
قەدریە سەعید/ خاوەنی بڕوانامەی زانستی شەرعی
لەشەریعەتی ئیسلامدا خوای گەورە دوو جەژنی دیاری کردووە بۆ باوەڕداران ، ئەوانیش جەژنی ڕەمەزان [عيد الفطر] و جەژنی قوربان [عيد الاضحی]، هەردووکیان لەدوای جێبەجێکردن و هەوڵ و ماندووبونێکی زۆر دیاری کراون، ئەوانیش دوو ڕوکنی گرنگی ئیسلامن کە بریتین لە ڕۆژو لەگەڵ حەج.
لەئاینی پیرۆزی ئیسلامدا لەدوای جەنگەکان و سەرکەوتنی موسڵمانان و فەتحی مەکەو چەندین ڕوداوی تر دیاری نەکراوە بەڕۆژی جەژن ، بەڵام لەدوای ئەم دووعبادەتە خوای گەورە جەژنی بڕیارداوە بۆ موسڵمانان.
هەروەها لەئیسلامدا بۆ لەدایكبوونی هیچ مرۆڤێك نەکراوە بەجەژن و ئاهەنگ، چونکە لەدایک بوونی جەستە هیچ نرخێکی نییە لەبەرامبەر لەدایكبوونی ئەخلاق و ئیمان کە گەورەترین سەرکەوتنە، بۆیە خوای گەورە ئەنجامدانی پەرستش و عبادەتی کردووە بەهێمای سەرکەوتنی باوەڕداران.
پێویستە ئاگاداری چەند خاڵێك بین لەڕۆژانی جەژندا:-
١- سوپاسی خوای گەورە بکەین لەسەر ئەوەی کەگەیاندینی بەمانگی ڕەمەزان و یارمەتیداین پەرستشەکان ئەنجام بدەین.
٢- نزای قبوڵ بوونی عبادەتەکان بکەین، چونکە پێوەری ڕاستەقینە بۆ عبادەت لە زۆری عبادەتدا نیە، بەڵکو لەقبوڵبوونی عیابەتەکاندایە.
٣- پیرۆزباییکردنی جەژن لەیەکتری و دەربڕینی خۆشی و شادی .
٤- جێبەجێکردنی سیلەی ڕەحم و سەردانکردنی خزم و کەسوکارو هاوڕێ و ناسیاو، چونکە ئامانجی جەژن لە شەریعەتی ئیسلامدا بۆ وەلانانی ناکۆکی و بڵاوکردنەوەی خۆشەویستیە لەنێوان تاکەکاندا.
٥- خاڵێکیتر ئەوەیە کەپێویستە موسڵمانان ڕەچاوی بکەن ئەویش ئەوەیە کەلەڕۆژی جەژندا نەڕۆن بۆ سەرگۆڕی مردوەکانیان، چونکە جەژن بۆ سەردانیکرندنی زیندووەکانەو، پاڕانەوەو نزای خێرە بۆ مردووەکان.
نسأل الله أن يتقبل منا ومنكم، وأن يجعلنا من المقبولين الفائزين.