چوارشەممە , تشرینی یه‌كه‌م 29 2025

خانەنشین بوون قۆناغێکی تری ژیان

زەكیە ڕەشید

هەروەك چۆن لەگەنجیدا فەرمانی دامەزراندنمان دەرئەچێت و بەشادییەوە پێ ئەنێینە قۆناغێكی نوێی ژیانمان، ڕوو ئەكەینەوە فەرمانگەیەك و یەكەم ڕۆژمان بە یەكترناسی و بەخشینی شیرینی دەست پێئەكەین،  ئەوەی خوێندوومانە ئەبێت بەكردەوە جێبەجێی بكەین. بەهەمان شێوەش ڕۆژێكیش دێت تاڵەكانی سەرمان سپی ئەبن و بەئەزموونێكی زۆرە فەرمانی خانەنشین بوونمان بۆ دەرئەچێت. تا گەنجیتر بێنە پێشەوە، ئێمەش بەئەزموونێكی زۆری پڕ لەحەكایەت و لەنێو چەپڵە ڕێزانی هاوڕێیان و ئازیزاندا دەگەڕێینەوە بۆماڵ.

ئەمەش  قۆناغێكی دیكەی ژیانمانە. ئەكرێت  سوود لەم قۆناغەی ژیانیش وەربگرین،

منیش بەهەمانشێوە بەهەمان قۆناغدا تێپەڕیم لە ساڵی( 1962/1963) یەكەم ساڵی مامۆستایەتیم بوو، ئەو ساڵە ساڵی ڕەشی حوكمڕانی (زەعیم صدیق) بوو، سالانێكی زۆر سەخت و ناخۆش بوو، كوردیش لەنێوخۆیاندا زۆر ناتەبا بوون. لەماوەی ئەو چەند ساڵەدا ڕێم كەوتۆتە لای چەندان بەڕێوەبەرو مامۆستاو قوتابی و دایك و باوكی قوتابیان كەهەریەكەیان بەچاك و بە پێچەوانەكەیەوە هەریەكەیان وانەیەك بوون لەژیانی مندا. بەتایبەت قوتابیانی پۆلی یەكی بنەڕەتی بوو، كە هەرگیز بێزارنەبووم لێیان ئێستاش تامەزرۆی ئەو ڕۆژانەم. هەرچەندە  بارودۆخی شەڕی ئێران عیراقدا بوو، بەترس و لەرزەوە زۆرجار مناڵانمان تا بەردەرگای ماڵەوە ئەگایاندن.

 لەساڵی(1993)دا خانەنشین بووم و ماڵئاواییم لەتەختەڕەش و قوتابیان و مامۆستایان كرد. ئەكرێت خانەنشینی بەدەرفەتێك بزانین بۆ ئەو خەون و ئاواتانەی كەلەكاتی گەنجیدا هەمانبوون، و لەم تەمەنەدا بەدییان بهێنین، چونكە كاتێكی زۆرمان بۆماوەتەوە كە ئێمە ڕاهاتووین لەسەرئەوەی لەوكاتانەدا لەدەوامین ئەمەش ئەبێتە بۆشاییەك لەژیانماندا، لە قۆناغی ناوەندیدا بووم خولیای خوێندنەوەو نووسینم هەبوو لە پۆلی دووی ناوەندی بووم، یاسایەك بەپێی وانەكان، وەك بڕیارێكی  فەرمی لە پەروەردەوە بەبێ جیاوازی پۆل و مامۆستاو قوتابی جێبەجێكرا. ئەویش پێكهێنانی( جمعیە) یا كۆمەڵی قوتابیان بە گروپ، چالاكی خۆیان لە ناو قوتابخانەدا نیشان بدەن.من یەكێك بووم لە ئەندامانی كۆمەڵەی جوغرافیە، مامۆستاكەمان (نەسرین مەزهەر) بوو، ژمارەمان چل قوتابی بوو.  دوانیوەڕۆی دووشەممان كۆ ئەبووینەوە، تەواوی چالاكی خۆمان بەكۆ و تاك لە شیعرو ئەدەب و سەماو نوكتە و زانیاریمان لە ژوورەكەی خۆماندا پێشكەش ئەكرد. بە ئامادەبوونی مامۆستاكەمان كە زۆر ڕێزی لە ئارەزووەكانمان ئەگرت.دوای هەڵبژاردنێك بەنهێنی ، من سەرۆكی كۆمەڵەكە دەرچووم، ئەم كۆمەڵەیە بۆ دەركەوتنی توانای قوتابی بوو، بڕیارماندا گۆڤارێك دەربكەین، بەپێی توانای خۆمان و بە یارمەتی مامۆستاكەمان، گۆڤارێكی بیست لاپەڕەییمان چاپكرد، مامۆستاكەم دانەیەكی نارد بۆ مامۆستا( ڕەفیق حیلمی)لە كەركوك. ڕۆژێك پۆست لە گۆڕەپانی قوتابخانە دابەشئەكرا نامەیەكی داخراو درایە دەستم، هەڵمپچڕی زیاد لە جارێك خوێندمەوە، نامەكە لە مامۆستا (ڕەفیق حیلمیەوە) بوو، لە دوا دێڕدا نووسیبووی (هیوادارم كچە بچكۆلەكەم لە دوا ڕۆژدا پەنجەو خامەكەت بۆمیللەتی كوردو كوردستان بەكاربهێنیت)منیش ئەوەندەی نەمابوو لە خۆشیا بفڕم..مرۆڤێكی وەك من لەو تەمەنەدا مامۆستایەكی وەك مامۆستا ڕەفیق حیلمی) بەرزو بەڕیز نامەم بۆبنێرێت، پێش ئەوەی بچمە پۆل نامەكەم گەیاندە دەست مامۆستا نەسرین، ئەم نامە پیرۆزە هاندەرم بوو بۆخوێندنەوە، ڕوومكردە كتێبخانەی گشتی بە پێی تواناو تێگەیشتنم كتێبم وەرئەگرت، ئەمخوێندنەوە، تابووم بە هاوڕێی بەردەوامی كتێب و كتێبیش بوو بە ڕابەرو ڕێنیشاندەرم، ئارەزوومەندی جیهانێكی پڕ لە زانست بووم.ئەوەی ئەمخوێندەوەو سوودم لێوەر ئەگرت و دڵی خۆش ئەكردم، هەموویم ئەگێڕایەوە بۆ دایكم و هاوڕێكانم بۆ ئەوەی ئەوانیش هەمان ڕێڕەو بگرن و ڕادەی جیاوازی لە تێگەیشتندا كەم بێتەوە. هەموومان یەك هێڵ بگرین تا بە بۆنەی جیاوازییەوە لە هاوڕێیەتی و خوشكایەتی نەبین. هێندە تامەزرۆی كتێب بووم، ڕۆژانەكەم ئەدا بە كتێب و گۆڤار و ڕۆژنامە….

بەڵام پاش چوونم بەرەو بەغداو بوونم بە مامۆستای وەرزش و سەرقاڵبوون بەچالاكی قوتابخانەكانەوەو ئەركی پەروەردەو دایكایەتی و گرفتی ژیان لەم هیوایەی دابڕیم، توانیم خانەنشین بوون بە دەرفەتێك بزانم. هەربۆیە بەهاوكاری چەند دۆستێك توانیم پەنجە بەرمەوە بۆخامەو ئەوەی ئەزموونی ژیانم بوو دەستم بەنووسینەوەی كرد، سەرەتا لەبیرۆكەی نووسینی بابەتێك لەنێوان  پەیوەندی نێووان مرۆڤ و ڕەنگەكانەوە كەئایا مرۆڤ كاریگەری هەیە لەسەر ڕەنگەكان یان ڕەنگەكان كاریگەری لەسەر كەسایەتی مرۆڤ درووست ئەكەن. ئەو كتێبانەی دوای خانەنشینبوونم بەچاپم گەیاندوون ئەمانەن:

 لە كتێبە چاپكراوەكانم

1_ڕێنمایی دە ڕۆژی یەكەمی مانگی یەكەم بۆپۆلی یەكەمی بنەڕەتی، یەكەم بەرهەمم بوو نووسیم لە ناوەندی سارا چاپ و بڵاوكرایەوە.

2-ڕەوتی كچانی كورد لەبواری خوێندن و شانۆو وەرزش لە سلێمانی لەساڵی  (2010) لە لایەن بەرَێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری سلێمانی بڵاوكرایەوە.

3_پەندوو ئیدیۆمی كوردی لە ساڵی(2012)لەلایەن   (بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری سلێمانییەوە) چاپ و بڵاوكرایەوە، جاری دووەم لەبڵاوكراوەكانی  كتێبخانەی بەختیاری .

4_چارەسەر بە گژووگیا (وەرگێڕان) لە ساڵی(2012) لەبڵاوكراوەكانی  كتێبخانەی بەختیاری.

5_نەریت و كلتووری كورد لەساڵی(2012) لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری سلێمانی    بڵاوكرایەوە.

6_بزووتنەوەی كچانی كورد لەسلێمانی لەساڵی(2013) لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری سلێمانییەوە .  

7_ئەو چیرۆكانەی منیان هەژاند لە ساڵی(2013) لەسە رئەركی خۆم،بڵاوكرایەوە دووجاریتر چاپكراوەتەوە لەلایەن كتێبخانەی (سارا) .

8_چاپی دووەمی كتێبی (بزووتنەوەی كچانی كورد لە سلێمانی) بە هەندێك دەسكارییەوە لە ساڵی(2016) لەسەر ئەركی خۆم لەلایەن دەزگای سەردەمەوە چاپكرا.

9_(شارێك لەدڵی ژنێكدا ، ئەزموون و یادەوەری) لەسەر ئەركی خۆم لە چاپخانەی سەردەم چاپ و بڵاوكرایەوە.

ئەم بەرهەمانەم ئامادەن بۆچاپ

1_گەڕانەوە بۆسرووشت

2_ئیدیۆم و قسە باوەكان لەزمانی كوردیدا.

3_چیرۆكەكانی داپیرە.

4_ژن و ژان و ژیان.

لەپاڵ ئەمانەشدا بەردەوام لە گۆڤاری ئایندەسازییدا بەرهەم و وتارەكانم بڵاوكراونەتەوە.

تەمەنی خانەنشینی دەرفەتێكی تر بۆمرۆڤ  ئەبەخشێت كە زیاتر ڕوو بكاتە خواو، كاتی زیاتری هەیە بۆجێبەجێكردنی ئەركە ئایینیەكان، پەرستشەكان بەڕۆحێكی ترەوە ئەنجامئەدات. هەست ئەكەیت كە بەرەو پیری هەنگاو ئەنێیت و جەستەت لاواز ئەبێت هەربۆیە زیاتر پێویستیت بە زیندووكردنەوەی لایەنی ڕۆحیە.

لە خانەنشینیدا كاتت هەیە زیاتر بەشداری بۆنە كۆمەڵایەتیەكان بكەیت، لەخۆشی و ناخۆشیدا بەشدار بیت لەگەڵیاندا.لەوانەیە پێشتر لەبەر كەمی تەمەنی مناڵان و دەوامی زۆر نەتپەرژابێتە سەر ئەوەی كە بەشدار بیت بەڵام ئێستا ئەوكاتانەی كەبەرەو دەوام هەنگاوت ئەنا، ئێستا ڕوو دەكەیتە ماڵی هاوڕێیەكی دێرینت، یان نەخۆشێك یان پیرێك، یان بۆپیرۆزباییەك……

   ئێستاش خاوەنی شەش نەوەم هەروەك گلێنەی چاوم  ئازیزن.تەمەنم (80) ساڵە ئەگەر تەندرووستیم باش بێت سەرقاڵی نووسین ئەبم، تەمەن باقی بێت نووسینەكانی تریشم   بگەینمە دەست نەوەی كورد. بەشاردا ئەگەڕێم هەرچەندە خانوو كۆڵانەكەی جاران نەماوەو زۆر لە شوێنەكان وەك خۆیان نین، بەڵام من بەهەر لایەكدا ئەڕۆم ئەو شارەی لەناو دڵمدایە هەر ئەوێ ئەبینم ڕوخساری باوكم و دایكم و نەنە و هاوڕێكانم…. بەسەر شەقامەكاندا پیاسە ئەكەن …ئێستا لەوە دڵنیا بووم تەمەن زۆر لەوە كورتتر كە بەمناڵی پەلەی گەورەبوونمانە پێی بگەین.

دوا وتەم ئەڵێم:

تەمەن تێپەڕی و پیری میوانە

ڕوخسارو شێوەم ڕوو لە شێوانە

ڕێنیشاندەرم تەنها گۆچانە

چاویلكەی چاوم ناوبژیوانە

.

Check Also

ژیانی دوای خانەنشینی

 من نەوزەر عەلی، لەدایكبووی ساڵی 1951 و، دانیشتوی هەڵەبجەی شەهید، دوای 43ساڵ خزمەت وەك فەرمانبەرێكی …