نوسینى: ی. پ. د. عالیه فه‌ره‌ج
زۆرجار زۆرێك له ئێمه‌ى ژنان ئه‌كادیمى بین له بوارى پسپۆڕى جیاوازدا یان چالاكه‌وانبین‌و خاوه‌نى ئه‌زمون‌و خه‌باتێكى مه‌ده‌نى به‌رده‌وام بین، ئه‌م پرسیاره له خۆمان ده‌كه‌ین: بۆ ئه‌بێت له زۆرینه‌ى كۆمه‌ڵگا لۆكاڵیه‌كانى جیهاندا ژنان بۆ ته‌عبیركردن له پرسى خۆیان چه‌مكى جێنده‌ر به‌كار بهێنن، له‌م چه‌ند ئه‌ڵقه‌یه‌دا هه‌وڵده‌ده‌م به سه‌ربوردێكى مێژوویى بگه‌مه وه‌ڵامێك بۆ ئه‌م پرسیاره.
خودى بونیادى زۆربه‌ى كۆمه‌ڵگاكان‌و یه‌كه پێكهێنه‌ره‌كانى فاكته‌رێكى هانده‌رى تر بوون بۆ په‌نابردن‌و له‌خۆگرتنى بزوتنه‌وه لۆكاڵى‌و جیهانیه‌كانى ژنان بۆ چه‌مكى جێنده‌ر، وه‌كو میكانیزمێكى نوێ له بوارى فیكرى‌و مه‌عریفى‌و تیۆریزه‌كردنى پرسی ژنان‌و چه‌سپاندن‌و جێگیركردنى مرۆڤبونى ژن‌و، سه‌نته‌ر كردنى وێناى مرۆیى ژنان له چوارچێوه كلتورى‌و كۆمه‌ڵایه‌تى‌و سیاسى‌و ئابورییه‌كاندا.
له مێژه‌وه تا ئێستا سه‌رجه‌م ئه‌و كۆمه‌ڵگانه‌ى كه خاوه‌نى بونیادێكى عه‌شایه‌رى بوون، هه‌میشه له ورده‌كارى هه‌یكه‌لى بونیادى عه‌شره‌تدا ژن بونیان نه‌بووه له هه‌ریه‌كه له داڕشتنى فۆڕمى ده‌سه‌ڵاتى به‌ڕێوه‌بردن‌و نوێنه‌رایه‌تیكردنى عه‌شره‌تدا، بۆیه ژنان هه‌لیان نه‌بووه كه سه‌رۆك یان جێگیرى سه‌رۆكى عه‌شره‌ت بگرنه ده‌ست‌و له‌مه‌شه‌وه نه‌یانتوانیوه ڕۆڵ ببینن له پڕۆسه‌ى داڕشتنى بڕیاره‌كانى تایبه‌ت به كاروبارى عه‌شره‌تدا، له لایه‌كى تره‌وه له دیاریكردنى ڕوبه‌رى جوگرافیاى كۆمه‌ڵایه‌تیدا ژنان ته‌نها شوێنیان له چوارچێوه‌ى جوگرافیاى ماڵدا دیاریكراوه، له كاتێكدا هه‌ریه‌كه له دیوه‌خانه‌ى ماڵه‌كان‌و دیوه‌خانه‌ى سه‌رۆكى عه‌شره‌ت‌و هۆڵى مزگه‌وته‌كان بریتیبون، له سێ ڕوبه‌رى جوگرافیاى كۆمه‌ڵایه‌تى بۆ هه‌ر عه‌شره‌تێك كه ته‌نها پیاوان هه‌لى به‌كارهێنانیان بووه بۆى.
به درێژایى مێژووى كۆمه‌ڵگا عه‌شایه‌رییه‌كان حاڵه‌تى پاسیڤبونى ژنان مایه‌ى پرسیار‌و شیكردنه‌وه نه‌بووه، به‌ڵكو له نه‌وه‌وه بۆ نه‌وه‌یه‌كى تر و له ڕێى پڕۆسه‌ى پێگه‌یاندنى كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه ئه‌م حاڵه‌ته گواستنه‌وه‌ى بۆ ئه‌نجامدراوه‌و به بارێكى سروشتى ئیقراركراوه. له ئه‌نجامدا بونیادى عه‌شایه‌رى له نه‌خشه‌ى دابه‌شكردنى وه‌زیفه‌ى به‌ڕێوه‌بردن‌و بڕیارداندا ژنانى تا ڕاده‌یه‌كى زۆر فه‌رامۆشكردووه.
عه‌شره‌ته‌كان سه‌ربه هه‌رنه‌ته‌وه‌یه‌ك بوبن هه‌ڵوێستى هه‌مان شێوه‌یان به‌رامبه‌ر ژنان بووه له كاتى نائاساییبونى حاڵى عه‌شره‌ته‌كه له ڕووى كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه یان بونى ناكۆكى و ململانێ له گه‌ڵ عه‌شره‌تى تردا‌و، له‌واقیعدا ژنان له دوو چوارچێوه‌دا له قاڵب دراون، یه‌كه‌میان به سومبولكردنى ژنان بۆ لاوازى، ئه‌مه‌ش له ڕێى ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ى ژنان بۆ ده‌ستدرێژى له لایه‌ن ئه‌ندامانى عه‌شره‌تى به‌رامبه‌ره‌وه به ئامانجی لاوازكردنى پێگه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى عه‌شره‌ته‌كه، دووه‌میان، به شتكردنى ژنان له پڕۆسه‌ى قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌دا، ئه‌مه‌ش له ڕێى به‌كارهێنانى ژنان له پڕۆسه‌ى ئاشته‌وایى نێوان عه‌شره‌ته‌كان یان بنه‌ماڵه‌كانى هه‌مان عه‌شره‌تدا‌و له چوارچێوه‌ى جێبه‌جێكردنى حوكمى عورفی عه‌شایه‌ریدا، به نمونه له خوێن خۆشكردندا.
له به‌رامبه‌ردا هه‌مان بونیادى عه‌شایه‌رى ڕۆڵ‌و وه‌زیفه‌ى جۆراو و جۆرى بۆ ژنان دیاریكردووه به‌نمونه: سه‌رجه‌م وه‌زیفه‌و ڕۆڵه په‌یوه‌سته‌كان به پێگه‌یاندنى مناڵ، وه‌زیفه جێبه‌جێكارییه‌كان‌و خزمه‌تگوزارییه‌كانى بۆنه خۆش‌و ناخۆشه‌كان…هتد،ئه‌م وه‌زیفه‌و ڕۆڵانه چه‌پاندنیان بۆ ئه‌نجامدراوه لاى هه‌ردوو ڕه‌گه‌ز‌و ژنانیش خۆیان بوون به بكه‌رى جێبه‌جیكارى ئه‌م چه‌پاندنه.
ئه‌و هاوكێشه‌یه‌ى كه بونیادى عه‌شایه‌رى بۆ په‌یوه‌ندى نێوان ڕۆڵ‌و وه‌زیفه‌كانى ژنان‌و پیاوانى ناو عه‌شره‌ته‌كه‌ى دایئه‌ڕژیت په‌یوه‌ندییه‌كى ناهاوسه‌نگه‌و، پشت به چه‌ند گریمانه‌یه‌ك ئه‌به‌ستێت كه به تێپه‌ڕبونى كات گریمانه‌كان ده‌بنه ڕاستى به‌رجه‌سته‌كراو له ویژدانى به‌كۆمه‌ڵى عه‌شره‌ت‌و ڕه‌نگده‌داته‌وه له تێڕوانینى ئه‌ندامانى عه‌شره‌تدا له هه‌ردوو ڕه‌گه‌ز، له‌و گریمانانه:
-ئه‌كتیڤبونى پیاوان زه‌روره له بوارى بڕیاردان‌و به‌ڕێوه‌بردن‌و پاراستنى عه‌شره‌تدا‌و ئه‌م سێ وه‌زیفه‌یه پله یه‌كن له وه‌زیفه‌كانى پیاواندا.
-ژنان كارى سه‌ره‌كییان له سه‌نته‌رى ماڵدایه‌و پێگه‌یاندن‌و خزمه‌تكردن‌و چاودێریكردنى ئه‌ندامانى خێزان‌و عه‌شره‌ته سێ وه‌زیفه‌ى پله یه‌كى ژنانن.
یه‌كێك له ده‌رهاویشته سه‌ره‌كیه‌كانى ئه‌م گریمانانه پۆلینبونى ڕۆڵ‌و وه‌زیفه‌كانى ناو بازنه‌ى عه‌شره‌ت بووه‌و ده‌بێت بۆ كار‌و وه‌زیفه‌ى هه‌ردوو ڕه‌گه‌ز‌و جێگیر كردنى وه‌زیفه‌ى پله یه‌ك بۆ هه‌ر یه‌كێكیان.
سه‌رجه‌مى ڕۆڵ‌و وه‌زیفه‌كان كه تایبه‌تكراون به ژنان‌و به پله یه‌ك ناوزه‌ند ده‌كرێن له چه‌ند تایبه‌تمه‌ندییه‌كدا هاوبه‌شن، له‌وانه:
-ڕۆڵ‌و وه‌زیفه‌كان خزمه‌تگوزاریین‌و به‌یه‌كه‌وه گرێدراون‌و له ڕوانگه‌ى مێینه‌بونى ژنانه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرن‌و، زۆر ده‌گمه‌نه وه‌زیفه‌یه‌ك یان ڕۆڵێك بسپێرێت به ژنێك له ڕوانگه‌ى مرۆڤبونى ژنه‌وه سه‌رچاوه بگرێت.
-وه‌زیفه‌كان تایبه‌تمه‌ندى تواناى له خۆگرتنى لێپرسراوێتیه‌كى سه‌ربه‌خۆیان نییه، زۆربه‌ى وه‌زیفه‌كان پاشكۆن بۆ وه‌زیفه‌ى ڕه‌گه‌زى به‌رامبه‌ر یان ئاڕاسته ده‌كرێن بۆ زه‌مانه‌تكردنى خستنه واجیهه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى بۆ ڕه‌گه‌زى به‌رامبه‌ر.
-زۆربه‌ى وه‌زیفه‌كانى ژنان جێبه‌جێكارێكى موجه‌ره‌دن‌و، له به‌رامبه‌ردا هه‌ڵسه‌نگاندنى ئیجابى له كلتورى عه‌شایه‌ریدا بۆ ناكرێت. له‌وه‌ش زیاتر هه‌ردوو ڕه‌گه‌ز زۆرجار به ئیقرارى خۆیان به وه‌زیفه‌ى دانانێن.
له كاتێكدا سه‌رجه‌م ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ى به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگا لۆكاڵى‌و جیهانیه‌كاندا هاتووه‌و، كه ده‌رئه‌نجام بوون بۆ هه‌ریه‌كه له شۆڕشى فه‌ڕه‌نسى‌و شۆڕشى پیشه‌سازى‌و جه‌نگى جیهانى یه‌كه‌م‌و دووه‌م‌و…هتد، كاریگه‌رییان بووه له گۆڕینى ته‌دریجی زۆرێك له كۆمه‌ڵگاكان له ڕووى بونیادى عه‌شارییانه‌وه.
له سه‌ره‌تاى سه‌ده‌ى بیست‌و یه‌كدا ڕه‌نگدانه‌وه‌ى ئه‌و فۆڕمه له گۆڕانكاری به یه‌كه پێكهێنه‌ره‌كانى بوارى گشتی كۆمه‌ڵگا عه‌شارییه‌كانه‌وه به ڕوونى دیاره‌و بونى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى به دامه‌زراوه جیاوازه‌كانیه‌وه یه‌كێكن له‌و پێوه‌رانه‌ى كه ئه‌م گۆڕانكاریه دیاریده‌كه‌ن.
سه‌ره‌ڕاى سه‌رجه‌م گۆڕانكارییه‌كانى سه‌ده‌ى بیست‌و بیست‌ویه‌ك توێژینه‌وه‌و لێكۆڵینه‌وه‌و ئاماره‌كان ده‌ریده‌خه‌ن كه زۆر به‌كه‌مى هه‌لى ڕه‌خساو بۆ ژنان فه‌راهه‌م بووه له وڵاتانى پێشكه‌وتوو و دواكه‌وتوودا له بواره‌كانى سه‌ركردایه‌تیكردن‌و به‌ڕێوه‌بردن‌و بڕیاردان‌و، تا ئێستا به‌شدارى ژنان له هه‌ر سێ دامه‌زراوه‌ى په‌رله‌مان‌و ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران‌و ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى وڵاتاندا نه‌گه‌شتووه‌ته 25%و، له‌و وڵاته‌نه‌ش كه ئه‌م ڕێژه‌یه گه‌شتبێته سه‌رو 20% به‌رده‌وامى‌و جێگیرى به خۆیه‌وه نه‌بینیوه بۆ چه‌ند خولێك له كارى ئه‌و سێ دامه‌زراوه‌دا.
له لایه‌كى تره‌وه له دابه‌شكردنى وه‌زیفه فه‌رمیه‌كانى دامه‌زراوه‌كانى ده‌سه‌ڵات بێت یان دامه‌زراوه‌كانى ئاستى كۆمه‌ڵگا بێت، وه‌زیفه‌ى فێركردن كه به‌شێكه له پڕۆسه‌ى پێگه‌یاندن‌و له چوارچێوه‌ى خوێندنگاكاندا ئه‌نجام ده‌درێت، تا ڕاده‌یه‌كى زۆر بووه‌ته وه‌زیفه‌ى پله یه‌ك بۆ ژنان له ڕووى چڕى بونى ژنان له‌و بواره‌دا، به هه‌مان شێوازیش بوارى ته‌ندروستى به تایبه‌تى ئاسته خزمه‌تگوزارییه‌كانى چڕبونه‌وه‌ى ژنان تیایدا بووه‌ته یه‌كێك له تایبه‌تمه‌ندى ئه‌م بواره، له كاتێكدا ئاستى به‌ڕێوه‌بردنى بوارى خوێندن‌و ته‌ندروستیش كه‌مترین ڕێژه‌ى له ژنان تیادایه، چ له دامه‌زراوه فه‌رمیه‌كاندا بێت یان له سه‌ندیكاكانى تایبه‌ت به هه‌ردوو بواره‌كه.
له گه‌ڵ دوباره بونه‌وه‌ى ئه‌م حاڵه‌تانه بۆ پاسیڤبونى ژنان له بوارى ئابورى‌و ژینگه‌یى‌و…هتد، سه‌رجه‌م ئه‌و دامه‌زراو ڕێكخراو‌و بزوتنه‌وانه‌ى ژنان كه چه‌مكى جێنده‌ر له خۆده‌گرن، ئه‌م پرسیاره ئه‌وروژێنن:
تا چ ڕاده‌یه‌ك ئاڕاسته تیۆرییه‌كانى جێنده‌ر هه‌لى دابه‌شكردنى وه‌زیفه‌و ڕۆڵه‌كان له‌سه‌ر بنه‌ماى مرۆڤبونى ژنان‌و پیاوان‌و ڕه‌چاوكردنى شیاوى‌و توانا‌و لێهاتوویه‌كانیان ده‌هێننه دى به لاى كه‌مه‌وه له بوارى گشتیدا( كۆمه‌ڵگا)؟