سێشەممە , ئازار 4 2025

خێزانەکان و چۆنێتی پێشوازی لە مانگی ڕەمەزان

نوسینی: بەهار عبدالرحمن محمد
مانگی ڕەمەزان مانگی ڕەحمەت و لێبوردن و عیبادەتە و دەرفەتێکە بۆ پتەوکردنی پەیوەندی خێزانی و ڕێکخستنی ژیان و بەکارهێنانی کات لە خێر و پەرستشەکاندا، بۆ ئەوەی پێشوازییەکی گونجاو بکرێت پێویستە لە ڕووی ڕۆحی و دەروونی و دارایی و کۆمەڵایەتییەوە ئامادەکاری بۆ بکرێت بەم شێوازە:-
یەکەم: ئامادەکاری ڕۆحی
ئامادەکاری ڕۆحی بە یەکێک لە گرنگترین کارەکان دادەنرێت کە خێزانەکان لە ڕەمەزاندا ئەنجامی بدەن، بۆ ئەوەی مانگەکە پڕ بێت لە خێرو عیبادەت بە:
١-پتەوکردنی پەیوەندی لەگەڵ خودا لەڕێی:
-قورئان خوێندنی ڕۆژانە تەنانەت ئەگەر چەند ئایەتێکیش بێت، بۆ ئەوەی ڕەمەزان دەرفەتێک بێت بۆ خەتمکردنی قورئان.
-داوای لێبوردن و دوعاکردن کە خودا یارمەتی بدات بۆ بەڕۆژووبوون و نوێژکردن و بەردەوامی نیعمەتەکانی.
٢-ڕاهێنان لەسەر ئەنجامدانی پەرستشەکان لەڕێی:
-ڕاهێنانی منداڵان بە ڕۆژووگرتنی وردە وردە و فێرکردنی بەهاکانی ڕەمەزان بە شێوەیەکی ئاسان وەک ڕێگەخۆشکردن بۆ ئەنجامدانی ئەم پەرستشسە مەزنە.
-ڕاهێنانی ئەندامانی خێزان لەسەر ئەنجامدانی نوێژی بەیانی و نوێژەکان بە جەماعەت، بۆ ئەوەی لە ڕەمەزان و دواتریشدا ببێتە خوو.
٣-داڕشتنی پلانی پەرستشەکان لەڕێی:
-دیاریکردنی کاتەکانی زیکر و دوعاکان و قورئان خوێندن.

  • تەرخانکردنی کاتێکی دیاریکراو بۆ ئامادەبوون لە وانە ئاینییەکان و ئامۆژگارییە ئاینیی و خێزانییەکان، جا چ لە مزگەوت بێت یان بە شێوەی ئۆنلاین یان لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن.
    دووەم: ئامادەکاری دەروونی و خێزانی
    ١-دروستکردنی کەشی ڕەمەزان لە ماڵەوە لەڕێی:
    -هەڵواسینی دیکۆراتی ڕەمەزان، وەکو فانووس و هیلال، بۆ بەرزکردنەوەی هەستی هاتنی مانگی پیرۆزو پڕ خێر.
    -گۆشەیەک بۆ نوێژ و قورئان خوێندن تەرخان بکە، کە بۆ منداڵان و گەورەکان گونجاوە.
    -گوێ بیستی موناجاتی ڕەمەزان و پاڕانەوە بۆ دروستکردنی کەشێکی ئارامی ئیمانی.
    ٢-ڕێککەوتن لەسەر داب و نەریتی ڕەمەزانی خێزانی وەک:
  • تەرخانکردنی کاتێکی دیاریکراو بۆ ئەوەی خێزانەکە شەوانە کۆببنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بابەتێکی ئایینی یان خوێندنی قورئان.
    -کەمکردنەوەی بەکارهێنانی مۆبایل و تەلەفزیۆن، ڕێککەوتن لەسەر بەرنامە بەسوودەکان بۆ ئەوەی لە ماوەی مانگەکەدا پەیڕەوی لێبکەن.
    -دانانی تەحەددیاتی ڕەمەزان لەناو خێزاندا، وەک ئەوەی کێ یەکەمجار قورئان تەواو دەکات، و کێ پابەندە بە زیکرو نوێژە سوننەتەکان، ئەمەش هانی هەمووان دەدات سوود لە ڕەمەزان وەربگرن.
    ٣-فێرکاری منداڵان دەربارەی ڕەمەزان لەڕێی:
    -خوێندنەوەی چیرۆکی ڕەمەزان بۆ منداڵان بۆ ئەوەی هۆشیارییان لە گرنگی ڕۆژوو و نوێژ و چاکەکاری زیاتر بێت.
    -هاندانی بەڕۆژووبوونی وردە وردە، وەک بەڕۆژووبوون بۆ ماوەی نیو ڕۆژ یان بەڕۆژووبوون تا نیوەڕۆ و پاشان پاش نیوەڕۆ.
    -دابینکردنی پاداشتی هاندان بۆ بەڕۆژووبوون و قورئان خوێندن، بۆ ئەوەی هەست بە دڵخۆشی وسەرکەوتن بکەن.
    –هاندانی منداڵان بۆ بەشداریکردن لە کارە خێرخوازییەکان، وەک دابەشکردنی خورما و شیرینی و ئاو لە مزگەوتەکاندا.
    سێیەم: ئامادەکاری و ڕێکخستنی دارایی
    ١-پلاندانان بۆ ژەمەکانی ڕەمەزان
    -ئامادەکردنی خشتەی هەفتانە بۆ خواردنەکان بەمەبەستی ڕێکخستن و گەڕانەوەی کات لە کەمکردنەوەی کێشەی سەرقاڵی بە چێشت لێنان لە ڕۆژدا.
    -گرنگیدان بە ژەمە تەندروست و هاوسەنگەکان بۆ دەستەبەرکردنی وزەی پێویست و تەندروستییەکی باش.
    ٢-ڕێکخستنی بودجە و خەرجییەکان
    -کەمکردنەوەی خەرجییەکان لە بابەتی کەمالیات بە مەبەستی تەرخانکردنی بۆ خێر و بەخشینەکان و زەکاتی فیتر.
    -کڕینی پێداویستیەکانی ڕەمەزان لە کاتی خۆیدا پێش دروستبوونی قەرەباڵغی و گرانی نرخ.
    -تەرخانکردنی بودجەیەکی دیاریکراو بۆ بەخشین و ئەنجامدانی ئیفطاری بە کۆمەڵ.
    -دوورکەوتنەوە لە سەرقاڵی زۆر و ڕێکخستنی ماڵ لەسەر حیسابی زیکرو پەرستشەکان.
    چوارەم: ئامادەکاری کۆمەڵایەتی
    ١-بەهێزکردنی پەیوەندی خێزانی و سیلەی ڕەحم.
    -ڕێکخستنی سەردانی خێزانی و پەیوەندی تەلەفۆنی بۆ پتەوکردنی پەیوەندی کۆمەڵایەتی.
    -ئەنجامدانی ئیفطار لەگەڵ خزم یان هاوڕێیان بۆ زیادکردنی خۆشەویستی.
    -ئامادەکردنی دیاری سادەی ڕەمەزان بۆ خێزان و دراوسێ، وەک خورما، گوێز، ناوساجی…
    ٢-پلاندانان بۆ کارە خێرخوازیەکان
    -بەپێیی توانا ئامادەکردنی سەبەتەی ڕەمەزان کە خۆراکی سەرەکی تێدایە و دابەشکردنی بەسەر ئەو کەسانەی کە پێویستیان پێیەتی.
    -بەخشینی پارە یان خواردن بۆ مزگەوتەکان و کارە خێرخوازییەکان.
    ٣-بەڕێوەبردنی کات بە ژیرانە
    -کەمکردنەوەی چالاکییە ناپێویستەکان و گرنگیدان بە عیبادەت و کردەوەی چاکە.
    -دابەشکردنی ئەرکەکان لە نێوان ئەندامانی خێزان بۆ ئەوەی تەواوی بارگرانییەکە نەکەوێتە سەر کابانی ماڵ بە تەنها.
    -تەرخانکردنی کات بۆ پشوودان و خەوێکی گونجاو بۆ ئەوەی ماندوێتی کاریگەری نەبێت لەسەر ئەنجامدانی عیبادەتەکان.
    لە کۆتاییدا دەخوازێت هەمووان بە ڕۆحێکی نوێ بەخێرهاتنی ئەم مانگە پیرۆزە بکەین، چونکە ڕەمەزان دەرفەتێکی زێڕینە بۆ گۆڕینی خووی خراپ و بەرەوپێشبردنی خووی ئەرێنی، ئەگەر خێزانەکان بەباشی ئامادەکاری بۆ بکەن، ئەوا هەست بە ڕۆحانییەتی مانگەکە دەکەن و زۆرترین سوودی لێ وەردەگرن، ئەم مانگە بکەین بە سەرەتایەکی نوێ بۆ گوێڕایەڵی و نزیکبوونەوە لە خودا و گەیشتن بە تەبایی خێزان.

Check Also

حەسەن بەننا

محمد صلاح ناوی تەواوی بە عەرەبی (حسن أحمد عبدالرحمن محمد البنا الساعاتی) لە ١٤ی تشرینی …