ئا/ ڕۆزی ڕزگار
بەشی دووەم
ئەم قۆناغە بە قۆناغی “گەشەی خێرای جووڵە و فێربوون” ناسراوە.
ئەم قۆناغە یەکێکە لە گرنگترین قۆناغەکانی ژیانی منداڵ، چونکە ئەم تەمەنە بە تەمەنی فێربوونی قسەکردن، و بەهێزبوونی ماسولکەکان. فێربوون و جوڵە و سەربەخۆیی دادەنرێت. ئەگەر لە ساڵی یەکەمدا گەشەی جەستە زۆر خێرا بوو، لەم قۆناغەدا گەشەی مێشک و دەروونی بە شێوەیەکی زۆر بەرچاو دەچێتە پێش.
گەشەی جەستەیی بەردەوام دەبێت، بەڵام بە خێرایی کەمتر لە ساڵی یەکەم. لە هەمانکاتدا گەشەی مێشک و دەروونی زۆر خێراتر دەبێت، کە کاریگەری زۆری هەیە لەسەر فێربوون و ڕەفتار.
گەشەی جەستەیی (باڵا و کێش):
لە ١–٣ ساڵدا زیادبوونی کێش و باڵا بەردەوامە، بەڵام نەک وەک خێرایی ساڵی یەکەم.
- منداڵ لە هەر ساڵێکدا نزیکەی ٢–٣ کگم زیاد دەکات.
- باڵا لە هەر ساڵێکدا نزیکەی ٨–١٠ سم بەرز دەبێت.
تایبەتمەندییە دیارەکانی ئەم تەمەنە:
لەم قۆناغەدا گۆڕانێلی بەرچاو دەبینرێت، بۆ نمونە منداڵ دەتوانێت (بە ئاسایی بڕوات و هەندێجار بە خێرایی ڕابکات) : کە ئەمە نیشانەی باشی هاوسەنگی و بەهێزبوونی جەستەیەتی.
(هەروەها دەستدەکات بە قسەکردن)؛ لە وشەی سادەوە بەرەو دروستکردنی ڕستەی کورت دەچێت، و توانای دەربڕینی خواست و پێویستییەکانی زیاتردەبێت.
لە ڕووی ڕەفتاریشەوە، منداڵ فێری ئەوە دەبێت (بە دەستی خۆی بخوات)، (شتەکان بگرێت) و (یاریان پێ بکات) ، کە ئەمە نیشانەی گەشەی دەست و مێشکە. بە هەمان شێوە، (دەستدەکات بە ناسینەوەی ڕەنگ و شێوە)، و (هەستەکانی وەک خۆشی، توڕەبوون، ترس) بە شێوەیەکی ڕوونتر دەردەبڕێت.
هەموو ئەم توانایانە پێکەوە نیشانەی ئەوەن کە:
مێشک + ماسولکە + هەست = هاوکاری باشدەکەن
ئەگەر یەکێک لەم توانایانە زۆر دوابکەوێت، باشە چاودێری زیاتر بکرێت.
خواردنی پێویست بۆ منداڵ (١–٣ ساڵ):
لە تەمەنی (١–٣ ساڵ)دا خواردن ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینێت لە گەشەی جەستە، مێشک و بەهێزبوونی ماسولکەکان. لەم قۆناغەدا منداڵ پێویستی بە خواردنی جۆراوجۆر و هاوسەنگ هەیە بۆ ئەوەی هەموو ئەو ماددانەی پێویستن بگەیەنرێن بۆ جەستەی.
پێویستە خواردنەکانی ڕۆژانە لەسەر بنەمای پڕۆتین، ڤیتامین، کالسیۆم و کاربۆهەیدرەت دابنرێت. وەک: شیر و ماست بۆ بەهێزکردنی ئێسک، گوشت و هێلکە بۆ گەشەی ماسولکە، سەوزە و میوە بۆ ڤیتامین، و برنج و نان بۆ دابینکردنی وزە زۆر گرنگن.
باشتروایە خواردن بە شێوەیەکی جوان و بەئارامی پێشکەش بکرێت، چونکە لەم تەمەنەدا منداڵ ڕەفتاری خواردن فێردەبێت و کاریگەری لەسەر داهاتووی هەیە.
نانی بەیانی منداڵ:
- شیر + نان + هێلکە
- شیر → بۆ بەهێزکردنی ئێسک
- نان → بۆ وزە
- هێلکە → بۆ گەشەی ماسولکە
واتە خواردنی بەیانی دەبێت هێز بدات بە منداڵ بۆ سەرەتای ڕۆژ.
نیوەڕۆ (خواردنی سەرەکی) - برنج + گوشت/مریشک + سەوزە
- برنج → وزە
- گوشت یان مریشک → پڕۆتین بۆ گەشە
- سەوزە → ڤیتامین
ئەمە گرنگترین خواردنی ڕۆژە بۆ گەشە.
ئێوارە (خواردنی سادە و سووک)
•میوە + ماست
- میوە → ڤیتامین
- ماست → کەلسیۆم
خواردنی ئێوارە دەبێت سووک بێت بۆ ئاسوودەیی خەو
ئەو خواردنانەی کە پێویستە نەدرێت یان کەمبکرێتەوە بە منداڵ:
لەگەڵ ئەوەی منداڵ پێویستی بە خواردنی تەندروست هەیە، هەندێک خواردن پێویستە سنووردار بکرێن یان بە تەواوی لاببرێت. خواردنە خێراکان و ئامادەکراوی دەرەوە، خواردنی زۆر شیرین یان پڕ شەکر، و خواردنی زۆر سوێر کاریگەری خراپ لەسەر تەندروستی و گەشەی منداڵ دروستدەکەن.
هەروەها پێویستە منداڵ دوربخرێتەوە لەو خواردنانەی کە قەبارەیان بچووکە و مەترسی چوونە ناو بۆری هەناسەیان هەیە، وەک فستق یان پارچەی گەورەی خواردن کە بە باشی نەکۆڵێندرابێت.
خاڵێکی گرنگ:
لە (١–٣ ساڵ)دا گەشەی مێشک زۆر گرنگترە لە تەنها زیادبوونی کێش و باڵا. قسەکردن ویاری و هاوپەیوەندی لەگەڵ دایک و باوک کاریگەری زۆر لەسەر داهاتووی منداڵ دەکات.
کێشە باوەکان لەم تەمەنەدا:
کەمبوونی ئارەزووی خواردن. هەڵبژاردنی خواردن.
_زۆر حەزکردن بە شیرینی
چارەسەر: - زۆر فشاری نەکردن لەمنداڵ.
- خواردن بە شێوەیەکی جوان پێشکەش بکرێت.
- منداڵ لە دەوروبەر (دایک و باوک)ەوە فێردەبێت چی بخوات.
تێبینی بۆ دایک و باوک: - ئەگەر منداڵ قسە نەکات تا دوای ٢ ساڵ، دەبێت پزیشک بیبینێت.
- ئەگەر نەیدەتوانی بڕوات تا ١.٥ ساڵ، پێویستە پشکنینی بۆبکرێت.
- زۆر گرنگە یاری لەگەڵی بکرێت (یاریکردن = فێربوون).
- کەمبوونی ئارەزووی خواردن ئاساییە لەم تەمەنەدا، بەڵام بەردەوام نەبێت.
چ کاتێک پێویستە پزیشک منداڵ ببینێت؟ - ئەگەر منداڵ نەتوانێت بڕوات تاتەمەنی ١.٥ ساڵ.
- ئەگەر قسە نەکات تا ٢ ساڵ.
- ئەگەر کێش یان باڵا زیاد نەکات.
- ئەگەر زۆر لاواز یان زۆر قەڵەو بێت.
لە (١–٣ ساڵ)دا تەنها خواردن و کێش گرنگ نیە، بەڵکو یاری، قسەکردن، جوڵەی بەردەوام دەربڕینی هەست و خۆشەویستی هەموویان گرنگن.
منداڵێک کە لە ژینگەیەکی ئارام و پڕ لە خۆشەویستی گەشە بکات، باشتر فێردەبێت و تەندروستتر دەبێت.