قەدریە سەعید/ خاوەنی بڕوانامەی زانستی شەرعی
ئایا پشکنینی پزیشکی ئافرەتان لەمانگی ڕەمەزاندا و لەکاتی بەڕۆژووبوون لەڕۆژدا ڕۆژوو بەتاڵدەکاتەوە؟ یان غوسڵ واجب دەکات؟
هەندێك لەخانمان لەمانگی ڕەمەزاندا پێویستیان بەئەنجامدانی پشکنین هەیە، پشکنینەکە بەپەنجەبێت یاخود بەئامێر وەک سۆنار..
بۆچونی جیاواز هەیە لەم بارەیەوە:
_ بۆچوونی زۆربەی زانایانی پێشین ئەوەیە کەدەڵێن هەرشتێك بڕواتە بۆشاییەوە ڕۆژوو بەتاڵدەکاتەوە، پشکنینیش بەوە دادەنرێت کەدەچێتەبۆشاییەوە.
_هەروەها بۆچونێکی تری زانایان هەم پێشین و هەم سەردەم دەڵێن ئەگەر لەکاتی پشکنیندا (ئاوی مەنی) دەرچوو ئەوە ڕۆژوەکەش بەتاڵدەکاتەوەو غوسڵیش واجب دەکات و پێویستە ڕۆژووەکە قەرەبوو بکرێتەوە، بەڵام ئەگەر ئاوی مەنی دەرنەچوو ئەوە ڕۆژووەکە بەتاڵ نابێتەوە.
_بۆچونی مالکییەکان و حەنبەلییەکان ئەوەیە دەڵێن مادام بۆنەخۆشییە ڕۆژوو بەتاڵناکاتەوە .
_هەروەها لەساڵی(١٩٩٧) لەلایەن ئەنجومەنی ئەکادیمیای نێودەوڵەتی( فقه) ی ئیسلامییەوە لەکۆنفڕانسێکدا کەلەشاری (جەدە) ی سعودیە بەڕێوەچوو، چەندین فوقەها و پزیشك بەشدارییان تێداکرد و چەندین توێژینەوەیان تاوتوێکرد، پاڵپشت بەقورئان وسونەت و بۆچوونی زانایان بڕیاریاندا کەپشکنین ڕۆژوو بەتاڵناکاتەوە، چونکە شوێنی پشکنینی دامێنی ئافرەت هیچ دەرچەیەکی بۆشایی سك نیە.
حوکمی ئەو خوێنەی دوای پشکنین دەردەچێت؟
_ئەگەر لەدوای پشکنین هەرخوێنێک دەرچوو، بەخوێنی نەخۆشی هەژماردەکرێت، ڕۆژوو بەتاڵناکاتەوەو غوسڵ واجب ناکات، بەڵکو تەنها دەسنوێژ دەشکێنێت.
لەکۆتایدا:
ڕۆژوو بەهۆی پشکنینەوە بەتاڵ نابێتەوەو غوسڵ واجب ناکات، بەڵام ئەگەر پشکنینەکە زەروور نەبوو باشتروایە دوا بخرێت بۆدوای ڕەمەزان، یاخود ئەگەر لەشەودا دەکرا ئەوە بادوای ڕوژوو شکاندن ئەنجام بدرێت، بۆئەوەی نەکەوێتە گومانەوە.