نــــــه‌بـــــه‌ز هــــه‌ورامــــى
ئێوه هه‌ر بۆ (بسم الله)ى مه‌جراى ڕه‌مه‌زان
هه‌ر بۆ ڕاوكردنى ڕه‌نگى كه‌نارى فه‌جرى جێژنه‌كان،
ده‌كه‌ومه نێو ته‌نكایى گۆمى خه‌یاڵتان..
“من له‌سه‌رووى سه‌رتانه‌وه‌م
پرژه‌م نیشتۆته سه‌ر چاوتان
كه‌چى له لێڵایى گۆما بۆم ده‌ڕوانن”*
من له ڕۆژى (ئه‌له‌ست)ه‌وه..له فه‌له‌كى مولكى خۆما
به ده‌ورى میشكاتى نوورا.. ته‌واف ده‌كه‌م
له نێوانى ئێوه و ئاسمانشینانا
وه‌كو په‌یكێ دێم و ده‌چم
من پڕاوپڕ.. به‌ر مه‌وداى سوێندى خوا كه‌وتووم
من تریفه‌م له شاباڵى فریشته‌كانى شه‌وى قه‌در و
ئایه‌تى گه‌شتى میعراجه
من چوومه‌ته نێو شینایى خه‌ونى یوسف
له‌گه‌ڵ خۆرا بووینه باوانى غوربه‌تیى
من به‌م هه‌موو شه‌پۆلى ئه‌شواقه‌مه‌وه
به شه‌وقى ئاماژه‌ى په‌نجه‌ى ده‌ستى (خاته‌م) پێكرام و
ده‌بێ به‌م زامى عیشقه‌وه تا ئه‌به‌د هه‌ر خۆم بژمێرم..
بۆ به‌جێهێشتنى زوڵمه‌ت؛ من به‌درى شه‌وى (هیجره‌ت)م
من مه‌حره‌مى ڕ‌ازى كۆڕى بێداران بووم
هه‌زاران هاوده‌مم هه‌بووه.. هاوده‌مى وه‌كو (مه‌ولانا)..
ئه‌گه‌ر چاوتان بده‌نه به‌ر نواڵه‌ى نوورم.. سه‌راب نایبات
ئه‌گه‌ر ده‌نگتان به ئه‌مواجى موناجاتم موتوربه‌كه‌ن؛
به ئه‌وجى به‌رزایى ده‌گات..
من شینایى ده‌ریا و ئاسمان تێكه‌ڵ ده‌كه‌م
من تینوویه‌تى ته‌مه‌نتان ده‌به‌مه سه‌ر ئاوى حه‌یات
هه‌ناسه‌كانتان ده‌ژمێرم
له شه‌واره و له غه‌فڵه‌تا
ده‌ست و نیگاتان به‌رناده‌م.. من بێدارم
خه‌یاڵتان نوێ ده‌كه‌مه‌وه
به شه‌وانا جێنشینى عه‌رشى شاهى ڕۆشناییم
نا.. هه‌ر خۆم (خۆر)ى شه‌وگارم
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
- دێڕه‌كانى سه‌ره‌تاى ئه‌م ده‌قه، له خه‌رمانه‌ى ڕوانینى (مه‌ولاناى ڕۆمی)یه‌وه‌ن…مامۆستا گۆرانى شاعیریش له شیعره به‌ناوبانگه‌كه‌یدا بۆ (ده‌روێش عه‌بدوڵڵاى شمشاڵژه‌ن) گوتوویه‌تى:
(وه‌كو عه‌كسى قه‌مه‌ر وایه له ناو حه‌وزێكى لیخندا)..