ئامادەکردنی: د.بێخاڵ ئەبوبەکر
ساڵانە لە ٢١ی شوباتدا، بە مەبەستی بەرەوپێشبردنی فرەزمانیی و فرەچەشنی زمانەوانیی، ڕۆژی جیهانی زمانی دایک بەڕێوەدەچێت. ئەم بەروارە، بۆ یادکردنەوەی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ١٩٥٢ی بەنگلادیشە، کە تێیدا خوێندکاران بۆ ناساندنی زمانی بەنگالیی وەک زمانی فەرمیی، گیانیان بەختکرد. ئەمساڵیش، لە سەرانسەری جیهاندا، بە چەندین شێواز و بە دروشمی سەرەکیی “زمانەکان گرنگن: یۆبیلی زیوین و گەشەپێدانی بەردەوام” یاددەکرێتەوە.
• ئیمپریالیزمی زمانەوانیی:
ئیمپریالیزمی زمانەوانیی لە ڕێگەی نایەکسانی بونیادیی و کلتوورییەوە، زاڵبوونی زمانێک، کە زۆرجار زمانی ئینگلیزییە، بەسەر زمانەکانی دیکەدا وەسفدەکات، وەک ئەوەی ڕۆبەرت فیلیپسۆن تیۆریزەی کردووە. ئیمپریالیزمی زمانەوانیی پەرە بە زمانە باڵادەستەکان لە پەروەردە و ئابووری و میدیادا، دەدات.
لە ئێستادا، ئیمپریالیزمی زمانەوانیی لە ڕێگەی باڵادەستی جیهانیی زمانی ئینگلیزییەوە بەردەوامە، زۆرجار ناهاوسەنگیی دەسەڵات لە بوارەکانی پەروەردە و بازرگانی و میدیادا بەهێزتر دەکات، تەنانەت بەبێ کۆنترۆڵی ڕاستەوخۆی کۆڵۆنیالیزم، کە لەم بوارانەی خوارەوەدا ڕەنگدەداتەوە:
١. سیاسەتەکانی پەروەردە:
لە کۆلۆنیەکانی پێشووی وەک هیندستان و ئەندەنوسیادا، لێهاتوویی زمانی ئینگلیزی لە پرۆگرامەکانی پەروەردە و فێرکردندا لە ڕیزبەندی یەکەمدا دێت، کە ئایدۆلۆژیاکانی ڕۆژئاوا لەخۆدەگرن، و زمانە ناوخۆییەکانی وەک ئاسامی یان بەهاسا ئەندەنوسیا پەراوێزدەخات. لە ئێرلەندا زمانی ئاماژەی ئێرلەندیی، لە ڕێگەی سیاسەتەکانی بەرژەوەندی ئینگلیزییەوە ڕووبەڕووی جیاکاری دەبێتەوە، کە مافە زمانەوانیییەکان سنوورداردەکەن.
٢. بازرگانی و ئابووری:
کۆمپانیا فرەنەتەوەییەکان لە ئاسیا و ئەفریقادا، ئینگلیزی وەک زمانی کۆمپانیاکان دەسەپێنن، سەرەڕای ستافی فرەزمان، زمانە ڕەسەنەکان لە شوێنی کاردا پەراوێزدەخەن. پرۆگرامەکانی ئەمریکا وەک (RELO) ڕاهێنانی مامۆستایانی ئینگلیزی لە باشووری جیهانی بەڕێوەدەبەن، ئەمەش بەرەوپێشبردنی هێزی نەرمی ئەمریکایە بە بیانووی پەروەردە و فێرکردن.
٣. ئەکادیمیا و بڵاوکردنەوەی توێژینەوەی زانستی:
زیاتر لە ٩٦٪ی گۆڤارە ئاستبەرزەکانی SCI/SSCI پێویستیان بە زمانی ئینگلیزی هەیە، ئەمەش فشاردەخاتە سەر توێژەران، بۆ ئەوەی توێژینەوەکانیان بە زمانی ئینگلیزی بڵاوبکەنەوە، لە کاتێکدا بۆ بڵاوکراوەی زانستیی، زمانە ناوخۆییەکان بە ناشایستە دادەنرێن.
٤. میدیای دیجیتاڵی:
پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیا، وشە و زاراوەکانی زمانی ئینگلیزی ئاساییدەکەنەوە و برەویان پێدەدەن (بۆ نموونە، “سێڵفی”، “تویت”، “لایک”، “کۆمێنت”، هتد)، هەروەها وشەسازییەکەی لە ئاستی جیهانیدا فراوانتردەکەن و دەربڕینی ئۆنلاینی زمانەکانی دیکە کەمدەکەنەوە.
• کۆلۆنیالیزمی کولتووریی
کۆلۆنیالیزمی کلتووریی بریتییە لە سەپاندنی بەها و زمان و دامەزراوەکانی کلتوورێکی باڵادەست بەسەر ئەوانی دیکەدا، و سەرکوتکردنی شوناسە ڕەسەنەکان لە ڕێگەی پەروەردە و سیاسەتەوە. ئەمەش دەبێتە هۆی لەدەستدانی زمان و لەناوچوونی کەلەپووری کلتووریی، وەک لە سەرکوتکردنی زمانە ناوخۆییەکاندا دەبینرێت.
• پاراستنی هەمەچەشنی زمانەوانیی
پاراستنی هەمەچەشنی زمانەوانیی پێویستی بە بەهێزکردنی پەروەردەیە بە زمانی دایک و بەگەڕخستنی پرۆگرامی جووتزمانیی بۆ گەشەدان بە کارامەییەکانی خوێندنەوە و نووسین، و برەودان بە ڕایەڵە کولتوورییەکان. هەروەک پێویستە ئەو زمانانەی کە مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە، تۆماربکرێن و پشتگیری لە بوژاندنەوەی کۆمەڵگە ناوخۆییەکانیان بکرێت و داکۆکی لە سیاسەتی فرەزمانیی لە فەزای گشتیدا بکەن و میدیاکان زمانە ناوخۆییەکان بەکاربهێنن و برەویان پێبدەن.