سێشەممە , حوزه‌یران 16 2026

گەورەیی و پاداشتی ليلةالقدر

قەدریە سەعید/ خاوەنی بڕوانامەی زانیستی شەرعی

خێرو پاداشتی ليلةالقدر چیە؟ باشترین پەرستش چیە کەلەوشەوەدا ئەنجام بدرێت؟

مانگی ڕەمەزانی پیرۆز هەمووی هەل ودەرفەتە بۆ مرۆڤ تاکو بتوانێت بەباشترین شێوە سود لەودەرفەتە وەربگرێت، بۆئەمەش چەند ئامادەسازییەکی بۆکردووە لەوانە:-
١- کردنەوەی دەرگاکانی بەهەشت و داخستنی دەرگاکانی دۆزەخ، دیارە پێۆیستە مرۆڤ خۆی ئامادەیی هەبێت بۆئەوەی دەرگای بەهەشت لەسەرخۆی بکاتەوەو دەرگاری دۆزەخ دابخات.
٢- کۆت وبەندکردنی شەیاطینەکان .
٣- دەرفەتێکی تری داناوە بۆ مرۆڤەکان تاکوبتوانن باشتر سود لەدەڕۆژی کۆتایی ڕەمەزان وەربگرن، ئەگەر بەهەر هۆکارێکی شەرعی و لەدەرەوەی توانای خۆیان نەیانتوانیوە، وەك پێویست ئەودەرفەتە بەدەست بخەن، ئەوە خوای گەورە دەرفەتێکی گەورەتر لەوەی ڕابردوو دەخاتە بەردەست ئیمانداران، ئەویش دەشەوی کۆتاییەو لەناو ئەودەشەوەش شەوەتاکەکانەو لەناوشەوە تاکەکانیش شەوی [ليلة القدر].

وشەی قەدر بەمانای پێگەی بەرزو گرنگ و بەڕێز دێت.
دیارە ليلة القدر تایبەتە بەمانگی ڕەمەزانەوە، وەبەتایبەت دەشەوی کۆتایی و شەوی ٢٧ ی ڕەمەزان .

ئەگەر سەیری قورئانی پیرۆزبکەیەن دەبینین خوای گەورە سوڕەتێکی ناوناوە[ القدر] سوڕەتەکە پێنچ ئایەتە سێ جار ووشەی [ليلةالقدر] دوبارەبۆتەوە کەتەنها لەوسوڕەتەدا وشەی ليلة القدر هاتووە،تاکە سوڕەتەکە کەهەموو ئایەتەکان باس لەیەك بابەت دەکەن کەئەویش باس لەگرنگی ئەوشەوەدەکەن کەسەرەتای دابەزینی قورئانی پیرۆزە، کەواتە ئەو شەوە بۆپیرۆزوگرنگە چونکە قورئانی تیادا دەبەزیوە، هەروەها پەیوەندی سوڕەتەکانی پێش ئەم سوڕەتەو دوای سوڕەتەکە پەیوەندییەکی تەواو کاریان هەیە.

لەسەرەتای سوڕەتی العلق دەفەرموێت: [ اقْرَأْ بِاسْمِ رَبِّكَ الَّذِي خَلَقَ]. واتە: ئەی محمد درودی خوای لەسەربێت بخوێنە بەناوی ئەو پەروەردگارەتەوە کە هەموو شتێکی دروست کردووە، هەموو شتێکی لەنەبونەوە هێناوەتەبوون.
بۆیەلەکۆتایی سوڕەتەکەدا دەفەرموێت: [….. وَاسْجُدْ وَاقْتَرِبْ]
واتە: هەمیشەو بەردەوام سوجدەو کڕنوش بەرە بۆخوای گەورەو خۆت نزیك بکەرەوە لەخوای خۆت.
کەواتە مرۆڤ پێویستی بەنزیك بونەوەو کوڕنوش بردنە بۆپەروەردگار،ئەی لەڕێگەی چییەوە مرۆڤ دەتوانیت نزیکبێتەوە لەپەروەردگار ، لەڕێگەی قورئانەوە چونکە کەلامی خوای گەورەیەو حەبلی مەتینە لەنێوان خواو بەندەدا.
بۆیە خوای گەورە لەسەرەتای سوڕەتی قەدر دەفەرموێت: [ إِنَّا أَنزَلْنَاهُ فِي لَيْلَةِ الْقَدْرِ ] واتە: ئێمە بەڕاستی لەشەوێکی پڕ بەرەکەت و بەفەڕدا قورئانمان نازڵ کردووە، کەزۆربەی زانایان بەشەوی (٢٧) ی ڕەمەزان دیاریان کردووە، بەتایبەت کە دوو وشەی ( ليلة القدر ) نۆ پیتە و سێ جاردووبارە بۆتەوە و دەکاتە (٢٧) هەروەها وشەی (هي) کەئاماژەیە بۆئەو شەوە (٢٧) هەمین وشەیە.
چونکە سوڕەتەکە سی ووشەیە، بەڵام دەبینین لەناو سوڕەتەکەدا ڕاستەوخۆ وشەی قورئان یان کتاب نەهاتووە، بەڵکو بە(ضمير) ئاماژەی پێکردووە ، دەفەرموێت: إِنَّا أَنزَلْنَاهُ کە دەگەڕێتەوە بۆ قورئانی پیرۆز، بەڵام لەسوڕەتی دواتر ڕاستەوخۆ ئاماژەی بەقورئانی پیرۆزکردووەو دەفەرموێت:[  رَسُولٌ مِّنَ اللَّهِ يَتْلُو صُحُفًا مُّطَهَّرَةً (2) فِيهَا كُتُبٌ قَيِّمَةٌ ] واتە: محمد درودی خوای لەسەربێت پێغەمبەرێکەو لەلایەن خواوە لەڕێگەی جوبرەئیلەوە پەیام و کتێب و سورەتی پاك و بێگەردی بەسەردا دەخوێنرێتەوە ،بێگومان ئەو قورئانە چەندەها سوڕەت و پەیامی بەنرخی پڕ لەڕێنمویی تێداهەیە.

کەواتە بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە ئەوشەوە فەڕو بەرەکەتەکەی بەهۆی دابەزینی قورئانی پیرۆزەوەیە.

هەروەها چەند فەرموودەیەک هەیە کە باس لە شەوی ليلة القدر دەکەن لەوانە، دایکی ئیمانداران عائیشە ڕەزاو ڕەحمەتی خوای لەسەربێت ئەیگڕێتەوە کە پێغەمبەر درودی خوای لەسەربێت فەرمووی : (تحرّوا ليلةَ القدرِ في العشْرِ الأواخرِ من رمضانَ).
واتە: بگەڕێن بەشوێن شەوی قەدردا لەدەشەوی کۆتایی ڕەمەزاندا.

هەروەها فەرمودەیەکی تر ابو هریرە ئەیگڕێتەوە کە پێغەمبەر درودی خوای لەسەربێت فەرمووی:( مَنْ قَامَ لَيْلَةَ الْقَدْرِ إِيمَانًا وَاحْتِسَابًا غُفِرَ لَهُ مَا تَقَدَّمَ مِنْ ذَنْبِهِ) واتە: ئەوەی شەوی قەدر بەئیمان و باوەڕی دامەزراوبباتەسەر،وە بەتەمای پاداشتی ئەو شەوەبێت ،خوای گەورە لەهەموو گوناهەکانی ڕابردووی خۆش دەبێت.
لەڕوانگەی ئەوئایەت و فەرمودانەوە بۆمان دەرکەوت:-
١- خوای گەورە ڕۆژوی کردۆتە هۆکارو زەمینەسازی بۆ مرۆڤ تاکو گۆڕانکاری لەناخ و بیرکردنەوەو ڕەوشتیدابکات.

٢- هۆکاری گۆڕانکاری لەمرۆڤدا تەنهاو تەنها قورئانی پیرۆزە.

٣- پێویستە بەوردی یادی ئەوشەوە بکەینەوە کە بووە هۆی سەرەتای گۆڕانکاری ڕووی زەوی و ڕوناك کردنەوەو ئاوەدانکردنەوەی دڵەکان ئەویش دابەزینی کەلامی پەروەردگار بوو.

پێویستە لەو دەشەوەدا چی بکەین؟
١- لەڕوانگەی فەرمایشتەکەی سەروەرمانەوە پێویستە بەدڵسۆزی و باوەڕی تەواوە ئەو شەوانە زیندو ڕابگرین و بیکەینە سەرەتای نوێبونەوەی باوەڕمان و پەیمان تازەکردنەوە لەگەڵ خوای گەورەو پابەند بوون بەڕێبازو بەرنامەکەیەوە، هەمیشە ئاینی ئیسلام لەپەروەردەدا پەرستنەکان دەبەستێتەوە بەو بیرو باوەڕەی کەلەناخی مرۆڤدایە، بۆیە پەرستنەکان دەکاتە هۆکار بۆ زیندو ڕاگرتنی ئیمان وباوەڕ و دامەزراوی مرۆڤ لەسەرخواناسی.

٢- دایکی ئیمانداران عائیشە ڕەزاو ڕەحمەتی خوای لەسەربێت ئەفەرموێ وتم بە پێغەمبەری خوا درودی خوای لەسەربێت ، ئەگەر لەشەوی قەدردا قیامم کرد چی بڵێم گونجاوو موناسیبەلەوشەوەدا؟ فەرمووی بڵێ:
(اللَّهُمَّ إِنَّكَ عَفُوٌّ تُحِبُّ الْعَفْوَ فَاعْفُ عَنِّا)
واتە: خودایە تۆ زۆر عەفوداری و خۆشت دێت لەعەفو، لێم ببورە تاوانەکانم لەسەر هەڵگرە. لایان بە، چاوپۆشی بکەو عەفوم کە.


سەرچاوە:
في الظلال القرآن – سيد قطب
صفوة التفاسير- الشيخ علي محمد الصابوني
مختصر تفسير ابن كثير
تەفسیری سوره تی القدر- مامۆستا ناسری سوبحانی
د. فاضل صالح السامرائی – يوتوب

Check Also

قوربان.. جەژنی تەسلیمبوونی هاجەرە و ئیبراهیم بە ئەمری حەق

ڕۆشنا صالح بامۆكی ئەبێ چی لە ئازاری جێهێشتنی هاوسەر لە سەحراو و بێ كەس و …