سێشەممە , حوزه‌یران 16 2026

ڕەمەزان؛ تیشکی زێڕینی ئەستێرەکانی ڕێ

نووسه‌ر: عەبدوڵڵا عەلیپوور
 
دڵی مرۆڤ هاوشێوەی دەنگی ئامێری مۆسیقایەکی پەنگراو، چاوەڕوانی دەرفەت و ساتێکی گونجاوە بۆ ژەنینی نۆتەکانی بەڵکو بە جەزمەی دەروون ڕاچڵەکێ، ئەمەش مسۆگەر نابێ مەگەر بە بڕینی قۆناغی عەشق. مەخابن،! مرۆڤ کاتێک ناخی بێبەری بێ لە چەمکی عەشق ناتوانێ مۆسیقای شکۆ و مەزنایەی ڕوح بژەنێ. بێگومان تەنیا عەشق ئەتوانێ زایەڵەی دەنگی کپکراوی دەروونت بچرێ و هاوسەنگی بپارێزێت.

درووشمی ئاینی پیرۆزی ئیسلام بەگشتی و لەنێو ئەواندا ڕۆژوو بە تایبەتی، بە دووپاتکردنەوەی مێلۆد و نۆرمی دڵارام و مۆسیقا و شنەبایەکی هەستبزوێن تۆزی کەڵەکەبوی سەر دڵ و ژیان و ڕوحی مرۆڤ ڕادەماڵێ و هیوا و هومێدی تازە بەر ژیان دەکاتەوە.
مەولانا دوای بڕینی قۆناغی عیرفان و چێژ لەم دۆخەدا ئەفەرموێ: سراسر همە عیبیم؛ بدیدی و خریدی…
ڕەمەزان؛ وەک دەرفەتێک بۆ وەخەبەرهاتنی ویژدان و نوێژەنکردنەوەی ژیان و ڕوحی مرۆڤ، پێبەپێ بۆنی بەهاری دڵ و ورەزی چڕۆی دڵ، مانگی دابەزینی دڵۆپ‌ دڵۆپی نم‌ نمی بارانی سیگناڵی ئاسمانی بۆ سەر ڕوحی پێغەمبەر “د.خ” دەرفەتێکی زێڕین و پڕبایەخ و هەلێکی زێڕێنە بۆ ساڕژێکردنی برینی دڵ و سنووری دڵداری لەگەڵ پەروەرێن، بەڵکوو بتوانین لە هێندێ ڕەوشتی دوور لە مرۆڤایەتی، ژێرخانی مەعنەوی و چرای ڕوح و گیان داگیرسێنین و ئازارەکانی کەڵەکەبووی ناو ژیانی کۆمەڵگە ڕاماڵین.
بەڵێ، ڕەمەزان گۆڕەپانی کێبەرکێ و تاقیکاری هاوسەنگی ڕاستگۆیی و خاکەڕایی و خستنەژێر ڕکێفی ڕەوشتی قێزەون و زیندووکردنەوەی هەستی برایەتەی و مرۆڤایەتییە.
دەگێڕنەوە کە، ڕۆژێک حەزرەتی موسا (سەلامی خودای لەسەر بێت)، گوێی لە دەنگی شوانێک بوو کە: زۆر بە تامەزرۆیی و کڵپەی دەروون، دەپاڕایەوە و دەیگوت: هۆ خوایە گیان، ئاخر بە قوربانت بم تۆ لە کوێی تامەزرۆی دیدارتم، تۆ لە کوێی خۆم و مەڕەکانم بێین و شەو و ڕۆژ خزمەتت بکەین، حەزرەتی مووسا موناجاتەکەی پێ بڕی و فەرمووی: ئەوە چ جۆرە دوعایەکە بەو جۆرە لەگەڵ خودای گەورە دەدوێی!؟، شوانەکە هەستی بە شەرمەزاری کرد و دوعاکەی بڕی. لەو ساتەدا لە ناخی پێغەمبەر موسا دەنگێک هات، ئەی مووسا، ئەو شوانە خەریک بوو بە زمانێکی سادە و خۆماڵی و تێگەیشتنی خۆی لەگەڵ ئێمە دەدوا ، کەچی تۆ نەتهێشت و ڕێگریت لەوکرد….! 
حاشا لەوە ناکرێ کە، مرۆڤی دڵبەند ئەوەندە هۆگری کات نییە، بڵێی دڵبەند هێندە سەرلێشێواو بێ؟!، کێ ئەڵێ خوا تەنیا لە مزگەوت و شوێنی تایبەت ئەبێ،؟ ئەی خۆی ناڵێ من لەنیوەشەودا دێمە خوارێ بۆ ناو ماڵ و کۆڵان و… کەواتە، چوون و نەچوونی مزگەوت ڕێگر نییە لەحان وەدەستخستنی دۆستایەتی و دڵداری پەروەرێن، بەڵکو ئەتوانی لە کاتی نیوەشەودا بەگژ تاریکی ئەنگووستەچاودا بچی و پێشوازی لە دڵبەندی خۆت بکەی. لەڕاستیدا عەشق زمانی گرێ و گۆڵ نازانێ، پێویستی بە هۆنراوە و ڕستەچنین نییە، دڵبەند جلێکی شڕۆڵەی شوانەوێڵەیەکی ئەبینێ کە لە ئێش و ئازاری دڵبەند حاڵی ئەبێ
عیشقی ئیلاهی کاتێک دێتە گیانی ڕێڕەو هەتا دوای مردنی کاریگەری هەر دەمێنێ، ئەگەر چی جەستە ئەبێتە خۆڵ، بەڵام ڕوح هەڵگری نوورێک ئەبێ دوای مردنی گەشە ئەکات.
خدایا چە خوب است دارم تو را
چە بهتر کە خوانم تورا ربنا
خدایا چە حظی برم با تو من
کە خوب است هتسم من از تو رضا
خدایا نخوم ز آتش بود 
کە از هیبتت گشتم مبتلا
خدایا بە جان می‌خرم بند‌گی‌ات 
ز خوشبختی‌ست این کە دارم تو را
بە ناقص نمازم اگر بنگری
بە دیگر عبادات و ذکر و دعا
ندارم بە این شک کە بازندەام
اگر لطف و فضلت نباشد مرا
“حووسنا خورشیدی”
کاتێک دەڕوانی لە ئەوینی خاکەڕایی دڵبەندێ کە، خۆماڵی ئاماژە بە هەست و سۆز و زایەڵەی دەنگی دڵی ئەکات و، ملکەچی خۆی بەم هۆنراوەیە دەخاتەڕوو، واتە: ئەوین و دڵداری خۆی نە بەهۆی ترسی جەهەننەم و نە لەبەر بوونی خۆشییەکانی بەهەشتە، بەڵکو ژێرخانی موحەببەت و تێگەیشتنی قوڵی دڵدارییە. بێگومان خوا وەک دەسەڵاتدارێ نییە کە پێویستی بەوە بێت کە سەردانی نووسینگە و شوێنی تایبەتی بکەی.!
ئەڵێن لە سەردەمی عاریف و خواناسی گەورە بایەزیدی بەستامی کەسێکی زانای “ئەهلی کتێب ” دەژیا، پرسیاریان کرد ئاخۆ بۆچی نایەتە سەر ئایینی ئیسلام، لە وڵامدا وتی: ئەگەر دینداری  ئەوە بێت کە بایەزیدی بەستامی جێبەجێ دەکات ئەوە بەمن ناکرێت، بەپێچەوانەوە دین ئەگەر ئەوەی ئێوە دەیکەن ئەوە بێت، ئەوەی خۆم زۆر باشترە لەوەی ئێوە.!
درێژەی هەیە…

Check Also

ئایا دەکرێت خانوو و سەیارە بکرێت بەناوی هەردوو هاوسەرەوە

شاجوان شێخ محەمەد⁠وەڵامی من بۆ ئەم خانمە بەڕێزە و بۆ هەموو ئەو خانمانەی کە پاراستنی …