سێشەممە , حوزه‌یران 16 2026

کارکردن لە کەرتی تایبەت: مافە یاساییەکان و ئاستەنگەکانی بەردەم ژنان

دڵخواز عبداللە
کارکردن لە کەرتی تایبەت یەکێکە لە بزوێنەرە سەرەکییەکانی ئابووری، بەڵام بۆ ژنان، ئەم ئەزموونە تەنها کارکردن نییە، بەڵکو ڕووبەڕووبوونەوەیەکی بەردەوامە لەگەڵ کۆمەڵێک ماف و ئاستەنگ و ستەم.
بەپێی یاسای کاری عێراقی (ژمارە ٣٧ی ساڵی ٢٠١٥)، پەیوەندی کار پێویستە لەسەر بنەمای دادپەروەری ڕێکبخرێت .
یەکەم: مافە سەرەکییەکانی کارمەند پێش دەستبەکاربوون
پێش ئەوەی واژۆ لەسەر هیچ کاغەزێک بکریت، پێویستە کەسەکە دڵنیابیتەوە لەم خاڵانە:
گرێبەستی نووسراو: گرێبەستەکە دەبێت سێ کۆپی بێت و هەموو وردەکارییەکانی مووچە، ناونیشانی وەزیفی و کاتژمێرەکانی کاری تێدا بێت..

دەستەبەری کۆمەڵایەتی (الضمان): ئەمە گرنگترین مافی یاساییە پێویستە ئەو کەسە دڵنیا بێتەوە کە خاوەنکار ناوی تۆمار دەکات لە فەرمانگەی دەستەبەری کۆمەڵایەتی.
ئەمە نەک تەنها بۆ خانەنشینی، بەڵکو بۆ پاراستنی کەسەکەیە لە کاتی نەخۆشی، یان مۆڵەتی منداڵبوون کە تێچووەکەی لەلایەن سندوقی دەستەبەرەوە دابین دەکرێت.
ماوەی تاقیکردنەوە: یاسا تەنها ٣ مانگی دیاری کردووە؛ لەم ماوەیەدا دەبێت هەمان مووچەی کارمەندی ئاسایی دەبێت.
کاتژمێری کار و پشوو: کاتژمێری ئاسایی ٨ کاتژمێرە لە ڕۆژێکدا،هەر کاتژمێرێکی زیادە دەبێت بە ڕەزامەندی و بە کرێی زیاتر (٪١٥٠) بێت.
دووەم: ئیمتیازاتە تایبەتەکانی ژنان لە یاسای کاردا
یاسادانەر ڕەچاوی بارودۆخی تایبەتی ژنانی کردووە و ئەم مافانەی بۆ چەسپاندوون:
مۆڵەتی منداڵبوون: مافێکی یاساییە و خاوەنکار بۆی نییە بەو هۆیەوە کارمەندەکەی فەسڵ بکات.
کاتژمێری شیرپێدان: دایکان مافیان هەیە ڕۆژانە کاتژمێرێک بۆ شیرپێدانی منداڵەکانیان بەکاربهێنن و نابێت لە مووچەکەیان ببڕدرێت..
دابینکردنی دایەنگە: لەو شوێنانەی ژمارەی کارمەندە ژنەکان لە ٥٠ تێپەڕ دەکات، خاوەنکار پابەندە بە دابینکردنی شوێنێک بۆ منداڵەکانیان.
سەلامەتی پیشەیی: دڵنیابێتەوە لە بوونی مەرجەکانی سەلامەتی لە شوێنی کارەکە.
پاراستن لە هەراسانکردن: مافی ئافرەتە بزانیت ئایا کۆمپانیاکە پەیڕەوی ناوخۆی هەیە بۆ ڕێگری لە هەراسانکردن؟ یاسای کار پارێزگارییەکی توند لە ئافرەتان دەکات لەم ڕووەوە.
ستەم وئاستەنگە کۆمەڵایەتی و کارگێڕییەکان بەرامبەرژنان لە کەرتی تایبەتدا:
سەرەڕای بوونی یاسا و ڕێساکان، ئافرەتان هێشتا ڕووبەڕووی کۆمەڵێک ئاستەنگ و ستەمی جیاواز دەبنەوە کە ڕەنگە هۆکارەکەی کلتووری، کۆمەڵایەتی، یان خراپیی جێبەجێکردنی یاساکان بێت بەهۆی لاوازیی چاودێریی حکومەت لێرەدا دیارترین ئەو ستەمانە دەخەینە ڕوو:
١- جیاوازی مووچە: زۆرجار ژنان بۆ هەمان کاری پیاوان، مووچەیەکی کەمتریان پێ دەدرێت..

٢- ترس لە بێدەنگی: زۆرێک لە ژنان لەبەر ناوبانگ یان ترسی لەدەستدانی کار، لە بەرامبەر ستەمەکان بێدەنگ دەبن.
٣- ستەمی “مۆڵەتی منداڵبوون”:
زۆرێک لە خاوەنکارەکان دوور دەکەونەوە لە دامەزراندنی ئافرەتانی هاوسەردار یان دووگیان، چونکە نایانەوێت کرێی مۆڵەتی دایکایەتی بدەن .
٤- نەبوونی دەستەبەری کۆمەڵایەتی :
بێبەشکردنی ئافرەت لە مافی دەستەبەری کۆمەڵایەتی و خانەنشینی.
٥- دەرکردنی ئافرەت لە کار بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە و بێ پاراستنی مافە داراییەکانی، تەنها لەبەر ئەوەی مەرجێکی نوێی خاوەنکار جێبەجێ ناکات .

٦- هەراسانکردن:
جۆرەکانی هەراسانکردن لە شوێنی کار
_هەراسانکردن تەنها لایەنە فیزیکییەکە ناگرێتەوە، بەڵکو چەندین شێوازی هەیە کە پێویستە ژنان لێی بەئاگا بن.:

_هەراسانکردنی زارەکی: وەک توانج، قسەی نەشیاو، یان پێکەنینی مەبەستدار کە شکۆ دەشکێنێت..
_هەراسانکردنی فیزیکی: هەر دەستلێدانێکی نەخوازراو یان بەربەست دروستکردن بۆ جوڵە لە ناو کاردا.
_هەراسانکردنی دەروونی : وەک پەراوێزخستن، شاردنەوەی زانیاری، یان پێدانی ئەرکی زۆر نزم تەنها بۆ ئەوەی کارمەندەکە وەک شکستخواردوو نیشان بدرێت..
_هەراسانکردنی ئەلیکترۆنی: بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیا و گروپەکانی واتساپ بۆ ناردنی نامەی نەشیاو یان فشار خستنە سەر کارمەند لە دەرەوەی کاتی کار.
_هەراسانکردنی ئابووری: هەڕەشەکردن لە بڕینی مووچە یان پێنەدانی پلەبەرزکردنەوە ئەگەر کارمەندەکە نەچێتە ژێر باری داواکارییە کەسییەکان.

عەقڵییەتی جێبەجێکردن: کێشەکە زۆرجار لە یاساکەدا نییە، بەڵکو لەو عەقڵییەتە دایە کە چاوپۆشی لە خاوەنکارەکان دەکات و “سوڵحی کۆمەڵایەتی” دەخاتە پێش “سەروەری یاسا.
ستەمکردن لە ئافرەتانی کرێکارکە لە کێڵگە کشتوکاڵییەکان، پاککردنەوە، یان کارە دەستییەکان کار دەکەن :
ڕووبە ڕووی سەختترین جۆرەکانی چەوسانەوە دەبن، چونکە زۆرجار ئەم چینە کەمتر ئاشنان بە مافە یاساییەکانیان و زیاتر پێویستییان بە بژێوی ڕۆژانەیە..
لێرەدا دیارترین ئەو ستەمانە دەخەینە ڕوو کە ڕووبەڕووی ئافرەتانی کرێکار دەبێتەوە .
. ١- چەوسانەوەی دارایی و مووچەی کەم

زۆرێک لە خاوەنکارەکان مووچەیەک دەدەن بە ئافرەتانی کرێکار کە زۆر کەمترە لە “کەمترین مووچەی دیاریکراو لە یاسادا .
٢- بێبەشکردن لە دەرماڵە: پێنەدانی کرێی کاتژمێری زیادە یان دەرماڵەی مەترسی و پشوو، لە کاتێکدا هەمان ئەرکی پیاوێکی کرێکار جێبەجێ دەکەن.
٣- کەمیی کەرەستەی سەلامەتی: ئافرەتانی کرێکار لە کارگەکاندا زۆرجار کەرەستەی پاراستنی کەسییان (وەک دەمامک، دەستکێش، یان جلوبەرگی تایبەت) بۆ دابین ناکرێت، ئەمەش دەیانخاتە بەر مەترسی نەخۆشییە درێژخایەنەکان.
٤- کەمیی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان: نەبوونی تەوالێتی تایبەت، شوێنی حەوانەوە، یان ئاوی پاکی خواردنەوە لە هەندێک شوێنی کاردا .
٥- ستەمی جەستەیی و ماندووبوونی زۆر
ڕاسپاردنی ئافرەتان بە کارە قورسەکان (هەڵگرتنی باری قورس یان وەستان بۆ ماوەی زۆر) بەبێ ڕەچاوکردنی بارودۆخی جەستەیی و تەندروستییان.
پێنەدانی پشوو: ڕێگریکردن لە پشووی کورت لە کاتی کاردا یان ناچارکردنیان بە کارکردن لە ڕۆژانی پشووی فەرمیدا بەبێ قەرەبوو..
٦- بێبەشکردن لە پاراستنی یاسایی (دەستەبەری کۆمەڵایەتی):
٧- هەڕەشەی فەسلکردن (دەرکردن)
ئافرەتی کرێکار هەمیشە لە ژێر ترسی ئەوەدایە کە “کەسێکی تر جێگەت دەگرێتەوە”. ئەم ترسە بەکاردێت بۆ بێدەنگکردنیان بەرامبەر هەر ستەمێک..

٨- دەرکردن بەهۆی دووگیانی: کاتێک ئافرەتێکی کرێکار دووگیان دەبێت، زۆرجار خاوەنکارەکە بەبێ دودڵی دەری دەکات ..

٩- هەراسانکردن و نەبوونی پاراستن ئافرەتانی کرێکار زیاتر ڕووبەڕووی قسەی نەشیاو یان هەراسانکردن دەبنەوە لە لایەن سەرپەرشتیارەکان یان خاوەنکارەکان، و زۆرجار سڵ دەکەنەوە لە سکاڵا کردن لە ترسی بڕینی نانیان یان تێکچوونی ناوبانگیان.
ستەمی “کاتژمێری شیرپێدان” و “دایەنگە”

١٠-

لە زۆربەی شوێنەکاندا، مافی شیرپێدانی منداڵ فەرامۆش دەکرێت.
ستراتیژیی ڕووبەڕووبوونەوەی پێشێلکارییەکان دژی ژنانی کرێکار
یەکەم: میکانیزمەکانی خۆپارێزی و بەرگری لە سەر ئاستی (ئاستی تاکەکەسی):
بۆ ئەوەی ژنانی کرێکار بتوانن لە ناوەندەکانی کاردا پارێزگاری لە مافەکانیان بکەن، پێویستە ئەم هەنگاوانە بگرنە بەر::
بەرزکردنەوەی هۆشیاری یاسایی بە پێی توانا: شارەزایی لە بڕگەکانی “یاسای کار” و ” بۆ زانینی مافەکانی خۆیان و ڕەتکردنەوەی ستەم.
تۆمارکردنی سکاڵا: سڵ نەکردنەوە لە پەیوەندیکردن بە لیژنەکانی پشکنینی کار وسەندیکاو ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافی ئافرەتان لە کاتی هەر پێشێلکارییەکدا.
بوونی سیستەمێکی “سکاڵای نهێنی” لەناو وەزارەتی کار یان لەناو هەر کۆمپانیایەکدا، کە ژنەکە بتوانێت سکاڵا بکات بەبێ ئەوەی نە خێزانەکەی بزانن و نە کارەکەشی لەدەست بدات..
پشتیوانی بەکۆمەڵ: دروستکردنی تۆڕی پەیوەندی لە نێوان کارمەندە ئافرەتەکان بۆ دروستکردنی فشار و بەرگری لە مافە هاوبەشەکانیان (بۆ نموونە: داواکردنی شوێنی دایەنگە لە ناوەندەکانی کار)..
دووەم: ڕۆڵی سەندیکا لە سەرئاستی دامەزراوەیی و پیشەیی)
سەندیکا تەنها ناوێکی پیشەیی نییە، بەڵکو دەتوانێت هاوسەنگی هێز بۆ بەرژەوەندی کرێکار بگۆڕێت لە ڕێگەی
دابینکردنی پارێزەری خۆبەخش:
دروستکردنی نووسینگەی تایبەت لە ناو سەندیکاکاندا بۆ داکۆکیکردنی بێ بەرامبەر لەو ژنانەی مافیان دەکرێت..
گۆڕینی ڕووبەڕووبوونەوە لە تاکەوە بۆ کۆ: کاتێک پێشێلکاری بەرامبەر ژنێک دەکرێت، پێویستە خاوەنکار بزانێت کە ڕووبەڕووی “سەندیکا” دەبێتەوە نەک تەنها تاکە کەسێک..
بەڵام سەندیکا کاتێک دەبێتە کارەکتەرێکی ئیجابی ئەگەر سەربەخۆ بێت و وەک پردێک بێت لە نێوان “یاسا” و “واقیعی کار”. بۆ ژنانی کرێکار لە کوردستان، بوونی سەندیکایەکی چالاک و تایبەتمەند گرنگە کە تێگەیشتنی بۆ کێشە جیاوازەکانی(وەک هەراسانکردن و مۆڵەتی دایکایەتی) هەبێت،بەڵام لەبەر لاوازی ڕۆڵەکە زۆربەی ژنان لە کاتی تووشبوون بە غەدرو ستەم یان هەراسانکردن.

یەکەم: بیرکردنەوەیان بۆ “خێزان” دەچێت، بەڵام پەنابردن بۆ خێزان دوولایەنەیە:

لایەنی ئەرێنی: خێزان دەتوانێت پارێزگاریی فیزیکی و پشتیوانی دارایی و دەروونی خێرا دابین بکات.

لایەنی نەرێنی: زۆرجار خێزان لەبەر “ناوبانگ” یان “شەرم”، فشار لە ژنەکە دەکەن کە کارەکەی بەجێبهێڵێت و بێدەنگ بێت، یان ڕەنگە لۆمەی بکەن کە بۆچی رێگەی داوە بگاتە ئەو قۆناغە ، ئەمەش وادەکات مافەکە بەیەکجاری بفەوتێت .

دووەم: ئەرکەکانی حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان
بۆ ئەوەی چارەسەرەکان بنەڕەتی بن، پێویستە لایەنی جێبەجێکار ئەم هەنگاوانە بنێت:
چاودێری ورد و کتوپڕ: ئەنجامدانی گەڕانی مەیدانی بۆ کۆمپانیا و کارگەکان بۆ دڵنیابوونەوە لە جێبەجێکردنی یاساکان.
سزادانی توند: سەپاندنی سزای یاسایی و دارایی بەسەر ئەو خاوەنکارانەی پابەندی دابینکردنی مافەکانی وەک (مۆڵەتی دایکایەتی، دایەنگە، و یەکسانی لە مووچە) نابن.

Check Also

قوربان.. جەژنی تەسلیمبوونی هاجەرە و ئیبراهیم بە ئەمری حەق

ڕۆشنا صالح بامۆكی ئەبێ چی لە ئازاری جێهێشتنی هاوسەر لە سەحراو و بێ كەس و …