و:د. بێخاڵ ئەبوبەکر
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی سەنتەری (C-Fam)، بڕیارە ئیدارەی ترەمپ جارێکی دیکە لە کۆمیسیۆنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دۆخی ژنان، ڕووبەڕووی یەکێتی ئەوروپا ببێتەوە. ئەمجارە بابەتەکە پەیوەندی بە پرسەکانی ترانسجێندەر (ڕەگەزگۆڕاوەکان)، لەباربردنی منداڵ، و هەمەچەشنیی، یەکسانیی و گشتگیری (DEI)ەوە دەبێت لە سیاسەتی نەتەوەیەکگرتووەکاندا. گفتوگۆکانی تایبەت بە ڕێککەوتنی “دەستڕاگەیشتن بە دادپەروەریی” بۆ ژنان و کچان لەم هەفتەیەدا دەستیان پێکرد، کە پێشبینی دەکرێت لە مانگی ئازاردا لەلایەن کۆمیسیۆنەکەوە پەسەند بکرێت. شاندی یەکێتی ئەوروپا لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا، هیچ ئاماژەیەک بۆ پاشەکشەکردن لە پرسەکانی جەنگی کلتووریی نیشان نادات، بە هەمان شێوە ئیدارەی ترەمپیش ئامادەی پاشەکشە نییە.
ئەوروپییەکان دەڵێن کە دەستڕاگەیشتنی ژنان بە دادپەروەریی ئەوە دەگرێتەوە کە ڕێگە بەو پیاوانە بدرێت کە خۆیان وەک ژن دەناسێنن، بتوانن شوێنە تایبەتەکانی ژنان بەکاربهێنن، وەک دەستشۆرەکان، زیندان و پەناگەکان، و وەرزشی ژنان. هەروەها دەڵێن کە ئەمە پێویستی بەوەیە مافی منداڵ لەباربردن لەسەر داواکاری بە ژنان بدرێت، و ڕێگە بە حکومەتەکانیش بدرێت سانسۆر بخەنە سەر ئەو بیروڕایانەی کە دژی لەباربردنی منداڵن (ئەوانەی لایەنگری ژیانن). پێشبینی دەکرێت دیپلۆماتکارانی ئەمریکا و وڵاتە پارێزکارەکان دژی ئەم بیرۆکانە بوەستنەوە و بەرپەرچیان بدەنەوە.
فەرمانە جێبەجێکارییەکانی سەرۆک ترەمپ سەبارەت بە جێندەر، DEI، و سانسۆر، هەروەها ئەو یاسا و ڕێنماییانەی ئەم دواییەی وەزارەتی دەرەوە کە بۆ هاوکارییە دەرەکییەکان بڵاوکراونەتەوە، ئیدارەکە ناچار دەکەن کە بە توندی ڕووبەڕووی ئەم پرسانە ببێتەوە. سەرەڕای ئەوەش، فەرمانی جێبەجێکاری سەرۆک سەبارەت بە وەرزشی ژنان، وەزیری دەرەوە پابەند دەکات کە لە ڕێگەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە کار بکات بۆ پاراستنی وەرزشی ژنان و شوێنە تایبەتەکانی ژنان، لەوانەش پەناگە و زیندانەکان کە بە تایبەتی لە ڕێککەوتنی ئەمساڵی کۆمیسیۆنی دۆخی ژناندا (CSW) ئاماژەیان پێدەکرێت.
هەفتەی ڕابردوو زۆرێک لە پارێزکارانی ئەوروپا سەرسام بوون کاتێک پەرلەمانی ئەوروپا داوای لە دیپلۆماتکارانی یەکێتییەکە کرد کە ئایدیۆلۆژیای ترانسجێندەر لە دانوستانەکانی نەتەوەیەکگرتووەکاندا بەرەوپێش ببەن. بەڵام کارمەندانی ناو ئەو دامەزراوەیە دەزانن کە دەیان ساڵە ئەمە هەڵوێستی هەمیشەیی شاندی یەکێتی ئەوروپا بووە لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا.
وەک ساڵانی دیکە، دیپلۆماتکارانی ئەوروپی داوا لە کۆمیسیۆنەکە دەکەن جەخت بکاتەوە لەسەر “تەندروستیی و مافەکانی سێکس و نەوەخستنەوە” و لە ڕەشنووسی دەرەنجامی ڕێککەوتنەکاندا دان بە “هەمەجۆرییەکانی ژنان” بنرێت، کە ئەم ڕەشنووسە وەک دەرەنجامی کارەکانی کۆمیسیۆنەکە ناسراوە.
دیپلۆماتکارانی یەکێتی ئەوروپا هەر کاتێک بۆیان بکرێت لە وتە و دەستوەردانەکانیاندا ئەم پرسانە وەک بابەتی لەپێشینە دەخەنەڕوو. ئامانج لەم کارە بێزارکردن و ماندووکردنی نەتەوە پارێزکارەکان یان کڕینی بێدەنگییانە. لە ماوەی درێژخایەنیشدا، پلانیان هەیە مافەکانی لەباربردنی منداڵ و ئایدیۆلۆژیای جێندەریی وەک ئەرکێکی پابەندکەر لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتیدا، بەسەر سەرجەم دەوڵەتاندا بسەپێنن .
ئەوەی ئەمساڵ نوێیە، ئەوەیە کە یەکێتی ئەوروپا پشتگیری دروستکردنی پۆلێنێکی بەرفراوان بۆ “توندوتیژیی پەیوەست بە نەوەخستنەوە” دەکات لە سیاسەتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا. لەبری ئەوەی ئەم دەستەواژەیە ئاماژە بێت بۆ پرسەکانی وەک توندوتیژی سێکسی و زۆرلێکردنی حکومەت لە بڕیارەکانی پەیوەست بە نەوەخستنەوە، وەک لەباربردن و نەزۆککردنی زۆرەملێ — وەک ئەوەی لە ڕێککەوتنەکانی پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هەبووە — ئەم پۆلێنە نوێیە ڕێگریکردن لە لەباربردنی منداڵ و پرسەکانی پەیوەست بە ترانسجێندەرەکان لەخۆ دەگرێت.
بڵاوکراوە و بەرنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە دەستڕاگەیشتن بە دادپەروەریی، لەوانەش ئەوانەی لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە پارەیان بۆ تەرخان دەکرێت، بە شێوەیەکی ڕۆتینی مافەکانی لەباربردن و پرسەکانی دیکەی ترانسجێندەر بەرەوپێش دەبەن.
ئەوان دەڵێن کە دژایەتیکردنی ئایدیۆلۆژیای ترانسجێندەر تاوانە لە دژی مرۆڤایەتی و ڕێگریکردن یان بەتاوان ناساندنی لەباربردنی منداڵ پێشێلکارییە بەرامبەر بە یاسای نێودەوڵەتی. یەکێک لە ڕێبەرنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان “بۆ لێکۆڵینەوە لە کوشتنە پەیوەندیدارەکان بە جێندەر” لە ئەمریکای لاتین، “مردن بەهۆی لەباربردنی نائارام یان نهێنی” وەک “پۆلێنێکی ناڕاستەوخۆ یان پاسیڤی ژنکوژیی (فێمیساید)” پۆلێنکردووە.
کۆمیسیۆنەکە ساڵانە کۆدەبێتەوە و پێشبینی دەکرێت تا هەفتەی دووەمی مانگی ئازار بگاتە ڕێککەوتنێک. هەرچەندە ڕێککەوتنەکە پابەندکەر نابێت، بەڵام دڵنیایی دەدات کە بەرنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان مافەکانی لەباربردن و ترانسجێندەر لەخۆدەگرن. ئەم ڕێککەوتنە وەک ڕاسپاردەیەک بۆ سیستەمی نەتەوە یەکگرتووەکان بەکاردەهێنرێت بۆ ئەوەی هەر کام لەم پابەندبوونانەی ناو ڕێککەوتنەکە لەگەڵ حکومەتەکان، سیاسەتمەداران و گروپە ناحکومییەکان لە سەرانسەری جیهاندا، بەرەوپێش ببەن.
سەرچاوە:
/https://c-fam.org/friday_fax/us-eu-set-to-clash-at-un-commission-on-women