نوسینی: ستیڤن ئێرتیلت
وەرگێڕانی: عەفیفە جەعفەر مستهفا
لە ساڵی (٢٠٢٥) دا، ژمارەی مردن بە هۆکاری لەباربردن، زیاتربوو لە ژمارەی مردن بە هەر هۆکارێکی تر. ئهمهش زهنگێكی مهترسیدارە سەبارەت بە بڵاوبونەوەی لەباربردنی منداڵ. ئەو ئامارانەی کە ماڵپەڕی (worldometers) کۆیکردونەتەوە، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە لە ساڵی (٢٠٢٥)دا، زیاتر لە ٧٣ ملیۆن حاڵەتی لەباربردن لەسەرانسەری جیهاندا هەبووە. ئەم ماڵپەڕە، داتا لە حکومەت و ڕێکخراوەکانی تر وەردەگرێت و ڕۆژانە بڵاویاندەکاتەوە لەگەڵ پێشبینی و خەمڵاندن بە پشت بەستن بەو ژمارانە.
ماڵپەری وێڵدۆمێتەرز، ئامارەکانی لەباربردنی ڕۆژانەی خۆی لەسەر بنەمای ڕۆژنامەی ڕاستیەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دادەنێت، کە لە مانگی ئایاری ٢٠٢٤ دەرچوو، کە بەمەزەندەی ئەو، ژمارەیەکی زۆر کۆرپەلە بە هۆی لەباربردنەوە کوژراون، کە ئەمەش کارەساتە.
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیی دەڵێت: “ساڵانە لەسەرانسەری جیهاندا نزیکەی ٧٣ ملیۆن پرۆسەی لەباربردن ئەنجام دەدرێت.” هەروەها لەباربردنی منداڵ هۆکاری سەرەکی مردنە لە ئەمریکادا.
وێڵدۆمێتەرز ئاماژەشی بەوە کردوە کە “لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، (٣٠٪) حاڵەتی دووگیانیی بێ بەرنامە و پلانە، هەر بۆیە ٤٠٪ ئەو سکپڕیانە بە لەباربردن کۆتاییان دێت. ڕۆژانە لە نێوان (١٥٠٠ بۆ ٢٥٠٠) لەباربردن ئەنجام دەدرێت. نزیکەی (٢٠٪)ی هەموو دووگیانیەکان لە ئەمریکا (جگە لە لەبارچونی ئاسایی) بە لەباربردن کۆتاییان دێت. پەیمانگهی (گۆتماخەر) ڕایدەگەیەنێت کە (٩٣٠١٦٠) پرۆسەی لەباربردن لەساڵی ٢٠٢٠ لە ئەمریکادا ئەنجامدراوە، کە دەکاتە ڕێژەی ١٤.٤ بۆ هەر هەزار ژنێک.”
ئەگەر بەراوردێک لەنێوان ژمارەی حاڵەتەکانی لەباربردن و هۆکارەکانی تری مردندا بکەین، لەوانە شێرپەنجە، ئایدز، ڕووداوەکانی هاتوچۆ و خۆکوشتن، دەبینین لەباربردن بە شێوەیەکی بەرچاو لە پێش هەموو هۆکارەکانی ترەوەیە، لەبەرامبەردا، مەزەندە کراوە کە ١٠ ملیۆن کەس بەهۆی شێرپەنجەوە، لە ساڵی ٢٠٢٥دا، گیانیان لەدەستداوە، و لەهەمان ساڵدا ٦.٢ ملیۆن کەس بەهۆی جگەرە کێشان و ١٧ ملیۆن کەس بەهۆی نەخۆشیی و دوو ملیۆن کەس بەهۆی ڤایرۆسی (کەمیی بەرگری/ ئایدز) گیانیان لهدهستداوه، ئەمه سەرەڕای مردنی تۆمارکراو بە هۆی مەلاریا و خواردنەوە کحولیەکان. لەگەڵ ئەوەی ساڵی ڕابردوو ٦٧.١ ملیۆن کەس بە هۆکاری تری دوور لە لەباربردن مردون، و ١٤٠ ملیۆن کەس بە گشتیی بەهۆی لەباربردن و هەموو هۆکارەکانی ترەوە گیانیان لەدەستداوە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە لە لەساڵی ڕابردوو له سەرانسەری جیهاندا لەباربردن (52%)ی هەموو جۆرەکانی تری مردنی پێکهێناوە. ئاماری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لەسەر مۆدێلی گشتگیری زانیاریەکانی نێوان ساڵەکانی ٢٠١٥ – ٢٠١٩ بونیادنراوە (کە لە رۆژنامهی ڕاستیەکانی ئەم دواییەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی تا ساڵی ٢٠٢٥درێژ کراوەتەوە)، بە لەبەرچاوگرتنی هەردوو لەباربردنی یاسایی و نا یاسایی. ئەم خەمڵاندنە بە ٧٣ ملیۆن، نزیکەی ٣٩ لەباربردنە بۆ هەر هەزار ژنی تەمەن (١٥ بۆ ٤٩) ساڵ لە تەواوی جیهاندا ( لەگەڵ مەودای نادڵنیایی لە دەوروبەری ٣٤ – ٤٦ حاڵەت). ئەمەش هاوتایە لەگەڵ 61% دووگیانی نەخوازراو (ساڵانە ١٢١ ملیۆن) کە بە لەباربردن کۆتاییان دێت. خەمڵاندنە کۆنەکان (بۆ نمونە، ٥٦ ملیۆن منداڵی کوژراو بە لەباربردن، لە نێوان ساڵانی ٢٠١٠ – ٢٠١٤) بەهۆی زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان و باشتر گەیشتنی زانیاریەکان سەبارەت بە بەکارهێنانی حەبی مەترسیداری لەباربردن، هەروەها خەمڵاندنی لەباربردنی نایاسایی، بەزیادەوە نوێکراونەتەوە.
منداڵە لەدایکنەبووەکان بە مرۆڤ دانانرێن، هەرچەندە زانستی زیندەوەرزانی ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوان لەساتەوەختی دروستبونیانەوە مرۆڤی ناوازە و، زیندوون و لەئەنجامی لەباربردنیاندا بە شێوازێکی دڕندانە و توندوتیژانە دەمرن.
ژمارەی لەباربردنی منداڵ زۆر زۆرە، هەریەک لەو ٧٣ ملیۆن حاڵەتە لەباربراوە لە سەرانسەری جیهاندا، لەساڵی ٢٠٢٥ نوێنەرایەتی مرۆڤێکی زیندوو دەکات کە بە شێوەیەکی دڕندانە لەناو سکی دایکیدا کۆتایی بە ژیانی هێنراوە. هەر منداڵێکی لەدایکنەبوو، (دی ئێن ئەی)ی تایبەت بە خۆی هەبووە، کە جیای دەکاتەوە لە دایکی. ئەم (دی ئێن ئەی)ە، ئاماژە بە ڕەگەزی منداڵ و ڕەنگی چاو و قژ و باڵا و ئەگەری توشبوونی بە نەخۆشی بۆماوەیی و، هەندێك کەمئەندامیی و زۆر شتی تر دەکات. لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، دڵی کۆرپەلە لێدەدات کاتێک لەباردەبرێت.
لە ئەمریکادا، ساڵانە نزیکەی یەک ملیۆن کۆرپە لەباردەبرێن، هەرچەندە لە دەیەی ڕابردوودا ڕێژەی لەباربردن دابەزینی بەخۆیەوە بینی، بەڵام هێشتا لەباربردن هۆکاری سەرەکی مردنە لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکادا.
خەمڵاندنەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە (٦٦ ملیۆن) کۆرپەلەی لەدایکنەبوو بە هۆی لەباربردنەوە لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لهناوبراون، لەساتی دەرچوونی بڕیاری (ڕۆ ڤی وەید)* لە ساڵی ١٩٧٣، و لە مانگی کانونی دووهەمدا، داکۆکیکاران لە ژیان لە ڕێپێوانێکی ساڵانەدا “لەپێناو ژیان”دا، کۆدەبنەوە لە واشنتنی پایتەخت بۆ یادکردنەوەی ساڵیادی ئەو بڕیارە بەناوبانگە و داوای گەڕاندنەوەی پاراستنی منداڵانی لەدایکنەبوو، دەکەن.
*Roe V. Wade (ڕۆ ڤی وەید) – بڕیارێكی دادگای باڵای ئەمریکا بوو لە ساڵی ١٩٧٣ دا کە لەباربردنی یاساییکرد لە سەرانسەری ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا.
سهرچاوه: www.LifeNews.com