سێشەممە , حوزه‌یران 16 2026

چاکسازی خود (3) بۆچی لەبارەی نەفسمانەوە نادوێین

شادان عوسمان
بۆچی مرۆڤەکان قسە لەسەر کەون و ژیان، کەسانیتر و زۆر شتیتر دەکەن،
بەڵام کەمتر گرنگی بە نەفسی خۆیان دەدەن؟
بۆ نەفس؟ دەتوانین بڵێین زیاتر لە چەند هۆکارێک هەیە کە گرنگی پئ بدەین
یەکەم: عەقڵ، ژیری و فیتڕەت
دووەم: واقیع کە پێویستە جێگیری هەبێت، ئەوەش لە شەرع و یاسای خوای گەورەدایە.
سەرەتا لە عەقڵ و ژیرییەوە دەست پێبکەین:
کاتێک مرۆڤ ڕەفتار لەگەڵ خەڵک دەکات، نەفسی لە بەرامبەر تۆدا دەردەکەوێت.
هەر نەفسێک، دنیای دەوروبەری خۆی بە شێوەی خۆی دەبینێت.
کەواتە هەموو شتەکانی دەوروبەرت، لە ڕاستیدا ئاوێنەی نەفسی خۆتە.
بۆیە پێویستە سەرەتا گرنگی بەو ماددەیە بدەیت کە هەموو ئەم ئەرکەی پێ سپێردراوە، نەفسی خوت تاکە ئامیریکە بەرپرسە، چۆن دەبێت ئەم نەفسە، کە وەک ئامێرێکی زۆر گرنگە، پەیوەست بێت بە ئیستا و داهاتووی تۆ، بەڵام تۆ هیچ زانیارییەکت نەبێت لە بەکارهێنانی؟
نەزانیت تایبەتمەندییەکانی چییە؟
نەزانیت عەیبەکانی چییە؟
نەزانیت تواناکانی کامانەن؟
ئەقڵ و فیتڕەت پێمان دەڵێن:
ناتوانیت بچیت و بازهەڵبدەیت بەسەر کەسانی تر، بەبێ ئەوەی دراسەی نەفسی خۆت نەکردبێت.
زۆرێک لە کێشەکان لەوێوە سەر هەڵدەدەن: مرۆڤ ڕەفتار لەگەڵ دەوروبەری دەکات و تووشی کێشە دەبێتەوە، چونکە دراسەی نەفسی خۆی نەکردووە، نەیزانیووە خالی هێز و لاوازییەکانی چییە.
هەروەها سەرقال بوونێکی زۆر بە کەسانیتر، بیرکردنەوە لەسەریان، مرۆڤ لە خودی خۆی دور دەخاتەوە.
لە ڕوانگەی شەرعیەوە:
خوای گەورە دەفەرموێت:
﴿مَنْ عَمِلَ صَالِحًا فَلِنَفْسِهِ وَمَنْ أَسَاءَ فَعَلَيْهَا﴾ (هەر کەسە کارێکی چاک بکات، بۆ خۆیەتی؛ و هەر کەسە خراپە بکات، لەسەر خۆیەتی)، دەفەرموێت: ﴿وَمَنْ أَبْصَرَ فَلِنَفْسِهِ﴾ هەر کەسە بینایی (هیدایەت) بدۆزێتەوە، بۆ خۆیەتی)
وە دەفەرموێت: ﴿عَلَيْكُمْ أَنْفُسَكُمْ﴾ (خۆتان بپارێزن) ﴿لَعَلَّكَ بَاخِعٌ نَفْسَكَ أَلَّا يَكُونُوا مُؤْمِنِينَ﴾ (نزیکە خۆت لەناو ببەیت لەبەر ئەوەی ئەوان باوەڕ ناهێنن) دەفەرموێت:
﴿يَوْمَ يَفِرُّ الْمَرْءُ مِنْ أَخِيهِ (٣٤) وَ أُمِّهِ وَ أَبِيهِ
وە هەروەها: ﴿وَكُلُّهُمْ آتِيهِ يَوْمَ الْقِيَامَةِ فَرْدًا﴾
هەموو ئەم ئایەتانە ئەو ڕاستییەمان بۆ ڕوون دەکەنەوە:
گرنگی دان بە نەفس، پێش هەموو شتێکە، تەنانەت لە قیامەتیش.
چونکە هەموو کەس بە تەنها دێت، هیچ شتێک لەگەڵی نابێت. ﴿وَكُلُّهُمْ آتِيهِ يَوْمَ الْقِيَامَةِ فَرْدًا﴾
واتە: هەموویان لە ڕۆژی قیامەتدا تەنها و بە تاکەکەسی دێن بۆ لای خوا.
هەموو ئەمانە پێمان دەڵێن:
نەفس، یەکەمین پێویستی مرۆڤە. هەر کاتێک نەفست بیرچوو، ئەوا تۆ دەکەویتە ناو خەڵک و سەرقال دەبیت بەوان.
پرسیار: ئایا ئەمە خۆپەرستییە؟ یان نا؟ ئەگەر خۆپەرستی بەو مانایە بێت کە نەفسی خۆت ڕابێنیت لەسەر چاکە، و دوور بخەیتەوە لە خراپە، بۆ خۆت و دەوروبەرت،
ئەوا: (فَنِعْمَةٌ) — باشترین شتە.

Check Also

قوربان.. جەژنی تەسلیمبوونی هاجەرە و ئیبراهیم بە ئەمری حەق

ڕۆشنا صالح بامۆكی ئەبێ چی لە ئازاری جێهێشتنی هاوسەر لە سەحراو و بێ كەس و …