سێشەممە , حوزه‌یران 16 2026

ئافرەتی کورد ،لە نێوان شکۆی ئایین و تەڵەی یەکسانیدا

گۆنا تۆفیق

کاتێک دەچینە نێو قووڵایی ژیانی ئافرەتی کوردەوە، دەبینین لە پشت وشە بریقەدارەکانی “ئازادی و سەربەخۆیی”، جۆرێکی نوێ لە چەوسانەوە خۆی حەشارداوە. ئافرەتی ئێمە ئەمڕۆ لە ململانێیەکی تاقەتپڕوکێندا دەژی؛ لە لایەک دەیەوێت وەک مرۆڤێکی خاوەن ئیرادە لە کایە جیاوازەکانی ژیاندا بوونی هەبێت، کە ئەمەش مافێکی سروشتی و ڕەوایە، بەڵام لە لایەکی ترەوە کەوتووەتە بەر شاڵاوی سیستمێک کە دەیەوێت بە ناوی “یەکسانییەوە”، ئەرکی پیاوێکی پێ هەڵبگرێت بەبێ ئەوەی ڕەچاوی سروشتی ناسکی بکات.
ئاینی پیرۆزی ئیسلام چواردە سەدە لەمەوبەر، کاتێک وەسفی ئافرەتی کرد بە “قواریر” (شووشە ناسکەکان)ناوی برد ، تەنها مەبەستی لایەنە سۆزدارییەکە نەبوو، بەڵکو ئاماژەیەکی قووڵی زانستی و فسیۆلۆجیش بوو بۆ ئەوەی کە ئافرەت پێکهاتەیەکی تایبەت و جیاوازی هەیە. زانستیش ئەمڕۆ دەیسەلمێنێت کە ئافرەت لە ڕووی بایۆلۆژی و دەروونییەوە، هێز و وزەیەکی تاقانەی هەیە کە بۆ بەڕێوەبردنی ژیان و خێزان پێویستە، بەڵام نەک بۆ ئەوەی لە ژێر باری قورسی کاردا ورد و خاش بکرێت.
کارکردنی ئافرەت لەسەر خواستی خۆی و بۆ گەیشتن بە خۆشگوزەرانی و خزمەتکردن، کارێکی پیرۆز و ڕێگە پێدراوە ، بەڵام نادادییە گەورەکە لێرەوە دەست پێ دەکات؛ کاتێک کۆمەڵگە و سیستم مەرجی کارکردنی ئافرەت وەک مەرجی پیاو لێ دەکەن. داواکردنی هەمان کاتژمێری کار، هەمان ئەرک و ماندووبوون لە ئافرەتێک کە لە بنەڕەتدا “ئەرکێکی دووهێندەی” لەسەر شانە، ئەوەش ستەمێکی گەورەیە. ئافرەتێک کە پشکی شێری لە ئەرکی ماڵ و پەروەردەی منداڵ و بەڕێوەبردنی خێزانی لە ئەستۆ گرتووە ، ناکرێت بۆ ئەرکی دەرەوەش وەک پیاوێک مامەڵەی لەگەڵ بکرێت بەجۆرێک کە تەنها ئەرکی دەرەوەی هەیە .
ئەوەی مرۆڤەکان لێیان تێکچووە، جیاوازی نێوان “دادپەروەری” و “یەکسانییەکی ڕووکەشە”. ئیسلام مافی ئافرەتی پاراستووە بەوەی بژێوی خستووەتە ئەستۆی پیاو تا ئافرەت ناچار نەبێت لەبەر پارە تەندروستی و ناسکی و کەرامەتی خۆی بخاتە مەترسییەوە، بەڵام مرۆڤەکان ئەمڕۆ بە ناوی ئازادییەوە، ئافرەتیان ناچار کردووە لە یەک کاتدا لە دوو بەرەدا بجەنگێت؛ هەم وەک پیاوێک لە دەرەوە ماندوو بێت و هەم وەک دایک و هاوسەرێک لە ناوەوە بێ پشوو بێت ئەمە ئەو بێمافییە پەردەپۆشکراوەیە کە پێویستە دەنگی بۆ هەڵببڕین لەپێنا و گەڕانەوە بۆ ئەو پیرۆزییەی کە خودا پێی بەخشیوە، تاوەکو بتوانێت هەم بۆ خۆی و هەم بۆ خێزانیش ئارامی بەرقەرار بکات نەک وەک ئامێرێکی کار کە لە ژێر ناوی سەربەخۆیی ئابووریدا، ماف و تەندروستی دەروونی خۆی لەدەست بدات.
بۆیە بەو هیوایەین داهاتووی ئافرەتی کورد بەرەو قۆناغێک هەنگاو بنێت کە تێیدا ئافرەت ناچار نەبێت لە نێوان “سەربەخۆیی” و “حەوانەوەی دەروونی” یەکێکیان هەڵبژێرێت، بەڵکو کۆمەڵگە و یاسا وەک ئەو “قواریر”ە مەمەڵەی لەگەڵ بکەن کە شایستەیەتی. وە ڕۆژێک بێت کە ماندووبوونەکانی ناوماڵی ئافرەت وەک پیرۆزترین خزمەت سەیر بکرێت و کارکردنی دەرەوەشی تەنها بۆ گەشەپێدانی تواناکانی بێت، نەک وەک بارێکی قورس کە پشتی بچەمێنێتەوە.

Check Also

قوربان.. جەژنی تەسلیمبوونی هاجەرە و ئیبراهیم بە ئەمری حەق

ڕۆشنا صالح بامۆكی ئەبێ چی لە ئازاری جێهێشتنی هاوسەر لە سەحراو و بێ كەس و …