سێشەممە , حوزه‌یران 16 2026

چیرۆکی نزاکان بۆ من

خەرمان عبدالکریم
کاتێک ئازار چنگەکڕە لە ڕۆحتدا دەکات و تەزوو دەداتە جەستەت، لەنێو گەڕان بەدوای مانگ و هەڵپەی کۆکردنەوەکانی خواردن و هاتووچون و خۆ ئامادەکردنەکانی ڕەمەزاندا، پریشکی تاقیکردنەوەکانی خودا دەکەوێتە سەر برینەکانم و، مانگێکی پڕ لەکێشمەکێش و تاقیکردنەوەی ئارامگری و گەورەیی نزای دەوروبەر دەمگەیەنێتە ژیانێکی ترو، حەقیقەتی تاڵی ئازار لەناو دەبات، ڕێیەکی تر ژیانێکی تر لەسەرەتای بەهارێکەوە سەوزایی سەر دەردەکات، فێرت دەکات دوای هەر خەزانێک چرۆ هەیە دوای هەر بەستەڵێکێک تیشکی خۆرو دەنگی اللە اکبری خودا هەیە، کە هیچ بەندەیەک نائومێد ناکات، هیچ حەسرەتێک بێ وەڵام جێ ناهێڵێت، هیچ چیرۆکێکی خودا نییە کە نەگاتە وەڵامدانەوە، ئەوەی هەیەو نیە حیکمەتە، تاقیکردنەوەیە، هێزو خۆڕاگری و ژیانەوەیە، پێداچونەوەی پەیوەندی و ناسینەوەی دڵسۆزو خەمخۆرو هێزپێدەرو سەختی ڕێگاکەیە، عوزر هێنانەوەکانت دەوەستێنێت حەقیقەتی بەندە بۆ خوا سوڵحاوەکانی خودات پێ نیشان دەدات، دەتپارێزێت لەو ناسۆرانەی کە پێی گەشتویت و تاڵاوی ژیانیان پێ نۆش کردوی، گەورەیی و کراوەیی ئەو دەرگای بەهەشتە کە دایکە لە زەویدا پێ ئاشنا دەکاتەوەو ماڵی هەموو ئاشناکانت دەبنە نزا بۆت، هەمووان ئەگەر بۆ تاکە جارێکیش بێت کۆکن لەسەر ئەو نزایە، چیرۆکە پڕ ماناکانت بۆ ئەخاتە سەر پەیڤی هەموو کاتەکانی شەوو ڕۆژ و هەمووان لە ساتەوەختە پیرۆزەکاندا تۆیەک کە هیچ داوایەکت لێیان نەبووە، دەچیتە خەیاڵەکانیان و پڕ دەبن لە نزا بۆت، لە ڕێکەوت و ساتەوەختێکی کەمدا خودا تەنهات ناکات و دەلیلت پێ عەطا دەکات، ئێمە لێرەوە فێری گەورەیی ئەو نزایانە دەبین کە موسوڵمان بۆ موسوڵمانێکی تری دەکات و فێری جۆرێکی تر لە ژیانەوەو هەنگاوێکی تر لە تایپی ژیانکردن و هەناسەیەکی تری فێربوون و، خۆڕاگری خۆی دەهاوێتە نێو کەلێنە داڕماوەکانی ژیان و بڕیار دەدەیت زیاتر و زیاتر ئارامگری بەخاتری ئەوەی فرمێسکی تر نەکەوێتە نێو چاوەکان و خەو لە چاوە تۆرەوەکان تۆ هۆکاری نەبیت، فێردەبیت نزا زۆرتر بکەیت و بیری هەموو نەزانراوەکانت دەکەوێتەوە کە ڕۆژانێک بێ ئەوەی ویستبێتت تێی کەوتوویت و، پەردە لەسەر هەموو ئازارە شارەوەکان لادەچێت و بەنهێنی هەمووان دەکەونە نزا بێ ئەوەی خۆت ئاگات لێ بێت، خودایە هیچ ئاهێکمانت بەناشوکری وەرنەگرتبێت کە لە زۆری و ناڕەحەتێکانمان ئاهێکمان کردبێت، خودا لە هەمووان و لەئێمەش ڕازی بێت و بەر گەردن ئازادی ئەوانە بکەوین کە نیگەرانی و خەمی قوڵمان بەدیاری بۆ بردنە ماڵەکانیان، لە کاتێکدا خۆمان بەرکەوتەی تاقیکردنەوەکانی دونیای فانی بووین.

Check Also

پاراستنی مافەکانی منداڵ: بەرپرسیارێتیی یاسایی، شەرعی و کۆمەڵایەتیی ئێمەیە.

ڕاوێژکاری یاسایی: دڵخواز عبداللە منداڵان ناسکترین و گرنگترین توێژی کۆمەڵگان؛ ئەوان پێوەرێکی ڕاستەقینەن بۆ ئاستی …