شادان تالب
کەمن ئەو کتێبە سەرگوزەشتەییانەی لەیەک کاتدا کەمەنکێشت بکات بۆ زۆرینەی ئەزموونەکانی ژیان، ئیمان، دینداری، خۆشەویستی، قوربانیدان، وەفا، قەناعەت، پەروەردە و هتد..
ئەگەرچی لەسەر زاری هاوژرنێکی بەوەفای عاشقەوە سەرگوزەشتەی ژیانی هاوبەش و دوریان گێڕدراوەتەوە، بەڵام لەهەر پەڕەیەکیدا کە هەڵی دەدەیتەوە تۆ لە خاتونی عاشق تامەزرۆتری مامۆستا لە نزیک ماڵ و منداڵی بووایە و پێکەوە بەسەرهاتەکە یان بگێڕایەتەوە.
بەڕاستی ژیانەکەیان وەک دابڕانەکەیان زۆر واقعی بوەو، لەنیو هەموو بەسەرهاتەکانیاندا خوێنەر هەست دەکات وەک فلمێک لەبەردەمتدا نمایش دەکرێت، چونکە لە ژیانی خۆیاندا بە ڕاستی نمایشی دینداری و ئەوین و، قوربانی دان و، خێزانداری و، کاری خۆبەخشی و، بانگەوازو پەیوەندی دروستی کۆمەڵایەتی و میوانداری و … هتدیان کردوە.
کتێبی (مامۆستا بەکری ئیسکان) شەهیدێکی نیژراو لە ڕۆحی ژنێکدا، کە بەسەرهات و بیرەوەری هاوسەری بەوەفای مامۆستای شەهید، خاتوو (گێلاس مستەفا)یە..
سەرەتا پێویستە پشکی شێر بدەینە نوسەری ئازیز خاتوو (کەتان خادیمی)، کە وەک ئامادەکاری کتێبەکە ڕۆحێکی زیندوی کردوە بەبەریدا و ئەرکێکی زۆری کێشاوە بۆ لەدایکبوونی ئەم بەرهەمە دانسقەیە، زۆر بە سەلیقە و وردەکارییەوە کاری دەنگ وەرگرتن و داڕشتنەوەی بۆکردوەو، یەکێکە لە کتێبە دەگمەنە سەرگوزەشتەییەکان کە حەزەدەکەی بە یەکجار خوێندنەوە بگەیتە پایان و، لە لایەکی تریشەوە حەزیش ناکەی گەشتی چیرۆکی ئیمان و وەفا و خۆشەویستی و تەواو بێت و، ئاواتەخوازی لەجیاتی ٢٥٤لاپەرە ١٠٠٠ لاپەڕەی تر بوایە تا تێربویتایە لەو کانیاوە.
ئەم سەلیقە وردە (خاتوو کەتان) جێی سەرسامی و دەستخۆشییە و، چاک وایە بەهەموو مانەوە پشتگیری زیاتری ئەم قەڵەمە گفت شیرین و نەرم و تایبەتە بگرین، تا هیچ کات لە بەرهەمی بێ بەش نەبین.
خاتوو (گێلاس)ی تەمەن ٧٢ ساڵ، هێشتە دڵی ئەوەندە پڕە لە عیشقی هاوسەری شەهیدی، وا دەزانیت خاتوو (زینی) لاوە و بەتامەزرۆییەوە چاوەڕێی (مەم)ی شۆڕشە سواری خەونەکانیەتی، ئاخر ئەو ئەوەندە بە ئیمان و بەوەفا و خۆڕاگر شانی دابووە بەر ئەو چەرخی ڕۆژگارەی تەمەنی لاوی هاوسەری و دایکایەتی مرۆڤ لەبەردەم سەرگوزەشتەیدا سەرسام دەبێت و، دەبێتە قوتابخانە و ئەزمونی ژیان پڕ دەکات لە ئەوین و ئیمان و خۆڕاگری.
ئەم خاتوونە بە ویقارە ئەگەر چی ئەوانەی لە نزیکی بوون بە ژمارەکانی دەست دەژمێردرێن کە هاوکاری بوون لە ڕۆژە سەختەكانی، بەڵام ڕازێکی گلەیی نادرکێنێ و، نەک هەر ئەوەش بەڵکو دواجار خۆی دەبێتە چەترو تیمارکەرو لانەی حاڵ و ماڵ و دڵی دەبێتە ئارامگەی زۆرێک لە کەسە نزیکەکانی و دەبێتە کەس و چەتر بۆ بێکەسی و بێ دەرەتانیان.
لە بەشێکی زۆری سەرگوزەشتەکانی لایەنێکی سەرگوزەشتەیی میژووی وردی سەردەمی ڕژێمی گۆڕبەگۆڕی بەعس باس دەکات، کە چۆن ئەو سستمە زۆردارە ئەگەر بچوکترین جوڵەی تاکی کوردی بەدڵ نەبوایە، هەزارەها عاشقی ئاوایان لەیەک دەکرد و بە ئێستەشەوە سۆراغی نەزانن..
باس لەسەرەتاکانی وابەستەیی دینی خۆی و مامۆستا دەکات کە نەک ڕژێم، بەڵکو کەسە نزیکەکانیشان دژیان وەستاون، بەڵام ئەمان چونکە ڕێگەی خوایان گرتبوو چێژیان لە چرکە بە چرکەی ژیانیان دەبینی، بەتایبەت کە هەر لەسەرەتای دیندارییانەوە، بەکاریگەری هاوڕێکانی مامۆستا بووە وابەستەیی و وەفا ڕێزو تێکەڵی و خۆشەویستی و هات و چۆی نێوانیان بە جۆرێک بووە و بە جۆرێک باس دەکات، سەرسام دەبیت بەم هاوڕێیەتیە و، ئەگەر هێزی ئیمان نەبێ هیچ هێزێک ئەو نا هاوخۆێنیە ئاوا کۆناکاتەوە و بەهێزی ناکات، ئەم خاتوونە زۆر وەفادار بەرامبەر هەر چاکەیەکی هاوڕێکانی مامۆستا کە لەگەڵیان کردووەو لە زۆر کاتی ژیانی لە دوای خوا ئەوان فێیادڕەسی خۆی و منداڵەکانی بوون.
نەهامەتی و سەختی کانی ڕۆژگار بۆ ئەم خاتوونە زۆربوون، وەک ئەو هەزاران خانمەی بێ باوک مناڵیان بەخێوکرددوە، بەنەهامەتی و نەبوونی و دەربەدەری… ئەمیش تەنها بەنەبوونی باوک بۆمنداڵەکان و دابڕان لە عیشقی تاقینەکراوەتەوە، بەڵکو بە نەبوونی و بێ دەرەتانی خۆی و نزیکەکانی، بەنەبوونی پاڵپشتیەکی تۆکمە، بە نەخۆشی و مردنی کچی گەورەی کە پاڵپشت و قەڵای بوو، بە نەخۆشی و مردنی کەسە نزیکەکانی و هەڵگرتنی قورسایی ئەوان لە کاتی نەخۆشیاندا، بە نەخۆشی و ناڕەحەتی خۆی، ماڵوێرانی و تاڵانی و دەربەدەری و ماڵەو ماڵ …..هتد.
بەڵام دواجار بەری ئیمان و خۆڕاگری و چاکەی منداڵەکانی چەشتووەو، لە پاڵیان دا ئاهێکی ئۆخەی ئارامی داوە، منداڵەکانی و بوکەکانی بە دڵ لەگەڵ ئەم دایکە پەروەردەکارە میهرەبانە دەبن.
ئەوەی جێی سەرنجە لەم سەرگوزەششتە بە تایبەت دەست بخەینە سەرهەرخاڵێکی ژیانی ئەو خانمە و مامۆستای شەهید ستەمت لە لایەکەی ترکڕدوە، مەگەر ئەوەی لەگەڵ دێڕبەدێڕی بژی و بیخوێنێتەوە و بگری، دڵخۆشبیت ، بێ ئارام یان هەیەجان بیت، یان دەستت لەسەر دڵت بێت.
بۆیە پێویستە لەسەر هەر دایکێکی میهرەبان،
ژنێکی عاشق، پیاوێکی مەعشوق و بە هیمەت و بە عیزەت، منداڵێکی بەوەفا ، گەنجێکی دیندار، هاوڕێیەکی بەوەفا، پەڕە پەڕەی کتێبەکە هەڵبداتەوە و بیخوێنێتەوە، تا بزانین ئەوەی لەم ڕۆژگارە پێی گەیشتووین هەروا ئاسان نەبووە، پێشینانی ئێمە و پێش ئەوانیش قوربانی زۆریان داوە.
ناوی کتێب: کتێبی (مامۆستا بەکری ئیسکان) شەهیدێکی نیژراو لە ڕۆحی ژنێکدا
بەسەرهات و بیرەوەرییەکانی گێلاس موستەفا
بابەت: یاداشت
ئامادەکردن و پیتچن: کەتان خادیمی
نەخشەسازی:ڕەوشت محەمەد
لە بڵاوکراوەکانی سکرتارییەتی یەکگرتووی خوشکانی ئیسلامی کوردستانە ساڵی ٢٠٢٤
لە ٢٥٤ لاپەڕە پێک هاتووە
