ساکار لطيف
ڕێنماییکاری پەروەردەیی
لە هەرێمی کوردستاندا. مانگی ئەیلول سەرەتای خوێندنی ساڵی نوێیە، سێ جۆر سیستمی خوێندن هەیە کە هەریەکێک لەم سیستمانە خاڵی بەهێزو لاوازی هەیە، بەڵام جیاوازیان لە ژینگەو سیستم و ڕێنمایی … هتد. ئەوەندە زۆرە کەبڵێین هێندەی ئاسمان و ڕێسمانە.
دیارە کە دایک وباوک ئازادن تاڕادەیەک بۆ منداڵەکەیان کام جۆری خوێندن هەڵدەبژێرن و بەردەوام دەبن.
چەند هۆکارێک کاریگەری هەیە لەسەر هەڵبژاردنی یەکێک لەو جۆرانەی خوێندن لەوانە :
هۆکاری ئابووری کە سەرەکیترینیانە و دواتر هۆکاری کۆمەڵایەتی و سیاسی و ڕۆشنبیری و جوگرافی …هتد.
تائێرە ئاساییە، بەڵام ئەوەی کە لەم هەرێمە ئاسایی نیە، ئەو جیاوازیە گەورەو بەرچاوەیە لەم سێ جۆر سیستمەدا هەیە. هەر لەسەرەتای چوونە ناو قوتابخانەو شێوازی پێشوازی کردنی کارمەندان و مامەڵەی دەستەی بەڕێوەبردن لەگەڵ دایکان وباوکان و قوتابیان، دواتر سیستمی بەڕێوەبردن و پرۆگرام و چالاکی و خزمەتگوزاری و ….هتد. هەموو ئەوەی کە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەرپرۆسەی پەروەردەو خوێندن هەیە …سەرەڕای بوونی چەندین کەم وکوڕی و کەلێنی پەروەردەیی، قوتابخانه نێو دەوڵەتیەکان خاوەنی بودجەیەکی گەورەو سیستم وپرۆگرامی تایبەت و مامۆستای بیانی و تەنانەت ڕۆژمێری تایبەتیان هەیە، کە سەرەتاو کۆتایی و پشوو بۆنەکانی بۆ ڕێکخستون و، قوتابی بەرچاوی ڕۆشنە کە ساڵی خوێندن چۆن دەگوزەرێت… ئەم قوتابخانانە کاریگەری( ئەرێنی- نەرێنی) بەرچاویان هەیە لەسەر پەروەردە بە واتا فراوانەکەی ( فیکر و زمان و کلتور و تێڕوانین وبیرکردنەوە و ….هتد.)
قوتابخانە ناحکومیەکانیش هەمان پرۆگرامی خوێندنی حکومیە، بەڵام بە زمانی دووەم و بەهەندێک پەڕتوکی زیاترەوە، بەشەوانەی زیاتر دەخوێنرێت و چالاکی جۆراوجۆر ئەنجام دەدەن، لەوەزارەتی پەروەردەوە سەرجەم ڕێنماییەکان وەردەگرن، بەهەمان شێوە سەرەڕای بوونی کەڵێنی پەروەردەیی و کەم و کوڕی، بەڵام بەهۆی ئەو کێبڕکێیەی لەنێوانیاندایە، قوتابخانەکان هەوڵ دەدەن خزمەتگوزاری زیاتر پێشکەش بکەن.
قوتابخانە حکومیەکان و خەمە هاوبەشە گەورەکەی پەروەردە دۆستان، کە سەردەمانێک نەوەیەکی باش پەروەردەکردوە و ئاڵنگاریەکانی تێپەڕاندوە، بەداخەوە چەند ساڵێکە لەسایەی سیاسەتێکی شکستخواردوی بەڕێوەبردندا، پەراوێز خراوە و بەبیانوی نەبوونی بودجە، تا دێت خزمەتگوزاری کەمترو چالاکیەکانی سنوردارتر دەبن…. پێشێلکردنی مافە داراییەکانی مامۆستایان و کارمەندان هۆکارێکی ترن. خاڵی بەهێزی ئەم سیستمەی خوێندن، هەبوونی مامۆستای خاوەن ئەزمونی گەنجینە ئاسایە. بەڵام بەڕاستی سیستم و پرۆگرام و باری دارایی وای کردوە کە ناتوانین گەشبین بین بە بەرهەم و داهاتوی ئەم جۆرە خوێندنە.
ئەمڕۆ ئێمە لەسەردەمی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و زیرەکی دەستکرداین، هەموو مناڵێک سەرەتایترین مافی هەیە بۆ پەرەوردەیەکی ڕەسەن و فێربونی زمان و کەڵک وەرگرتن لە تەکنەلۆژیا بۆ بەرەوپێشچوونی بیر و برەودان بە تواناو لێهاتوییەکانی.
لەسەر بابەتێکی گرنگ وهەستیاری بەوشێوەیە کە پەیوەستە بە پەروەردەو پێگەیاندنی نەوەیەکی ئەم وڵاتە … داهاتووی کۆمەڵگە..کێ بەرپرسیارە لەم نادادپەروەری و جیاوازیە؟
ئەم فەرامۆشکردنەی قوتابخانە حکومیەکان بەبیانوی قەیران ، تاکەی بەردەوام دەبێت ؟ بۆچی داواکاری گشتی لە پرسێکی ئاوها گرنگ و گشتگیر هەڵوێستی نیە ؟! ڕێکخراوە پەروەردەییەکان و کەسایەتیەکان هەڵويست وەرناگرن ؟!
کێ بەرپرسە لە نەبونی بینای قوتابخانە و مەرجی سەلامەتی و هۆکانی فێنکردنەوە و گەرمکردن و گۆڕەپانی وەرزشی و هۆڵی هونەری و ژوری تاقیگەی زانستی …
کێ بەرپرسە لە نەبوونی پرۆگرامی برەودان بە توانای مامۆستایان.
کێ بەرپرسە لە گرنگی نەدان بە فێربونی زمانی دووەم وسێیەم.
دەزانین سێکتەری پەروەردەش وەک سەرجەم سێکتەرەکانی تر فەرامۆش کراوە، بەڵام دەبێت ئەو ڕاستیە بزانین کە قۆناغی زێڕینی گەشەدان بە تواناو لێهاتویەکانی ئەو قوتابیانە ناگەڕێتەوە تابتوانین قەرەبوی بکەینەوە.