌كان له‌سه‌ر كه‌سێتى وژیانى منداڵ وهه‌رزه‌كار.له‌كاتێكدا فه‌رامۆشكردن هۆكارى سه‌ره‌كى ئاماده‌یی سێ هه‌ستى مه‌ترسیداره‌: هه‌ستى نه‌خوازراوی، هه‌ستكردن به‌ته‌نیایی وهه‌ستكردن به‌ له‌ده‌ستدانى دایك وباوك، كه‌له‌داهاتووى منداڵ وهه‌رزه‌كاردا ده‌بنه‌ سه‌رچاوه‌ بۆ لاوازى كه‌سێتى.

Check Also

چۆن ببینە هاوڵاتیەکی دیجیتاڵی بەرپرسیار

ئا:ڕۆشناصاڵح ئامرازێكی ئاسانكەر و كەم مەسروف وڕێگای دوور نزیك كەرەوەنلەسەرەتای دروست بوونیەوە تا ئێستا زۆر …