ئا: كه‌تان خادیمی
خوێندنی مه‌حوه‌لئومی چیرۆكێكی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه له‌ناو خێزانه‌كاندا، كاتێك به‌ته‌مه‌نه‌كان كتێبه‌كانیان هه‌ڵئه‌گرتن و ئه‌چوون له‌سه‌ر كورسی خوێندن دائه‌نیشتن، به‌شه‌وانه‌ش كوڕ‌و كچه‌كانیان وانه‌كانیان فێر ئه‌كردن، له‌ساڵی(1978)وه له عیراق هه‌ڵمه‌تی نه‌هێشتنی نه‌خوێنده‌واری ده‌ستیپێكرد، بۆكه‌مكردنه‌وه‌ی ڕێژه‌ی نه‌خوێنده‌واری، ئه‌م خوێندنه بێبه‌رامبه‌ر بوو، بۆ ئه‌وكه‌سانه بوو ته‌مه‌نیان هه‌ڵكشابوو نه‌یانتوانیبوو بخوێنن، له سه‌رانسه‌ری عیراقدا ئه‌م هه‌ڵمه‌ته به‌ڕێوه ئه‌چوو، كه‌سانێكی زۆر فێری خوێندن و نووسین بوون، هه‌تا بڕوانامه‌شیان به‌ده‌ستهێنا.
ڕۆژی( 10-9)ی هەموو ساڵێک به‌ڕۆژی جیهانی مه‌حوه‌لئومی ناسراوه، ( مامۆستا زه‌كیه ڕه‌شید) به‌ڕێوه‌به‌ر و مامۆستا ده‌بێت له‌و كاته‌دا، ( ئاینده‌سازی) چه‌ند پرسیارێكی ئاراسته‌كرد.
ئاینده‌سازی: له‌ساڵانی چه‌ندا مامۆستای قوتابخانه‌ی مه‌حوه‌لئومی بوویت؟
مامۆستا زه‌كیه ڕه‌شید: له ساڵی هه‌شتادا مامۆستا‌و به‌ڕێوه‌به‌ری مه‌حوه‌لومی بووم له‌شاری سلێمانی له‌قوتابخانه‌ی (سۆلاف) ژوورێك تایبه‌ت كرابوو، له‌گه‌ڕه‌كی مه‌ڵكه‌ندی.
به‌ڵام پێشئه‌وه قوتابخانه‌ی ئێواران هه‌بوو، له هه‌موو گه‌ڕه‌كێكدا یان به‌چه‌ند گه‌ڕه‌كێكه‌وه ئه‌ڕۆشتن بۆ ئه‌و قوتابخانه‌یه، مامۆستاكانیان، قوتابیه زیره‌كه‌كانی سێ یان دووی (دار المعلمات) بوون.
ئاینده‌سازی:ژماره‌ی قوتابیه‌كانت چه‌ند بوو؟
زه‌كیه ڕه‌شید: سی قوتابی بوو.
ئاینده‌سازی: ته‌نها خۆت بوویت بۆهه‌موو وانه‌كان یان مامۆستای دیكه‌ش هه‌بوو یارمه‌تی ئه‌دایت؟
زه‌كیه ڕه‌شید: هه‌مووی خۆمبووم، به‌ڵام من ڕێگه‌ی مه‌قته‌عیم به‌كار ئه‌هێنا، ڕێگاكه‌ی خوێندنی مه‌حوه‌لئومی ڕێگه‌ی جومه‌لی بوو واتا به ڕسته، بۆ نموونه كاوه كار ئه‌كات، ئه‌بوایه به‌یه‌ك جومله بیوتایه ڕۆژانه دووباره بكرایه‌ته‌وه، ده‌بوو وێنه‌ی جومله‌كه له‌چاویانا ڕه‌سم ببوایه، دوو جومله‌ی تری بهاتایه به‌سه‌ردا ئه‌ویتریان له‌بیر ئه‌چوه‌وه.
ڕێگاكه‌ی من جیاواز بوو پیتێكی ده‌نگدار له گه‌ڵ بێده‌نگێكدا، من به‌جیا به‌نمونه: كا یان كه…دا..را…ده‌نگه‌كانم له‌یه‌ك نزیك ئه‌كرده‌وه ئیتر بیریان نه‌ئه‌چوه‌وه، چونكه ئه‌و ڕێگای جومله‌یه فه‌شه‌لی هێنا، لای من قوتابیه‌كانم زۆر سوودیان وه‌رگرت، بوونه خوێنه‌وارێكی جوان.
ئاینده‌سازی: ئایا ئه‌م هه‌ڵمه‌ته كاریگه‌ری هه‌بوو له‌سه‌ر به‌رزبوونه‌وه‌ی ڕێژه‌ی خوێنده‌واری له‌ناو ژناندا؟
زه‌كیه ڕه‌شید: زۆر زۆر كاریگه‌ری هه‌بوو، هی واهه‌بوو كه‌وته كتێب خوێندنه‌وه، چونكه من ته‌نها كتێبی مه‌حوه‌لئومیه‌كه‌م پێنه‌ئه‌وتن، كتێبی پۆلی یه‌كیشم پێئه‌وتن، گوێم نه‌ئه‌دایه حكومه‌ت، خۆیشم مامۆستای كوردی و خه‌لدونیه بووم، پێشتر له به‌غدا له قوتابخانه‌ی (دیجله‌ی نموزجی)خولی ته‌ریقه‌ی جومله‌م بینی، مامۆستایه‌كی به‌ته‌مه‌نی به‌ئه‌زموون، ئه‌م ڕێگایه‌ی به‌كار ئه‌هێنا له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك وه‌سائلدا. به‌ڵام فه‌شه‌لی هێنا به‌غدا هه‌ستا ئه‌م ڕێگایه‌ی به‌كارهێنا بۆمناڵه زیره‌كه‌كانی وه‌زیریه‌كان یان ئه‌وانه‌ی دایك و باوكیان مامۆستای جامعه‌و دوكتۆربوون به فتری زیره‌كبوون.
ئاینده‌سازی: ئه‌م به‌زۆر خوێندنه بۆ ئافره‌تان بوو ته‌نها یان بۆ پیاوانیش بوو؟
زه‌كیه ڕه‌شید: پیاوانیش به‌هه‌مان شێوه‌بوو، مه‌حوه‌لئومی بۆ پیاوان له‌كتێبی (شارێك له دڵی ژنێكدا) نووسیومه، كه كێ بوون ده‌رسیان وتوه‌ته‌وه (پیره‌مێرد و كه‌ریم زه‌ندو عه‌زه قامیش و …) پیاوان به جلی كرێكاری و ئیشه‌وه ئه‌ڕۆشتن سه‌عاتێك نیو سه‌عات ئەیانخوێند، باوكم یه‌كێك بوو له‌وانه سوودی له خوێندنه‌كه وه‌رنه‌گرت، به‌ڵام بیركاریه‌كه سوودی لێوه‌رگرت بۆكه‌سابه‌تی خۆی.
ئاینده‌سازی: سوودی ئه‌م خوێندنه چی بوو بێجگه له‌فێربوون؟
م.زه‌كیه ڕه‌شید: به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی خاوه‌نپێداویستی بوون، دوو خاڵیان بۆ ئه‌ژمار ئه‌كرا زوو ته‌عین ئه‌كران.
ئاینده‌سازی: ئه‌و به‌سه‌رهاته‌ی له‌یادت ناچێته‌وە لەوسه‌رده‌مه‌دا؟
م.زه‌كیه ڕه‌شید: ئه‌وه‌نده كچی باشی تیا بوو هه‌مووی له‌خێزانی چاك و ژنی خێزانی نموونه‌یی بوون، ڕۆژێكیان چوومه پۆل سكم ئه‌ئێشا سه‌رمام بووبوو، تاده‌رسه‌كه‌م ته‌واوكرد ده‌ستم به سكمه‌وه بوو، ئافره‌تێك هه‌ستا وتی: مامۆستا زه‌حمه‌ت نه‌بێت ئیزنمبده ئیشێكی زۆر په‌له‌م هه‌یه له‌ماڵه‌وه، منیش وامزانی چێشتی له‌سه‌ر ته‌باخ به‌جێهێشتوه یان مناڵی به‌ته‌نیایه، ئیزنمدا، كه هاته‌وه سه‌یرمكرد چوه‌ته لای دوكتۆرێك ڕه‌قه‌مێكی بۆبڕیوم كه دوای ئه‌و ده‌رسه بڕۆم بۆلای دوكتۆر، پاره‌كه‌شی لێوه‌رنه‌گرتمه‌وه. له‌هه‌مانكاتدا له‌بۆنه‌ی ڕۆژی مامۆستایان‌دا هه‌موویان دیاریان بۆ ئه‌هێناین له‌ئیشی هه‌ویر له پارچه قوماش، كاره‌كه‌ی ئێمه‌یان به‌لاوه گه‌وره‌بوو كه فێریان ئه‌كه‌ین.
له هه‌مووی خۆشتر ئه‌وه‌بوو هه‌ندێك له‌و قوتابیانه زۆر حه‌زیان له خوێندن بوو، له‌دواییدا وه‌ك موته‌بیق هاتنه‌وه بۆقوتابخانه لای خۆم و خوێندنیان ته‌واوكرد ئه‌وه زۆر دڵیخۆشكردووم.
ئاینده‌سازی: ئه‌م خوێندنه به حه‌ز نه‌بوه‌و به ئیجبار بوو، كه‌س نه‌یئه‌توانی قوتابخانه ته‌رك بكات، ئه‌گه‌ر ژنێك وازیبهێنایه، ئێوه چیتان ئه‌كرد؟
زه‌كیه ڕه‌شید: به‌غیاب ئه‌نووسرا، پاشان ئه‌نێردرا بۆ مودیریه‌تی مه‌حوه‌لئومی، ئه‌وانیش هه‌موو عینوانی قوتابیه‌كانی لا بوو، یه‌كسه‌ر هه‌واڵی بۆ شورته ئه‌نارد ئه‌ویش به جێبێك ئه‌هات منی ئه‌برد ماڵ به ماڵ و كۆڵان به كۆڵان ئه‌ڕۆشتینه ماڵه‌كه‌یان و ئه‌مانهێنانه‌وه. من زۆر ته‌ریق ئه‌بوومه له جێبێكی شورته‌یا خوا خوامبوو كه‌س نه‌مبینێت، ئه‌وانیش ناهه‌قیان نه‌بوو كێشه‌یان زۆر بوو ئه‌ركی كۆمه‌ڵایه‌تیان زۆر قورس بوو دڵیان لای ماڵ و مناڵه‌كه‌یان ئه‌بوو، ئه‌ركی ماڵ هه‌مووی له‌سه‌ر ژنان بوو.
قوتابیه‌كم هه‌بوو ئه‌موت دوو سێ ئه‌كاته چه‌ند؟ ئه‌یوت ..مامۆستا توخوا وازملێبێنه، به‌خوا نازانم، ده‌ستیم ئه‌گرت ئه‌موت ئه‌مه دوو ئه‌مه‌ش سێ، ئه‌یوت ده‌با حه‌وت بكات، ئه‌موت تۆ ده‌ستێكت چه‌ند په‌نجه‌ی هه‌یه؟ ئه‌یوت پێنج ئه‌موت ئه‌مه ده‌سته‌كه‌ی خۆته ئه‌مه دوو ئه‌مه‌ش سێ، ئه‌یوت ده‌توخوا وازملێبێنه به قورئان مناڵم زۆره بابڕۆمه‌وه ماڵێ…ئه‌م ژنه خاوه‌نی نۆمناڵ بوو مناڵه‌كانی له‌ناو بازاڕ عه‌لاگه‌یان ئه‌فرۆشت. مناڵێكی قوتابی بوو لای من زیره‌ك بوو. ئه‌یوت نۆمناڵ له ژووره‌كه‌یه، منیش ئه‌موت زۆر باشه تۆ چه‌ند مناڵت هه‌یه؟ ئه‌یوت نۆ. ئه‌موت باشه به‌شه‌وان چۆن ئه‌زانیت كه هه‌ر نۆیان ئاماده‌ن؟ئه‌یوت به‌خوا مامۆستا ئه‌یزانم . ئه‌موت ئاخر پێم بڵێ چۆن ئه‌یانژمێریت؟ ئه‌یوت به‌ڕه‌حم (به‌پێكه‌نینه‌وه).
مامۆستا زه‌كییه باس له‌وه ئه‌كات له‌ساڵانی ڕابوردوودا ڕێژه‌ی نه‌خوێنده‌واری زۆر به‌رزبوو بۆیه به‌و شێوه‌یه توانرا ڕێژه‌ی خوێنده‌واری به‌رز بكرێته‌وه.