شادان تالب
یەکێک لە خۆشیەکانی ژیانی هەر خوێندکارێک کە دەخوێنێت بەدەستهێنانی پلەی باشە لە کۆتا قۆناغی خوێندن، کە لەم دەروازەیەوە دەگات بەویستی و خولیاکانی، ئەوە خۆشیەکی ئیجگار تایبەتە.. لەناخی دڵمەوە تێر بە خۆشیەکانیان خەنی بووم وامزانیوە ڕۆڵەی خۆمە خەندە چۆتە سەرلێوەکانیان..
لەولاشەوە کۆمەڵێکی زۆری خوێندکاران پڕ دەبن، لە قەلەقی و نائومێدی، خەمگینی کە نەیانتوانیوە نمرەی دڵخوازیان بەدەست بهێنن. لێرەدا وەک مامۆستایەکی ئامادەیی کەمێک دور دەکەوینەوە لە باسێکی زانستی بۆ ئەم دۆخە، بەڵکو ئەزمونی ساڵانەو ڕۆژانەمانە لەگەڵ خوێندکاران باس دەکەین و پەنجە دەخەینە سەر برینەکانی:
+بوونی قەلەقی:
ئاساییە بڕینی قۆناغەکانی ژیان بە سترێس و قەلەقیدا تێپەڕێت، بەتایبەت ئەو قۆناغەی گرنگی و بایەخی زۆری هەیە لای مرۆڤ، ئەمە نیشانەی ئامادەییمانە بۆ بڕینی قۆناغە نوێکەی و گەیشتن بەئامانج. نا ئاسایی ئەوەیە سترێسەکە ببێت بە بەشێکی گەورەی هەوڵەکانمان… ئەمەش وابەستەیە بەچەند خاڵێک:
-ئەو هەڵپە زۆر و هات و هاوارەی بەدەستهێنانی نمرەی یەکەمی کە زۆر جار تەنها خۆشیەکە لەوێدا کۆتایی دێت، بەکورتی پیشاندانی ئەم بابەتە لە ڕاگەیاندنەکان ئەوەندەی بۆتە بابەتێکی ڕووکەشگەرایی ئەوەندە نەبۆتە هاندان، دەیان خوێندکار دڵخۆشن کە ڕەنج و ماندوبوونیان بەزایە نەچووە، ئەم کەشە بۆ هەمووان دڵخۆشیەو فرمێسکی شادی لەگەڵیان دەڕێژین، بەڵام هەزارانی تر نائومێد دەبن کە بۆ لەو فەزای یەکەمییەدا لەبەردەم شاشە ئامادەییان نییە و بەشدار نین. ئەمەش پێویستی بە ڕێکخستنی زیاترە، ئەگەرچی دوو ساڵە وەزارەت خۆی بە فەرمی یەکەمەکان ڕاناگەیەنێت، وەک سنوردانانێک بۆ ئەو دۆخە.
-خێزانەکان ڕۆڵی سەرەکی و کارا دەگێڕن: بیرم دێت کاتێک لەپۆلی دوانزە بووم کەدەچووم بۆ تاقیکردنەوە زۆرینەی کاتەکان ئەوەندە بە بێدەنگی خۆم ئامادە دەکرد، تا کەس لە ئەندامانی خێزانەکەم خەبەریان نەبێتەوە، و نەبمە مایەی بێزاریان، بەڵام ئەوەی تێبینیمکرد ئەمساڵ وەک مامۆستای چاودێر دەمبینی بە دێژایی ٣ کاتژمێرو نیو مامۆستایان و دایک و باوکی خوێندکارەکان زۆرینەیان، لەحەوشەی خوێندنگاکە چاوەڕێن تا خوێندکارەکەیان تەواو بێت و بزانن چۆن بووە، ئێ ئەبێ هەستی ئەم خوێندکارە چیبێت کاتێک باش نابێت؟ چۆن یەکسەر بچێت بەدایک و باوک و مامۆستاکەی بڵێت بێ وەڵام هاتومەتە دەر یان خراپ بووم.
لە ڕۆژێکی تاقیکردنەوەکان یەکێک لە خوێندکارەکان وتی توخوا بە دایکم بڵێن بزانم شەتبی (بێ وەڵام) بکەم، با پرسێکی پێبکەم!ناکرێ و نابێت خوێندکار ئەوەندە بخرێتە قەلەقیەوە.
سەرەڕای ئەوە پێویستە خێزانەکان کەمێک ئاسایی تر لە دۆخی خوێندکارەکە بڕوانن و، ئەوەندە چاوەڕوانیان لێی بەرز نەبێت کە بەردەوام لەخەم و قەلەقی دایک و باوک و دەوروبەری بێت .. کاتێک نمرەی دڵخوازی بەدەست ناهێنێت جارێ خەمی دڵی دایک و باوک و دەوروبەری بێت.
-خاڵێکی تر پێویستە بەڕێوەبەری هۆڵەکانی تاقیکردنەوە مامۆستایەکی تا ڕادەیەکی باش پەروەردەیی بێت و، بەهەموو شێوەیەک سترێس کەمبکاتەوە نەک قاڵە قاڵ و هات و هاوار.
وابزانێت مناڵەکەی خۆیەتی تاقیکردنەوەیەتی و خۆی چاودێریەتی.
-پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان و وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا پلانێکی تۆکمە دابنێن، بەڕاستی ترسی ئەم مۆتەکەیە کەمبکاتەوە.. بەتایبەت تاسستمی تاقیکردنەوەی نیشتمانی هەبێت پێویستە وردتر ئیش لەسەر پرسیارەکان بکەن، چونکە ئەوەی تێبینی کرا پرسیارەکانی یەکەم وانەکە بەو جۆرە بوو، بەتەواوی ورەی خوێندکاری ڕوخاند و بەئاسانی نەیتوانی بکەوێتەوە سەرخۆ..
زۆر خاڵی تر هەیە کە قەلەقی و سترێس زیاد دەکات، لەوانە (مەلزمەیەکی زۆر و بێ شومار و ئەو کەس بەکەسیەی لە بازاڕدا هەیە، کێبڕکێی مامۆستایان لەسەر کۆکردنەوەی زۆرترین خوێندکار لەدەوری وانە تایبەتەکانیان، لایڤ و زانیاری بێ بنەمای ڕۆژێ پێش تاقیکردنەوەکان، زۆر حساب نەکردن بۆ مەنهەجی خوێندن ، …هتد)
خوێندکاری ئەزیز کۆتایی دنیا نیە …
خۆشبەختانە ئۆفەرەکان زۆرن بۆتۆی هەوڵدەر.. خولی دووەم ، یەک بابەتی و دوو بابەتی، دانیشتنەوە بۆ ساڵێکی تری خوێندن، گوێگرتن لەو مامۆستا بە ئەزمونانەی بێ بەرامبەر وانەکانیان لە یوتیوب داناوە، ئەمەش هەڵبەت بەڕای من لە بابەتێک کە بەتەواوی تێنەگەیشتی نەوەک بەتەواوەتی پشتی پێ ببەستی، کاری باش ئەوەیە لەگەڵ مامۆستای خوێندنگەکەت هەنگاو بە هەنگاو بڕۆی..
سوپاس بۆ خوا ئێستە دەیان بەش و کۆلێژی نوێ کراوەتەوە کە دەتوانی بەدڵنیاییەوە خۆت لە یەکێکیاندا ببینیتەوە، گرنگ ئەوەیە ئەو ئامانجەی هەتە خۆشت بویت، لەوێ سەرکەوتوبیت نەک تەنها بەدەستهێنانی نمرە، لە گرنگی نمرە و هەوڵدان کەم ناکەینەوە، چونکە دواجار ئێمە لە ژێر ڕێنمایی ئەم سستمەداین و نمرە پێوەرە بۆ هەڵبژاردنی دواڕۆژی هەر خوێندکارێک .. ئەگەرچی ئەوە ئێمەین دواڕۆژەکە دەستنیشان دەکەین و دەینەخشێنین، نەک نمرەکەمان، بەڵام ورەی باش و ئارامی و ئاسانکردنی بارودۆخەکە دواجار لەسەر شانی تۆی خوێندکارە بە پلەی یەک.