شه‌ممه‌ , تشرینی دووه‌م 23 2024

ئەحكامە فقهیەكانی پەیوەست بە فدیەی رۆژوو هەرجارەی توێژینەوەیەك (20)

ئەم توێژینەوەیە توێژینەوەیەكی فقهی بەراوردكارییە لە لایەن( یوسف بن هزاع الشریف) كە مامۆستایە لە كۆلێژی شەریعه و ڕێساكان لە زانكۆی طائف لە سعودیە، ئەنجامدراوە، لە گۆڤاری كۆلێژی خوێندنی ئیسلامی و عەرەبی ژمارە 4 بەشی یەكەمی ساڵی 2019 بڵاوكراوەتەوە.
پوختەی توێژینەوەكە:-
ئەم توێژینەوەیە لێكۆڵینەوەیە لە جیاوازییە فقهیەكانی حوكمی فدیەی رۆژوو، بە كۆكردنەوەی هەموو ڕای زانایان لە یەك سەرچاوەدا بۆ كارئاسانی ئەو كەسانەی پێویستیان بەو بابەتەیە جگە لە تەرجیح كردنی گونجاوترین را كە بەهێزترین بەڵگەی هەیە وزیاتر نزیكە لە راستی.
توێژینەوەكە جگە لە پێشەكی لە 3 بەش پێك هاتووە،بەشی یەكەم باس لە حوكمەكانی فدیە و بڕەكەی و دەدرێت بە كێ و چۆن دەدرێت دەكات،بەشی دووەم باس لەو هۆكارانەیە كە زانایان لەسەری پێكهاتوون (متفقن)، بەشی سێهەم هۆكارە جیاوازەكانی واجبوونی فدیە، لەوانە فدیەی كەسانی بە ساڵاچوو كە ناتوانن رۆژوو بگرن، ئەو كەسانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە و ناتوانن رۆژوو بگرنەوە، هەروەها ئافرەتی دووگیان و شیردەر كە نەیتوانبێت رۆژووەكەی بگرێتەوە تا رەمەزانێكی تر هاتۆتەوە، ئەوەی ئەمرێت و ڕۆژووی قەرزی لەسەرە لە توانایدا بووە بیگرێتەوەو نەیگرتۆتەوە. جگە لە باسی دووبارەبوونەوەی فدیە بە تێپەڕبوونی چەندساڵ بەسەر نەگرتنی رۆژووەكەدا.
سەبارەت بە بڕی فدیە دوای هێنانی رای زانایان و گفتوگۆكردن لەسەریان راكەی زانایانی شافیعی و مالیكی و حەنبەلی بە گونجاو داناوە كە فدیەی یەك رۆژ رۆژوو كە نەگیرابێت .نانی یەك رۆژی هەژارێكە.
فدیە دەدرێت بە كێ ،ئەو رایەی كە دەڵێت بۆ هەژارانە بە گونجاو دانراوە.
سەبارەت بەوەی هەر دەبێت خواردن بێت جا خواردنی ئامادەكراو یان ئامادەنەكراو یان دەكرێت پارە بدرێت لە بریتی خواردنەكە، ڕونكردنەوە دراوە كە ئیمام ئەبو حەنیفە رێگەی داوە بۆ پارەدان لە بریتی خۆراك.
بۆ كات دەبێت ئەو رۆژە بەسەربچێت كەتیایدا بەڕۆژوو نەبوە ئینجا فدیەكەی بدرێت، واتە پێشخستن گونجاو نیە.
سەبارەت بە بەساڵاچووان و هێنانی رای زانایان و جیاوازی نێوانیان ئەوڕایەی لا گونجاوە كە فدیەیان لەسەر بێت كاتێك ناتوانن بەرۆژوو بن وە ئەو رایەی زانایانی شافیعی هێناوە كە فەرمویانە ئەگەر بە ساڵاچوویەك بەڕۆژوو نەبوو دوای ماوەیەك توانی بەرۆژوو بێت پێویست ناكات ئەو رۆژووانە بگرێتەوە كە نەیتوانیوە لەكاتی خۆیدا بیگرێت.
ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنییان هەیەو ناتوانن بەڕۆژوو بن یان ئەوانەی لەبەر هەرهۆكارێك بێت ترسی ناڕەحەتی زۆریان هەیە ئەگەر بەرۆژوو بن دەبێت فدیەكەی بدەن.
بۆ ئافرەتانی دووگیان و شیردەر دوای هێنانی 4 راو قسەكردن لەسەریان، راكەی شافیعی پێ گونجاوە كە دەڵێت ئەو دوو جۆرە دەتوانن بەرۆژوو نەبن بەڵام دەبێت فدیەش بدەن و رۆژووەكەش بگرنەوە.
بۆ ئەوانەی كە بەبێ هیچ بیانویەك رۆژووی قەرز ناگرنەوە تا رەمەزانێكی تر، ڕای مەزهەبی شافیعی و مالكی و حەنبەلی گونجاوە كەدەڵێن ئەو كەسانە دەبێت فدیە بدەن.
ئەوانەی كە دەمرن و رۆژووی قەرزیان لەسەرە، ئەو رایەی پێگونجاوە كە دەڵێت دەبێت فدیەكەیان بۆ بدرێت.
دەربارەی ئەو ڕایەی كە فدیە لە حاڵەتی نەگرتنەوەی رۆژوو و بەسەرچوونی چەند ساڵێك ڕاكەی مەزهەبی شافیعی و مالكی و حەنبەلی بە گونجاو دانراوە كە دووبارە بونەوەی نیە بەڵكو بۆ هەر قەرزێك هەر یەكجار فدیە دەدرێت.

Check Also

كامیان ئایندەی نیشتمان دەگۆڕێت؟

‎ ‎ڕۆشنا صاڵح‎مامۆستا و میدیاكار‎ئەمڕۆ دەستپێكی دوو پڕۆسەی گرنگ بوو لە كوردستان‎واڵاكردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان بەڕووی …