سێشەممە , حوزه‌یران 16 2026

زیادەڕەوی و بەفیڕۆدان (الاسراف والتبذير)

سومەیە مەحمود/ خاوەنی بڕوانامەی زانستی شەرعی

اسراف: واتە زیادەڕەوی
تبذير: واتە بەفیڕۆدانی ماڵ و سامان بەبێ سود

یەکێک لە خووە خراپەکانی مرۆڤ زیادەڕەوییە لە کڕینی شتومەک بەتایبەت لە جەژن و بۆنەکاندا.

خوای گەورە دەفەرموێت: {وَكُلُوا وَاشْرَبُوا وَلَا تُسْرِفُوا إِنَّهُ لَا يُحِبُّ الْمُسْرِفِينَ}.
واتە: بخۆن و بخۆنەوە، بەڵام زیادەڕەوی مەکەن، بێگومان خوای گەورە زیادەڕەوانی خۆشناوێت.
زیادەڕەوی هۆکارێکی گەورەیە بۆ بەفيڕۆدانی ماڵ و سامان و کەموکوڕی لەلایەنەکانی تردا، وە هۆکارێکە بۆ هەژاری و هیچ بەدەستەوە نەمان .
ئەگەر ئەو ئەندازەی کەلەزیادەڕەویدا خەرج دەکرێت بدرێت بە هەژارو کەم دەرامەت، ئەو کاتە ڕێژەیەکی زۆر لە هەژاری چارەسەردەبێت.

خوای گەورە لەو بارەیەوە دەفەرمووێت:-
(وَلَا تَجْعَلْ يَدَكَ مَغْلُولَةً إِلَىٰ عُنُقِكَ وَلَا تَبْسُطْهَا كُلَّ الْبَسْطِ فَتَقْعُدَ مَلُومًا مَّحْسُورًا )
واتە : دەستت مەنوقێنە بەشێوازێک کەهیچ نەبەخشیت، وەئەوەندەش مەیکەرەوە کەهیچی تێدا نەمێنێت و بۆئەوەی نەبیتە کەسێکی لۆمە کراو و هیچ بەدەستەوەنەماو دوایی بەخەفەتەوە لێی دانیشیت .

هەروەها خوای گەورە لەمەدحی بەندە ساڵحەکانیدا دەفەرموێت:

(وَالَّذِينَ إِذَا أَنفَقُوا لَمْ يُسْرِفُوا وَلَمْ يَقْتُرُوا وَكَانَ بَيْنَ ذَٰلِكَ قَوَامًا).
واته: وەئەوانەی کاتێ کە ئەبەخشن زیادەڕەوی و کەم و کورتی ناکەن، بەڵکو لە نێوان ئەودووانەدا وەستاون و مامناوەندن.

پێغەمبەرمان درودی خوای لەسەربێت فەرمویەتی:
(لا تَزولُ قَدَمَا عَبْدٍ يومَ القيامةِ، حتَّى يُسأَلَ عن عُمُرِه؛ فيمَ أفناه؟ وعن عِلْمِه؛ فيم فعَلَ فيه؟ وعن مالِه؛ من أين اكتسَبَه؟ وفيم أنفَقَه؟ وعن جِسمِه؛ فيمَ أبلاه؟)
واتە: دوو پێی هیچ بەندەیەک ناترازێت لەڕۆژی دواییدا هەتا پرسیاری لە چوار شت لێ ئەکرێت:
١- لەتەمەنیدا کەلەچیدا بەسەری بردوە.
٢- لەعیلم و زانستیدا کە لەچیدا بەسەری بردووە.
٣- لەماڵ و سامانیدا چۆن بەدەستی خستووەو لەچیدا خەرجی کردووە.
٤- وەلە لەشولاری کە چۆن و لەچیا بەکاریهێناوە.
چونکە ئەمانە هەموو بەخششی خوای گەورەن وئەمانەتن لامان و پرسیارمان لێئەکرێ دەربارەیان.

لەفەرمودەیەکی تردا هاتووە:

(نهى رسول الله صلی اللە علیە وسلم عن قيل وقال وكثرة السوآل وإضاعة المال).
واته : پێغەمبەرمان درودو سەلامی خوای لێبێت
نەهی کردوە لە وتی وتی و زۆر پرسیار کردن و بەزایەدانی ماڵ).

هەندێ لەو شتانەی کەزۆرجار زیادەڕەوی تیائەکرێت ئەمانەن: –

  • خواردن و خواردنەوە
  • خەو
  • قسەکردن
  • خۆشەویستی و ڕقلێبوون
  • زیادەڕەوی لەبەکارهێنانی ئاودا

ئەمانەو چەندەها شتی تریش کەپێویستە خۆمانی لێ بەدوور بگرین.

ئەبێ ئەوەش بزانین کەزیادەڕەوی و ماڵ بە فیڕۆدان بەشێکە لە ئارەزوو پەرستی و خوای گەورە لۆمەی ئەوکەسانە ئەکات و ئەفەرموێت:

(أَفَرَأَيْتَ مَنِ اتَّخَذَ إِلَٰهَهُ هَوَاهُ)
واته : بينيت ئەوکەسانەی کە حەزو ئارەزووەکانی خۆیان کردوە بە خواو ئەیپەرستن.

کەوابێ زۆر نەشیاوە بۆمرۆڤی ئیماندار کەخۆی بخاتە ڕیزی ئارەزوو پەرستانەوە و هەرچی حەز لێبوو بیکات و بیکڕێت و بیخوات ….

مرۆڤی کاردروست کەسانێکن کە ڕەچاوی هەموو حەڵاڵ و حەرامێک ئەکەن و لەهەموو کارەکانیاندا میانەڕەوو مامناوەندن.

کەوابێ زۆر پێویستە کەهەمو مرۆڤێکی ئیماندار خۆی بپارێزێت لە کڕینی ئەوشتانەی کە پێویست نین و زیادەن
بەتایبەت لە (جەژن و بۆنەکاندا).

Check Also

قوربان.. جەژنی تەسلیمبوونی هاجەرە و ئیبراهیم بە ئەمری حەق

ڕۆشنا صالح بامۆكی ئەبێ چی لە ئازاری جێهێشتنی هاوسەر لە سەحراو و بێ كەس و …