چوارشەممە , حوزه‌یران 18 2025

خێزان لە ٢٠٢٥دا

بەیان نورى تۆفیق

کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان هه موو ساڵێک بابەتێکى خێزان دیارى دەکات بۆ کارلەسەرکردنى بۆ ئەو ساڵە تا بە درێژایی ساڵەکە کارى لەسەر بکرێت, ئامانج تیایدا هۆشیارکردنەوەی خەڵکە لە بابەتەکانی پەیوەست بە خێزان و زیادکردنی زانیاری لەسەر ئەو پرۆسە کۆمەڵایەتی و ئابووری و دیمۆگرافییانەی کە کاریگەرییان لەسە رخێزان هه یە,بێگومان بە دیدگاى خۆیان.

لە نێوان ساڵانی ٢٠٢٠ بۆ ٢٠٢٤، پێداچوونەوەیەکی شیکاریی سیاسەتەکانی خێزان و پرسە پەیوەندیدارەکان لە چوارچێوەی ڕاپۆرتە نیشتمانییە خۆبەخشییەکان (VNRs) ئەنجامدرا کە لەلایەن وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پێشکەشکرابوون وەک بەشێک لە بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام ٢٠٣٠. ئامانجى ئەم پێداچوونەوەیە هەڵسەنگاندنە تا بزانرێت تا چەند سیاسەتە خێزانییەکان لە پلانەکانی گەشەپێدانی نیشتمانیدا یەکدەخرێن.

لەسەر ئەو بنچینەیە بابەتى ئەمساڵ، ٢٠٢٥، تایبەتمەندکرا بە خێرابوونى گۆڕانکارییە ئابووری و کۆمەڵایەتی و تەکنەلۆژییەکان ، کە ئاڵانگارى ڕاستەوخۆ بۆ پێکهاتەی خێزان و ئەرکە بنەڕەتییەکانی دروست دەکە ن,لە ژێر دروشمى (ئاڕاستەکردنى سیاسەتى خێزان بەرەو بەدیهێنانى ئامانجەکانى گەشەپێدانى بەردەوام).

لە میانەى ئەو کارەدا بڕیار بۆ بەستنى لوتکەی جیهانی بۆ گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی درا کە بڕیارە لە ٤ تا ٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ لە دۆحە بەڕێوەبچێت، ئەمەش دوای سێ دەیە لە لوتکەی مێژوویی کۆپنهاگن لە ساڵی ١٩٩٥ دێت. ئامانجی لوتکەکە پێداچوونەوەیە بە پابەندبوونە نێودەوڵەتییەکان بۆ دادپەروەری کۆمەڵایەتی و فراوانکردنی بازنەی پاراستنی کۆمەڵایەتی.

ئەم بابەتە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری گشتی و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری داڕێژەرانی سیاسەت لە گرنگی خێزان وەک پێکهاتەیەکی بنەڕەتی کۆمەڵگاکان، بۆ گفتوگۆی کراوە سەبارەت بەو ئاستەنگە کۆمەڵایەتی و ئابووری و دیمۆگرافییانەی کە کاریگەرییان لەسەر سەقامگیریی خێزان هەیە,دیاریکراوە.

هه روەها تیشک دەخرێتە سەر پێویستی بەپەلەی داڕشتنەوەی سیاسەتە کۆمەڵایەتییەکان بۆ بەرزکردنەوەی خۆڕاگری و گونجانی خێزان لەگەڵ سەردەمی گۆڕاندا، لە دیجیتاڵکردنەوە تا گۆڕانی کەشوهەوا، لە ئاوارەبوونی زۆرەملێیەوە بۆ پیربوون..

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای بەهێزکردنی سیاسەتە گشتیەکان دەکات کە هاوتەریبن لەگەڵ ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام لە ساڵی ٢٠٣٠، بەتایبەتی ئامانجی یەکەم سەبارەت بە بنبڕکردنی هەژاری، ئامانجی سێیەم سەبارەت بە تەندروستی باش و خۆشگوزەرانی، ئامانجی پێنجەم سەبارەت بە یەکسانی نێوان ژن وپیاو و ئامانجی ١١ کە داوای شار و کۆمەڵگەی سەلامەت و بەردەوام دەکات.

شارەزایان هانی وڵاتانیان دا کە هەنگاوی جددى بنێن بۆ ئەوەی سیاسەتە کۆمەڵایەتییەکانیان لەگەڵ داواکاریی مۆدێرن بگونجێنن و بەو پێیەش سیستەمی پەروەردەیی و تەندروستی و ئابوورییان دابڕێژنەوە.

لە ئەنجامە سەرەکییەکانی شیکاری پێداچونەوەى سیاسەتە گشتییەکان(٢٠٢٠-٢٠٢٤) دەرکەوت کە سیاسەتەکانی خێزان ڕاستەوخۆ بەشدارن لە گەیشتن بە ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە بنبڕکردنی هەژاری (ئامانجی یەکەم)، تەندروستی باش و خۆشگوزەرانی (ئامانجی ٣)، پەروەردە بە ئاستى بەرز(ئامانجی چوارەم)، کاری شایستە و گەشەی ئابووری (ئامانجی ٨)، کەمکردنەوەی نایەکسانی (ئامانجی ١٠)، شار و کۆمەڵگا بەردەوامەکان (ئامانجی ١١)، و ئاشتی، دادپەروەری و دامەزراوە بەهێزەکان (ئامانجی ١٦).

هه روەها لە راپۆرتەکاندا دەرکەوت کە دەبێت گرنگى بدرێت بە فێربوونى کارى دیجیتاڵى خێزان بە گشتى و لاوان بە تایبەتى,هه روەها گرنگى بدرێت بە خێزانە کۆچبەرەکان و گۆڕانى کەش و هه واو شوێنى نیشتەجێبوون.لە ئاڵانگارییەکانى نیشتەجێبوون و دیمۆگرافی

ڕاپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بەو بۆنەیەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماری ترسناک ئاشکرا دەکات کە ڕەنگدانەوەی واقیعی خێزانەکانە لە سەرانسەری جیهاندا. ئاماژەی بەوەشکردووە، نزیکەی ٢%ی دانیشتوانی جیهان شوێنی حەوانەوەیان نییە، لەکاتێکدا ٢٠% لە شوێنی نیشتەجێبوونی ناپارێزراودا دەژین. ژمارەی دانیشتوانی زەبەلاح لە شارەکاندا یەک ملیار کەسی تێپەڕاندووە، کە دەکاتە نزیکەی ٢٣%ی دانیشتوانی جیهان.

هەروەها ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە گۆڕانکارییە دیمۆگرافییەکان بە خێرایی بەرەوپێش دەچن، ئەوانەی تەمەنیان لە سەرووی ٦٥ ساڵەوەیە، پێشبینی دەکرێت تا ساڵی ٢٠٣٠ نزیکەی ١٢%ی دانیشتوانی جیهان پێکبهێنن، لەکاتێکدا پێشبینی دەکرێت تێکڕای تەمەنی جیهانی تا ساڵی ٢٠٥٠ بۆ ٧٧.٢ ساڵ بەرزبێتەوە، لەکاتێکدا لە ساڵی ٢٠١٩دا ٧٢.٨ ساڵ بووە.

ئاستەنگەکانى بەردەم خێزان بە گشتى لەو راپۆرتە شیکارییەدا دیاریکران بە نموونە,هه ژارى,نایەکسانى,نەبوونى داتاى دروست لە بوارى خێزان لە هه ندێک لە وڵاتاندا.

بۆ ئامادەکارى لوتکەى دەوحە ,لە زۆر شوێن کۆنفرانس و توێژینەوەوچالاکى تر ئەنجامدراوە,لەوانە:-

لوتکەی خێزانی ئاسیا: لوتکەی خێزانی ئاسیا لە ژێر تەوەری “بەرەو سبەینێیەکی باشتر بۆ خێزانەکان: هاوبەشی، هاوکاری و کردەوە بۆ گەشەپێدانی بەردەوام” بەڕێوەچوو، کە باشترین پراکتیزەکانی سیاسەتی خێزانى لە ئاسیادا خستە ڕوو.

کۆنفرانسی دۆحە ٢٠٢٤: قەتەر میوانداری کۆنفرانسی “خێزان و ڕەوتە جیهانییە هاوچەرخەکان”ی کرد، کە ئەنجامه کەى “بانگەوازی دۆحە بۆ کردەوە” بوو کە تیشکی خستە سەر سیاسەتە خێزانییەکان لە وەڵامی ڕەوتە جیهانییەکان.

سەنتەری ئاشتەوایی خێزان و کار: سەنتەری ئاشتەوایی خێزان و کار لە زانکۆی ئوسترالیا سیاسەتەکانی هاوسەنگی ژیانی کار و ژیان لە کەرتی تایبەتدا بەرەوپێش دەبات، بە بڵاوکردنەوەی ڕێنماییەکان بۆ پراکتیزە باشەکان لە ئەمریکای لاتین.
پێشنیارەکانی ناو راپۆرتەکە بۆ داهاتوو:-

بەهێزکردنی سیاسەتەکانی خێزان: پێویستە وڵاتان ئەو سیاسەتانە بەهێز بکەن کە پشتگیری خێزانەکان دەکەن لە بەرامبەر ئاستەنگە کۆمەڵایەتی و ئابووری و ژینگەییەکان.

باشترکردنی کۆکردنەوەی زانیاری: دەبێت سیستەمەکانى کۆکردنەوەی زانیاری وردی ماڵەکان پەرەپێبدرێت بۆ ڕێنماییکردنی سیاسەتەکان بە شێوەیەکی کاریگەرتر.

هاندانی هاوبەشی: پێویستە هاوکاری نێوان حکومەتەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی و کەرتی تایبەت بەهێز بکرێت بۆ پەرەپێدان و جێبەجێکردنی سیاسەتی خێزانیی گشتگیر.

لە ئێستادا لە عێراق دەستکراوە بە ئامادەکردنى راپۆرتى گەشەپێدان کە دەبێت لە مانگى تەموزدا لە نەتەوە یەکگرتوەکان پێشکەش بکرێت,لە ناوراپۆرتەکەدا ئاماژە دە درێت بە سیاساتى داهاتوى عێراق بۆ خێزان,کە بەشێکى تایبەتە بە کوردستان.

Check Also

ئاگاداری رۆژی عه‌ره‌فه‌ بن..

ئا: چیا حەمە عەلی ڕۆژی عەرەفە نۆیەمین ڕۆژی مانگی ذي الحجة یە، بە گەورەترین و …

2 کۆمێنت

  1. Pingback: rybelsus price

  2. Pingback: clomid 50mg for male