د. گوڵاڵە تاهیر
شیزۆفرینیا نەخۆشییەکی عقڵی یە، کەسی توشبوو توانا مەعریفی و کردەییەکانی بەرەو دواوە دەچێت، ڕەفتاری کۆمەڵایەتی ناسروشتی دەنوێنێت و هیچ کات هەست بەوە ناکات کە نەخۆشە، بیروباوەڕوقەناعەتە شێواوەکانی خۆی لا دەبێت بە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر.
چەند ڕاستییەک کە پێویستە بیزانین
شیزۆفرینیا نەخۆشی یە و ١٪ ی ئەندامانی کۆمەڵگە ی مرۆڤایەتی توشی دەبن لە جیهاندا.
هەروەک چۆن جەستەی مرۆڤ توشی نەخۆشی دەبێت وقبوڵی دەکەین، بەهەمان شێوە دەرون و عەقڵی مرۆڤیش توشی نەخۆشی دەبێت و پێویستە قبوڵی بکەین
خێزان ڕۆڵی سەرەکی و گرنگی هەیە لە زوو دەسنیشانکردن، چارسەرکردن، چاودێری کردن و قبوڵکردنی نەخۆشەکەدا.
٢٠٪ ی نەخۆشەکان ئەگەر زوو چارەسەرکران و بەردەوام بوون لەسەر وەرگرتنی چارەسەرەکان، باش دەبن و دەتوانن ژیانی ئاسایی خۆیان بەڕیوە ببەن.
شیزۆفرینیا نەخۆشییەکی درێژخایەنە وەک نەخۆشی بەرزەفشاری خوین وشەکرە، کەسی توشبوو دەبێت بەرەدەوام چارەسەر وەر بگرێت و بەبێ ڕێنمایی پزیشکی دەروونی نابێت چارەسەر بوەستێنیت یان بیگۆڕێت یان کەمی بکاتەوە.
چارەسەری ئەم نەخۆشییە تەنها بە دەرمان و دەرزی تایبەت دەکرێت لەلایەن پزیشکی دەرونیەوە و، چارەسەری دەرونی (psycho therapy ) سوودی نیە.
خێزان هەرکاتێک هەستی کرد بە گۆڕانکاری لەشێوازی بیرکردنەوەو مامەڵەو هەڵسوکەوتی یەکێک لە ئەندامەکانی پێویستە بە زووترین کات سەردانی پزیشکی دەرونی پێ بکات،
ئەم نەخۆشیە بەزۆری لە تەمەنی گەنجیەوە دەست پێ دەکات و بە دوو جۆردەردەکەوێت.
جۆری یەکەم : کت وپڕ (لە ناکاو):
کەسی توشبوو پێشتر هیچ کێشەیەکی عەقڵی و دەرونی نەبووە لە ناکاوهەڵس وکەوتی دەگۆڕێت ونیشانەکانی نەخۆشیەکەی تێدا دەردەکەوێت وەک:
- دروست بوونی بیروڕاو قەناعەتی ناواقعی و گومان بردن بە چواردەور بۆ نمونە دەڵێت من لەلایەن دەزگا هەواڵگرییەکانەوە چاودێڕی دەکرێم یان فڵانە کەس ئەیەوێت ژەهرخواردم بکات.
-وڕاوەکردن (هەلوەسە) : کەسی توشبوو دەنگ دەبیستێت یان شت دەبینێت یان بۆنی شتێک دەکات کە ئەوانەی چواردەوری هەستی پێناکەن.
جۆری دووەم : شێوەی پلەبەندی
کەسی توشبوو ووردە ووردە گۆڕانکارییەکانی تێدا دروست دەبێت، لەوانەیە لەسەرەتادا هەندێک گومانی ئاسایی بۆ دروست ببێت، هەندێک رەفتاری جیاوازی هەبێت و هەستی بێزاری و هەندێک نیشانەی دڵتەنگی و بێتاقەتی هەبێت، پاشان کەمتەرخەم دەبێت لە جێ بەجێکردنی ئەرکەکانی دا، ئەگەر قوتابی بێت نمرەکانی کەم دەبیتەوەو وئاستی زیرەکی زۆر دادەبەزێت.
بەشێوەیەکی پلەبەندی نیشانەکانی جۆری یەکەمیش دروست دەبن
زۆر گرنگە کەسی توش بوو لەلایەن خێزانەکەیەوە پاڵپشتی بکرێت و چاودێری بکرێت وئاگاداری بن کە چارەسەرەکانی بە ڕێک و پێکی ولەکاتی خۆی دا وەربگرێت، چونکە یەکێک لە کيشە سەرەکیەکانی نەخۆشەکان ئەوەیە کە کەمێک باش دەبن یان خۆیان واز لە چارەسەر دەهێنن یان لەلایەن خێزانەکانیانەوە چارەسەرەکانیان لێدەگرنەوە و وادەزانن ئیتر چاک بوون و پێویستیان بە چارەسەر نیە ، ئەمەش بۆچوونێکی هەڵەیە