هه‌ینی , نیسان 25 2025

بۆچى دەبێت کتێب بخوێنینەوە؟! هونەری کتێب خوێندنەوە

موسعەب ئەدهەم
کتێب تەنها پەرجوویەکە دەتوانرێت ببینرێت.
‌ د. عەلی شەریعەتی

لەمەڕ گرنگی کتێب و خوێندنەوە گەلێک بۆچوون و نیگای جیاواز و زۆر بوونیان هەیە، هەر لە ئایینەوە تاکو دەگاتە فیکر و فەلسەفە و کۆی ئەزموونی مرۆڤایەتیی، بێهۆ نییە، خودای گەورە لە ڕێگەی ووشە و کتێبەوە قسە لەگەڵ مرۆڤەکان دەکات، ئیدی نووسراو بێت یان بیستراو و بینراو.
لێرەدا و بەکورتی ئەم گرنگییە لە دیدگای دوونووسەری دیارەوە دەخەینەپێشچاو.
لەدیدی چکۆلانەی بەندەوە کتێب و خوێندنەوە ئەم جێکەوتانەیان هەیە.
یەکەم؛ هەر کەسێک بۆخۆی جیهانێکی سەربەخۆ و مەزنە و جیهانی هەریەکەمان لەوی ترمان جیاوازە، کتێب و خوێندنەوە زیاتر دونیای ناوەوەمان ئاوەدانتر و ڕووناکتر دەکەنەوە و خۆمان باشتر بەخۆمان دەناسێنن.
دووەم؛ برەودان و گەشەکردن بە دیوی دەروونی و هزری وزەینی هەریەکەمان و بەمەش خۆراکی هزر و ڕۆحمانن..
هەڵبەتە کتێب هەروەکو خۆراکەکانن، هەم باش و هەمیش خراپ، بەڵام دواجار مرۆڤ دەبێت خۆی سەیری خۆراکی خۆی بکات و هەروەک چۆن بۆ گەورەبوونی جەستە و گەشەی هەوڵدەدات و باشترین هەڵدەبژێرێت، کتێب و خوێندنەوەش گرنگە بەو پێوەرە و پێودانگە بێت.

کتێب و خوێندنەوە چیمان بۆ دەکەن؟

  1. بۆ سەرگەرمی و چێژوەرگرتن، لەبەرئەوە یەکێک لە نیاز و پێداویستییە قوڵە هزری و دەروونیەکانمان، دیارە هەست بەچێژ دەکەین.

2.کاتێک کتێب دەخوێنینەوە، لە بۆچوون و ڕوانینی ئەوانیتر بەئاگا دەبین، کە بۆچوونیان لەسەر بابەت و چەمکەکان، ئیدی چ پێیان ڕازی بین و لەگەڵیاندا بین، یاخود پێیان ڕازی نەبین و لەگەڵیاندا بین.
بۆمان دەردەکەوێت، لەمەڕ هەربابەتێک بۆچوون و ڕوانگەی زۆر و جیاوازمان هەیە، نەک تەنها یەک بۆچوون و ڕوانین.
بەڕێگاجۆراو جۆر یەک چارەی بابەتێک دەکەین.

3.مرۆڤ بە کتێب خوێندنەوە تێدەگات کە وەڵامێکی قووڵی ئەو سێ پرسیارە گەورەیە بداتەوە، هیچ مرۆڤێک ناتوانێت لێیان ڕابکات، ئەوانیش؛
یەکەم؛ من کێم، یان چیم؟
دووەم؛ من لەکوێ ژیان بەسەردەبەم؟
سێیەم؛ دەبێت چی بکەم؟

  1. کتێبە باشەکان، بەرزە فڕى مرۆڤ دەجوڵێنن. ژیانى مرۆڤ بە خوێندنەوەى کتێب دەوڵەمەند دەبێت.

5- ئێمە بە خوێندنەوەى کتێبە باشەکان، لە پەنهانترین و شاراوەترین لایەنى کەسایەتى مرۆییمان بە هۆى هەستى نزیکییەوە، بە فەرهەنگێک دەگەین. خوێندنەوە هەر بەو جۆرەى کە ئارەزوو، شەوق و تاسە و هەستەکان، ڕەفتارەکانمان دیارى دەکەن، خوێندنەوە دەروونناسیمان دەوڵەمەند دەکات.

  1. ئەدەبیات باشترین چەکە لە بەرامبەر دەمارگیریدا. بە بۆچوونى من کتێبە باشەکان، باشترین بەرگرین لە بەرامبەر بیروباوەڕە لادەرانەکانى خەڵکى، زمانەکان، باوەڕەکان و دابونەریتە جیاوازەکان.

7.خوێندنەوە باشترین جۆرى سەرگەرمى و مژۆڵییە.

8- خوێندنەوە دامەزراوەى پەروەردەکرنى مرۆڤە ئازادەکانە.

9- خوێندنەوە کتێبە باشەکان، مرۆڤ گەلى باشترمان لێ دروست دەکات، خوێندنەوە بە دڵنیاییەوە چێژێکى سەرو ئاساییە. بەڵام لە هەمانکاتدا باشترین ڕێگە بۆ باشتربوون. خوێندنەوە ڕێگەیەکە بۆ ئامادەبوونى زیاتر لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو قەیرانانەى بە درێژایى تەمەنمان ئامادەییان هەیە.

  • تێبینی؛
    ئەم نووسینە وەرگێڕان و کورتکرنەوەی بۆچوونی ئەم دوو نووسەرەیە
    (ماریۆ بارگاس یوسا) نووسەر و وەرگری خەڵاتی نۆبڵ.
    (موستەفا مەلەکیان) نووسەر و فەیلەسوف.
  • بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی (کتێب)ەوە.

Check Also

بەرامەی ڕەمەزان

ڕۆشنا ساڵح بامۆکیبەرامەی ڕەمەزان و دینداری كاتیدەبێت، چۆن ئیدی یەقینمان بۆ دروستبووبێت كە ڕەمەزان بەتەنها …