شەممە , حوزه‌یران 20 2026

تەنها وریابە

خەرمان عبدالکریم
هەندێک ئاماژە هەن مرۆڤ پێویستی بەوە نییە لێوەکانی بۆ بخاتە جوڵە، بەلکو هەندێک جار لە ڕێگەی بێدەنگی و هەندێک جار بەڕازی بوونی بەردەوامی هەمو بابەتێک، بڕێک جاریش بە خۆ گرژکردن یان توڕەبوون یان هەڵچونێکی شیر ئاسا هیچ بەسەر هیچەوە ناهێڵێت.
بۆیە کاتێک قسە دەپژێت لەحاڵەتی پڕبووندا بەشێکی گوێیەکان و هەندێک کەناڵی دڵتان دابخەن، تا بتوانن خۆتان وەک ئەوەی کە هەن نەبینن، چونکە گوێبیستی شتانێک دەبن کە خۆتان پێی نامۆن لە بنەڕەتدا، بڵاودەبنەوە لەناو خۆتاندا بەدوای خاڵێکی باسکراودا دەگەڕێن کە زەمەنێکە داتان پۆشتووە، دەگەڕێن تا سەرەداوی قسەی دووەم پینە بکەن، بەڵام لەمەشدا گرێ کوێرەی بەرهەڵستی ڕوداوێکی تر زیندوو دەبێتەوە، بۆیە وریای ئەو ئاماژە لەناکاوە پڕ تەوژمە بن کە لە گرێی دڵێکی بێدەنگەوە هێواش هێواش دەکرێتەوەو جۆگەلەی هەموو ڕازو هەموو گلەیی و هەموو نهێنی و هەموو ئازارو هەموو ئیهمالیەک و، هەموو بەکەم ڕاوانین و شکانەوەیەک دەخاتە بەر زەنگی گوێیەکانت و، لەرزینی دڵ و نەناسینی کەسایەتی دەکەوێت، مەڕوانە ئەو ئاوە مەنگە بێ مەترسیەی هەمیشە تۆ لێڵی دەکەیت و، بە نهێنی جۆراو جۆر ڕێڕەوەکەی بەئاڕاستەی خۆت دەکەیتەوە، بەڵام هەموو جار گۆزەکەتی بە تەواوی لێ پڕ ناکەیت، بەشێکی دەهێڵیتەوە بۆ ئەو وەختەی خۆی پڕ دەبێت و، خاڵی هێواشی ڕاماڵێنی هەموو ئەو لێڵیە دروستکراوەیە کە لەبنەوە کەڵەکە بووە ڕێک ژیان و هەستەکانیش وەک ئەوەیە کە دەیکەیت بەرامبەر بە هەر دڵێک کەلەتەنیشتتدا، بەخاتری ژینکردن قبوڵی هەرچی شکانەوەو ڕووداوە گرتویەتی بۆیە تەنها بەوریاییەوە ژیان بکەن تا بتوانن گوێتان بەر ڕاستی وکەلێنە دروستکراوەکانی خۆتان نەکەوێتەوە.

Check Also

ئەتەکێتی گەشتکردن بە فڕۆکە

و/ چیا حمەعلی گەشتە ئاسمانییەکان بۆ زۆر کەس بوونەتە بەشێکی سەرەکی ژیان، جا بۆ کاروبار، …