تریفە جەلال/ سکرتێری یەکگرتووی خوشکان
زۆر جار لەم ڕۆژەدا ناوەندەکان و سۆشیاڵ میدیا پڕ دەبن لە وشەی بریقەدار و گوڵ، بەڵام پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە: ئایا پاش ٨ی مارس چی دەگۆڕێت؟
ڕێزگرتن لە ژن تەنها دروشمێکی ڕۆژئاوایی نییە، بەڵکو عیبادەت و ناسنامەی بڕوادارە. پێغەمبەر (د.خ) شۆڕشێکی دژی ستەم بەرپاکرد و فەرمووی: «النساء شقائق
الرجال».
لە کاتێکدا هەمووان باس لە ٨ی مارس دەکەن، با بگەڕێینەوە بۆ ئەو ڕاستیەی کە ئاینی ئیسلام چۆن پێگەی ژنی بەرزکردەوە:
- یەکسانی لە مرۆڤایەتیدا: پێغەمبەر (د.خ) کۆتایی بە سەردەمی زیندەبەچاڵکردن هێنا و ژنی وەک “هاوشانی پیاو” ناساند.
- متمانە بە عەقڵ:پێغەمبەری خوا (د.خ) لە هەستیارترین بڕیاری سیاسی و ئاینیدا، لە “حودەیبییە”، ڕاوێژی بە “ئوم سەلەمە” کرد و پێشنیارەکەی ئەوی جێبەجێ کرد.بە کردەوە سەلماندی کە ژیری و پێشنیاری ژن جێگەی بایەخ و متمانەیە.
- مافی دارایی: پێش هەموو جیهان، ئیسلام مافی خاوەندارێتی و بازرگانی بە ژن بەخشی.
-یەکسانییە لە بەردەم خودا : لە دەوری کەعبەی پیرۆزدا، هیچ جیاوازییەک نییە لە نێوان پیاو و ژن. شانبەشانی یەکتر تەواف دەکەن. ئەمە نیشانەی یەکسانییە لە بەردەم خودا و ڕێزگرتنە لە بوونی ژن لە پیرۆزترین جێگەی سەر زەوی. - هەموو ساڵێک ملیۆنان حاجی لە نێوان کێوی سەفا و مەروەدا حەوت جار “سەعی” دەکەن. ئەم ڕێوڕەسمە گەورەیە دووبارەکردنەوەی هەنگاوەکانی “خاتوونە هاجەر”ە. خودای گەورە هەوڵ و ماندووبوونی ئەم ژنەی ئەوەندە بەلاوە پیرۆز بوو، کە کردی بە فەرز لەسەر هەموو پیاو و ژنێکی بڕوادار کە شوێنپێی ئەو بکەون.
- کاتێک ئاینەکەت بڕیاری داوە کە حەج و عومرەکەت تەواو نابێت ئەگەر شوێنپێی ژنێک نەکەویت، ئیتر چۆن ڕێگەت پێ دەدات لە ژیانی ڕۆژانەدا سوکایەتی بە ژن بکەیت یان مافی بخۆیت؟
ڕێزگرتن لە ژن، دروشمی ٨ی مارس نییە، بەڵکو بەشێکە لە “عیبادەت” و ناسنامەی بڕوادار بوون.
پیرۆزبایی ڕاستەقینە ئەوەیە کە بگەڕێینەوە بۆ ئەو ئەخلاقە بەرزەی پێغەمبەر (د.خ)؛ ڕێزگرتن لە ژن تەنها لەم ڕۆژەدا کورت نەکەینەوە، بەڵکو بیکەینە شێوازێکی ژیان. ژن نەک تەنها نیوەی کۆمەڵگەیە، بەڵکو پەروەردەکاری نیوەکەی تریشە.
با ئەم ڕۆژە ببێتە هاندەرێک بۆ ئەوەی لە ماڵەکانمان، لە شوێنی کارمان و لە کۆمەڵگەدا، بە کردەیی ڕێز لەو پێگەیە بگرین کە خودا و پێغەمبەرەکەی بۆیان دیاری کردووە.